ئیسرائیل دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەلایەن تورکیاوە دەنێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 226 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:
 لە وەرچەرخانێکی مێژوویی و دیپلۆماسییدا، ئیسرائیل بەرەو دانپێدانی فەرمیی بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە هەنگاو دەنێت، ئەمەش دوای چەندین دەیە لە پارێزگاریی توند و خۆدوورخستنەوە لەم بابەتە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئازەربایجان.

لەوبارەیەوە گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاندووە کە داننان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژوییە، ئەمەش بەلای چاودێرانەوە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل نیشان دەدات و پەیامێکی سیاسیی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ئەنقەرە دەکات، بەوپێیەی ئەم پرسە یەکێکە لە هەستیارترین دۆسیەکان لای دیپلۆماسیەتی تورکیا.

ساعر لە نێوخۆی ئیسرائیلدا جەخت لەسەر ڕەهەندی ئەخلاقیی بابەتەکە دەکاتەوە و پێی وایە دانپێدانان بە کۆمەڵکوژیی ساڵی 1915 ئەركێکی مێژووییە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ لە ئابی 2025دا کە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی کەسیی دانی پێدانابوو، بەڵام ئێستا هەوڵەکە بۆ گۆڕینی ئەو هەڵوێستە تاکەکەسییەیە بۆ بڕیارێکی فەرمیی دەوڵەت.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکی هەستیاردا دێت؛ بەوپێیەی لە دوای ڕووداوەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب تێکچوون، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا چەندین جار ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار کرد، لەپاڵ ناکۆکییە قووڵەکانیان لەسەر دۆسیەی سوریا. 

سەرەڕای ئەوەش، پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە قەیرانێکی نوێ لەگەڵ تورکیادا دروست بکات کە بە توندی زاراوەی جینۆساید ڕەت دەکاتەوە، هەروەها ڕەنگە کار بکاتە سەر پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئازەربایجان کە هاوبەشێکی سەرەکییە لە بوارەکانی وزە و سەربازیدا. 

لە کۆتاییدا، دۆسیەی ئەرمەنەکان لە باسێکی مێژووییەوە بۆتە ئامرازێکی کاریگەری سیاسەتی دەرەوە، ئەمەش دەری دەخات کە ئیسرائیل ڕکابەریکردنی تورکیای خستۆتە پێش ئەو هاوسەنگییە دیپلۆماتیانەی کە چەندین دەیە پەیڕەوی دەکردن.

بەپەلە