وەزیری دارایی عێراق وەڵامی ئاوات شێخ جەناب دەداتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 18694 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەبەغدایە، شاندەکە دەیەوێت بەغدا ڕازی بکات بە کەمکردنەوەی 120 ملیار دیناری مانگانەی داهاتی ناوخۆ.

شاندەکەی هەرێمی کوردستان ئاوات شێخ جەناب سەرۆکایەتی دەکات و ئومێد سەباح و ئامانج ڕەحیم ئەندامن تیایدا، ئامانجی سەردانەکەیان مووچەی مانگی شەش و کەمکردنەوەی پارەی مانگانەی داهاتی ناوخۆیە کە هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدای دەکات، وەک سەرچاوەیەکی ئاگادار بە شارپرێس-ی وت: شاندەکە دەیەوێت بەغدا ڕازیبکات بەوەی نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەربگرێت نەک 120 ملیار دیناری جێگیر.

هاوکات وەک سەرچاوەکەی شارپرێس وتی: شاندەکە دەیانەوێت بزانن لێبڕینی 120 ملیار دینار لە پارەی مووچە بووەتە بڕیار، یاخود تەنیا دەنگۆ و قسەی پەرلەمانتارانە.

سیستمی ئەسیکۆدا و جێبەجێکردنەکە لەهەرێمی کوردستان خاڵێکی دیکەی گفتوگۆکانە و شاندی حکومەتی هەرێم دەیەوێت داهاتی دەروازە سنورییەکان لەدەستی هەرێمدا کۆبکرێتەوە و دواتر بڕی ڕێککەوتن لەسەر کراو ڕادەستی بەغدا بکرێت، نەک بە پێچەوانەوە. سەرچاوەکەی شارپرێس جەختی لەوەشکردەوە، ئەمڕۆ وەزیری دارایی وەڵامی شاندەکەی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو پرسانە دەداتەوە.