شارپرێس:
ئەنجومەنی سوریای دیموكراتیك سەبارەت بە دۆخی گوزەران و ئابوری لە سوریاو زیادبوونی هەژاری و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك و نەبوونی خزمەتگوزاری لەڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە سوریا ئەزموون دەكرێت، تەنها دۆخێكی سەختی ئابوری نییە كە بۆ ماوەیەكی كاتی بێت و تێپەڕێت، بەڵكوو دەرئەنجامی سیاسەتی ئەو دەسەڵاتەیە كە دوورە لە چارەسەركردن. ئەمە وایكردووە سوریا بە گوێرەی بەرژەوەندییەكان و بە پەراوێزخراوی بمێنێتەوە.
مەسەدە لە راگەیەندراوەكەدا رایگەیاندووە "بەردەوامیدان بەم سیاسەت و زیهنییەتە لە بەرانبەر كۆمەڵگەدا وادەكات گەلی سوریا ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە بكەن وەك پەنابەر. كاتێك چارەسەرییەكی سیاسی بوونی نەبێت، دۆخی ئابوریش باش نابێت و چارەسەر نابێت. پێویستە دامەزراوەكان، یاسای ڕوون كە ڕێگر دەبێت لە بەردەم گەندەڵی بوونی هەبێت؛ ئەمەش بەبێ هاوكارییەكی سیاسیی پراكتیكی و مسۆگەركردنی هاوسەنگی لەناو كۆمەڵگەدا، بنیاد نانرێت".
مەسەدە بۆ چارەسەری رەوشەكە چەند خاڵێكی خستوەتەڕوو:
-بۆ هاوكاریكردنی هەموو گەلی سوریا لە ڕێكخستنی پرۆژەی سوریا، پێویستە چارەسەرێكی سیاسیی گشتی بوونی هەبێت.
-پێویستە سەرلەنوێ دامەزراوەكانی دەوڵەت دوور لە زیهنییەتی دەسەڵات و تاكناوەندی دابمەزرێندرێن.
-بۆ ئەوەی بەرهەم و خزمەتگوزارییەكی باش پێشكەش بكرێت، پێویستە ئابورییەكی دادپەروەرانە و سیاسەتێكی ئابوریی ڕوون بگیرێتە بەر.
-بۆ پاراستنی كۆمەڵگە پێویستە پلانێكی بەپەلە بۆ هەموو بەشەكانی كۆمەڵگە دابنرێت.
-پێویستە ڕێگری لە گەندەڵی بكرێت، گەندەڵی یەكێكە لە هۆكارەكانی داڕمانی ئابوری و ڕاگرتنی پێشكەوتن.
-بۆ ئەوەی لەم ڕووەوە زەحمەتییەكان نەهێڵدرێن، پێویستە چارەسەرییەكی سیاسیی گشتی و هەمیشەیی دابنرێت.
