پاكستان هێرشیكرده‌سه‌ر ئه‌فغانستان‌و قوربانییه‌كى زۆر هه‌یه‌

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1237 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بارودۆخی سەر سنورەکانی نێوان ئەفغانستان‌و پاکستان گەیشتە قۆناغێکی ئێجگار مەترسیدار، دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان چەندین ناوچەی نیشتەجێبونیان لەڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بۆردومانکرد، ئەم هێرشە ئاسمانییانە، کە لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر" ئەنجامدران، بونە هۆی کەوتنەوەی دەیان قوربانیی لەهاوڵاتیانی بێتاوان‌و ناکۆکییە مێژوییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندە لوتکەی تەقینەوە.


زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لەئەفغانستان، بەتوڕەییەکی زۆرەوە سەرکۆنەی هێرشه‌كانى کردو ڕایگەیاند، بۆردومانەکان ویلایەتەکانی (پەکتیکا، پەکتیاو کۆنار)یان کردوەتە ئامانج‌و زۆربەی قوربانییەکانیش ژن‌و منداڵن‌و ئەوکارەی پاکستانی بە"کردەوەیەکی ترسنۆکانەو دەستدرێژییەکی ئاشکرا" بۆسەر سەروەریی خاکی ئەفغانستان ناوبرد،

لەلایەکی دیكه‌وه‌، دەسەڵاتدارانی پاکستان نکوڵی لەوە دەکەن کە خەڵکی سڤیلیان کردبێتە ئامانج، سوپای پاکستان له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕایگەیاندوه‌، هێرشە ئاسمانییەکان دوای ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی‌و وردی زەمینی هاتون لەسەر هێڵی سنوریی.

به‌گوێره‌ى وتەی سوپاى پاكستان، ئامانجی هێرشەکە حەشارگەو مۆڵگەکانی چەکدارانی یاخیبوو بوەو تێیدا 29 چەکدار کوژراون.

ئەم جوڵەیەی پاکستان وەک کاردانەوەیەک دێت بۆسەر ئەو هێرشە خۆکوژییەی کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئیسلام ئابادی کردە ئامانج.

ئەم پێکدادانە نوێیە نیشانەی قوڵبونەوەی ئەو قەیرانە دیپلۆماسی‌و سەربازییە توندەیە کە چەند مانگێکە لەنێوان کابوڵ‌و ئیسلام ئاباددا سەریهەڵداوە، چاودێرانیش هۆشداریدەدەن کە بەردەوامبونی ئەمجۆرە هێرشانەو کەوتنی قوربانی سڤیل، ناوچەکە بەرەو شەڕێکی کراوەو نەخوازراو دەبات، کە تێیدا تەنها خەڵکی بێدەسەڵاتی سەر سنورەکان باجەکەی دەدەن.