ئێران پشتگیریی خۆی بۆ چەکداماڵینی گروپەکان لەعێراق ڕاده‌گه‌یه‌نێت‌و بەغداو تاران کار بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بەدۆلار دەکەن

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکانی ناوچەکە، تاران پشتیوانی خۆی بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان‌و سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتی عێراقدا دوپاتدەکاتەوە، هاوکات بەغداو تاران بەدوای میکانیزمی بەدیلدا دەگەڕێن بۆ ڕزگاربون لەهەژمونی دارایی دۆلاری ئەمریکی‌و پاراستنی سەقامگیریی ئابورییان.


محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لەبەغدا لەچاوپێكه‌وتنێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشکرایکرد، بۆ تێپەڕاندنی بەربەستە داراییەکان‌و گەمارۆکان، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دەرچون لەژێر هەژمونی دۆلاری ئەمریکی‌و سیستەمی بانکیی دەرەکی، ئەمەش ئاڕاستەیەکی جیهانییەو هەردوو وڵات کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی بەدیل لەئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکانیان.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکان دوپاتیانکردوەتەوە، بەهای فەرمی دینار بەرامبەر بەدۆلار بەجێگیری دەمێنێتەوەو کار بۆ بەرزکردنەوەی هێزی کڕینی دراوی نیشتمانی دەکرێت لەڕێگەی گرتنەبەری چاکسازییە ئابورییەکانەوە نەک بڕیاری کارگێڕی خێرا، لەم چوارچێوەیەشدا، باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەپێشکەوتنی گەورەکرد لەپڕۆژەی دروستکردنی ناوچە پیشەسازییە هاوبەشەکان لەسەر سنوری نێوان هەردوو وڵات کە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کارو بوژانەوەی ئابوریی ناوچەکە.

لەڕوی ئەمنییەوە، به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى ئێران له‌عێراق تیشکیخستەسەر سەرکەوتنی ڕێککەوتنامەی ئەمنی نێوان بەغداو تاران، کە تێیدا عێراق توانیویەتی چەک لەگروپە چەکدارەکانی سەر سنور دابماڵێت‌و هێزە فەرمییەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لەو ناوچانەدا جێگیربکات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی سەروەری عێراق‌و سەقامگیریی دراوسێیەتی سەیر دەکرێت.

ئال سادق، لەو چاوپێكه‌وتنه‌دا، ڕێزگرتنی خۆی بۆ سەروەریی عێراق‌و بۆ هەر بڕیارێک کە حکومەت سەبارەت بەسنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دەیدات، ئه‌و وتى، "ئێمە ڕێز لەبڕیارەکەی حکومەت دەگرین سەبارەت بەسنوردارکردنی چەک‌و بەپرسێکی عێراقی دەزانین".

به‌بڕواى چاودێرانى سیاسیى، تاران لەڕێگەی ئەم هەڵوێستەوە دەیەوێت ئەو گومان‌و تۆمەتانە بڕەوێنێتەوە کە باس لەوەدەکەن، ئێران پشتگیریی لەڕەوتی چەکداریی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەکات‌و دەیەوێت واى پیشان بدات کە ئه‌و ته‌نها مامەڵەى لەگەڵ حکومەتی فەرمیدایە.

بەپەلە