ئایا لێکتێگەیشتنی کاتی ئێران و ئەمریکا، بۆ خۆئامادەکردنە بۆ ڕوبەڕوبونەوە گەورەکە لەساڵی داهاتودا؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 129 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای ئەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی سیاسیی و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەبینرێت، بەڵام چاودێرانی سیاسیی و سەربازیی پێیان وایە ئەو دۆخە سەربازییەی ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، ئەم ڕێککەوتنە تەنیا دەکاتە وێستگەیەکی کاتیی لە ململانێیەکی درێژخایەندا.

 
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ئەم هەنگاوە تەنیا بۆتە هۆی دواخستنی "ڕووبەڕووبوونەوە گەورەکە" بۆ ساڵی داهاتوو. لە بەرانبەردا، ناوەندەکانی بڕیار لە ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەم یاداشتنامەیە دەربڕیوە و پێیان وایە کە ئەمە ناگاتە ئاستی ڕێککەوتنێکی کۆتایی، بەڵکو تەنیا فۆرمێکی کاتییە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، لە کاتێکدا کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان بۆ خولەکانی داهاتووی دانوستاندن دواخراون.

لە توێژینەوەیەکدا کە لەلایەن "پەیمانگای بێگن-سادات بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان" بڵاوکراوەتەوە، عەقید یەدەگ، شای شەبتای، پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پێگەی هێزەوە چووەتە ناو ئەم دانوستاندنە؛ ئەمەش دوای ئەو گورزە سەربازییە توندانەی کە بەر ئێران کەوتن و بوونە هۆی لاوازکردنی تواناکانی، دواخستنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی و زیانگەیاندنی گەورە بە ئابووری و سیستمی بڕیاردانی تاران.

شای شەبتای ڕوونیشی دەکاتەوە کە یاداشتنامەکە چاکسازیی یان دەستکەوتی ئابووریی ڕاستەقینە بە تاران نابەخشێت و ئەو ئاسانکارییانەی هەن زۆر سنووردارن لە بەراورد لەگەڵ قەبارەی ئەو زیانانەی کە ئێران لە ماوەی شەڕ و گەمارۆکاندا بەری کەوتووە.

بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەم پسپۆڕە ئیسرائیلییە هۆشداری دەدات کە شێوازی گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە و ئەو نەرمی پێشاندانی ئەمریکا لە قۆناغەکانی کۆتاییدا، ڕەنگە وای لە سەرکردایەتیی ئێران کردبێت وا تێبگەن کە لە ژێر گوشاردا دەستکەوتیان لە واشنتۆن وەرگرتووە. ئەم تێڕوانینەش ڕەنگە تاران هان بدات لە دانوستاندنەکانی داهاتوودا توندتر بێت، ئەمەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خولێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە لە ساڵی 2027دا زیاتر دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، یاداشتنامەکە هیچ کام لە پرسە بنەڕەتییەکانی وەک پڕۆژەی ئەتۆمی، دۆسیەی موشەکی و درۆنەکان، و تۆڕی بریکارە هەرێمییەکانی ئێرانی یەکلا نەکردووەتەوە، بۆیە پێشنیار دەکرێت واشنتۆن ئەم قۆناغی هێوربوونەوەیە بەکاربهێنێت بۆ بنیاتنانەوەی هێزی ڕێگری، پاراستنی هێڵەکانی گەرووی هورمز، و سەپاندنی چاودێریی توند بەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمدا، لەگەڵ بەردەوامبوونی گوشارەکان لەسەر پێگەی ئێران لە لوبنان، عێراق و یەمەن.

لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب، توێژینەوەکە دەری دەخات کە ناکۆکییەکانی ئێستا شتێکی نوێ نین، بەڵکو بەشێکن لە نەریتێکی باو کە تێیدا ئەمریکا دەستکەوتە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی بەکاردێنێت.

شەبتای پێشبینی دەکات کە دۆناڵد ترەمپ ڕەنگە دوا سەرۆکی ئەمریکا بێت کە بەم شێوەیە پشتیوانی ئیسرائیل بکات، و سەرۆکەکانی داهاتوو ڕەنگە هەڵوێستیان لە نێوان بێلایەنی و نەیاریدا بێت. لەبەر ئەوە، داوا لە دروستکەرانی بڕیار لە ئیسرائیل دەکات پشتبەستنیان بە ئەمریکا کەم بکەنەوە، ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ بۆ پڕۆژە ئەمنییە درێژخایەنەکان بقۆزنەوە، و هاوپەیمانیی نوێی نێودەوڵەتیی و هەرێمی پێکبهێنن.

بەپەلە