بڕی پێنج ترلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت؛ وەزارەتی دارایی داهاتی حەوت ساڵی باج‌و چاکسازییەکانی بڵاودەکاتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2067 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت‌و خستنەڕوی کارو چالاکییەکانی، وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێم، بەشی دوەمی داتاو زانیارییەکانی تایبەت بەداهاتی باج‌و خانوبەرەی میری لەسەر ئاستی وەزارەت‌و پارێزگاکان بۆ ڕای گشتیی بڵاوکردەوە.


به‌گوێره‌ى ئەو ئامارو داتایانەی کە لەلایەن دارایی هه‌رێمه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، کۆی گشتیی داهاتی باج‌و خانوبەرەی میری لەهەرێمی کوردستان لەساڵی 2019 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، بڕی (5 ترلیۆن‌و 415 ملیارو 30 ملیۆن دینار) بوە.

وەزارەته‌كه‌ ئاماژەی بەوەشکردوە، لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردودا، بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، دەسەڵاتی دادوەری، داواکاری گشتیی‌و لایەنەکانی بازرگانی‌و وەبەرهێنان، چەندین چاکسازی گرنگیان لەبوارە کارگێڕی، دارایی، یاسایی‌و تەکنیکییەکاندا ئەنجامداوە.

ئەم بڵاوکراوەیە دوای بەشی یەکەمی پەرتووکی چالاکییەکانی وەزارەت دێت، کە تایبەتبوو بەبودجەی گشتیی عێراق، پشکی هەرێم، میلاکی موچەخۆران‌و خەرجییە گشتییەکان. 

وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاندوە، بەئامانجی ڕێکخستنەوەی باج، ڕێگریکردن لەخۆدزینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان‌و پێداچونەوە بەقەرزەکاندا، چەند هەنگاوێکی سەرەکی نراون کە دیارترینیان بریتین له‌بەدیجیتاڵکردن‌و بەسیستەمکردنی تەواوی پرۆسەی باج‌و خانوبەرەی میری بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی، ڕێکخستنەوەی وەرگرتنی باجی هاوردەو هەناردە لەخاڵە سنوریی‌و دەروازەکاندا، پۆلێنکردن‌و ڕێکخستنی ژمارەی کۆمپانیا گەورەکانی باجدەر لەسەر ئاستی پارێزگاکان، پێداچونەوەو هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێخۆشبون لەباجی زەوی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، کەمکردنەوەی زیادەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری، سەرژمێریکردنیان‌و ڕێکخستنی بەکرێدان‌و فرۆشتنیان لەژێر ڕۆشنایی یاسادا له‌گه‌ڵ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی تیانوسی بازرگانی بۆ باجی دەرامەت‌و دانانی پەیڕەوی ئەنجومەنی پیشەی وردبینی‌و ژمێریاریی.

وەزارەتی دارایی لەکۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا دوو تێبینی خستوەتەڕوو؛ یەکەمیان، بەهۆی ئەوەی شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانەو زۆرترین جوڵەی بازرگانی‌و کۆمپانیای گەورەی تێدایە، زۆرترین ڕێژەی داهاتی باجی تێدا تۆمارکراوە بەراورد بەپارێزگاکانی دیکە، دوەمیش، جەختکراوەتەوە کە تەواوی باجی هاوردەو هەناردە تەنها لەخاڵە سنوریی‌و دەروازەکانەوە کۆدەکرێتەوە.

بەپەلە