شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی "سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان" (CSIS) لە واشنتۆن، سەرباری ئەوگورزە سەربازییە یەکبەدوایەکەکانەی لەماوەی ڕابردودا لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە ئاراستەی دامەزراوە سەربازیی و ژێرخانەکانی ئێران کران، هێشتا دیاریکردنی قەبارەی تەواوی ئەو زیانانەی بەر توانای بەرگری ئەو وڵاتەکەوتون بە تەواوی ڕوون نییە.
راپۆرتەکە کە ڕۆژنامەی "لۆفیگارۆ"ی فەرەنسی بڵاویکراوەتەوە، باسی لەوەکردووە کە تاران ئەگەر گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکەیدا ڕونەدات، دەستبەجێ سوود لە ئاگربەست و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ ئەمریکا وەردەگرێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی توانا سەربازییەکانی.
ڕاپۆرتەکە هەروەک ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەچەکدارەکانی ئێران ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی بەرچاو بوونەتەوە؛ بەجۆرێک بەشێکی زۆریکەشتیگەلی دەریایی نەریتییان لەناوچووەو بنکە دەریاییەکان، سەنتەرەکانی فەرماندەیی، و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
هاوکات کارگەکانی دروستکردنی موشەکی بالیستیو کرۆز و سەکۆکانی هەڵدانیان کراونەتە ئامانج، هەرچەندە هەڵسەنگاندنی زیانی کۆگا و بنکە کۆنکرێتییەکانی ژێر زەوی هێشتا ئاڵۆزە.
لەبەشێکی تردا باس لەوەکراوە؛ ئێران لە قۆناغییەکەمدا کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی پیشەسازیی سەربازی وەک بەندەر و کارگەکانی چەک دەکات، پاشان سەرنج دەخاتە سەر دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستیی کەتێچوویان کەمترە و لە شەڕە کلاسیکییەکانداکاریگەرترن.
شارەزایان پێیان وایە بەرهەمهێنانی درۆنپێویستی بە پیشەسازیی قورس نییە و خێراتردەستپێدەکاتەوە، بەڵام تاران هێشتا پێویستی بەهاوردەکردنی بزوێنەر و پارچەی ئەلیکترۆنی هەیە.
لەکۆتاییدا دەڵێت: سزاکانی ڕۆژاوا وەک گەورەترین بەربەست لەبەردەم پڕچەککردنەوەی ئێراندا دەمێننەوە، بەتایبەت ئەو کۆتوبەندە توندانەی لەسەرکەرەستەی خاوەن بەکارهێنانی دووانی سەپێندراون، بۆیە پێشبینی دەکرێت تاران لەماوەی مامناوەنددا بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پشت بە چین ببەستێت و هێڵە نوێیەکانی وەک وڵاتانی دەریای قەزوین و پاکستان بەکاربهێنێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر گەرووی هورمز، لەپاڵ بەردەوامبوونی لەسەربەکارهێنانی تۆڕە نایاساییەکانی بازرگانیکردن.