شێوازەکانی کۆنترۆڵکردنی ڕای گشتی و شۆردنەوەی مێشک

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 724 جار خوێندراوه‌ته‌وه

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (لاقەکردنى عەقڵ)

بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
کۆنتڕۆڵکردنی ڕای گشتی و ئاراستەکردنی ڕەفتاری بەکۆمەڵ لە مێژە یەکێک بووە لە ئامرازە گرنگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و میدیایی. هەرچەندە زۆر کەس پێیان وایە زاڵبوون بەسەر مرۆڤدا تەنها لە ڕێگەی هێزی جەستەیی، زیندانیکردن، یان توندوتیژیەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لێکۆڵینەوە دەروونییەکان دەریدەخەن کە کۆنترۆڵکردنی دەروون دەتوانێت زۆر وردتر و کاریگەرتر بێت لە بەکارهێنانى هێزى ڕاستەوخۆ. یوست میرلۆ، پزیشکی دەروونی هۆڵەندی-ئەمریکی لە کتێبی لاقەردنى عەقڵ دا، بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێگایانە دەکات کە دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکان و ڕێکخراوە پەڕگیرەکان بەکاریدەهێنن بۆ دروستکردنى کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتاری مرۆڤەکان.
ئەم کتێبە لە سەردەمی شەڕی سارددا نووسراوە، تەنیا باس لە لێپرسینەوەی سیاسی یان ئەشکەنجەدان ناکات؛ بەڵکو هۆشدارییەکە سەبارەت بەو میکانیزمە دەروونییانەى کە دەتوانێت سەربەخۆیی فیکری مرۆڤ لاواز بکات و ببێتە هۆی ئەوەی باوەڕ و ڕەفتارگەلێک قبوڵ بکات کە هەرگیز لە هەلومەرجێکی ئاساییدا قبوڵی نەدەکرد.

شۆردنەوەى مێشک؛ پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاو
میرێلۆ پێی وایە شۆردنەوەی مێشک ڕووداوێکی کتوپڕ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە و لە ڕێگەی فشارە دەروونییە بەردەوامەکانەوە دروست دەبێت. دروستکردنی نائەمنی، قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان، بڵاوبووکردنەوەی هەواڵی نیگەرانکەر و لاوازکردنی هەستی سەقامگیری کۆمەڵایەتی، عەقڵی مرۆڤی خستە دەخاتە حاڵەتێکی لاوازەوە.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا مرۆڤەکان بەدوای ئاماژەیەکدا دەگەڕێن کە بتوانێت هەستى ئاسایش و دڵنیایی بگەڕێنێتەوە بۆیان. هەمان ئەم پێویستییە دەروونییە کە دەتوانێت بنەمایەک بێت بۆ قبوڵکردنی گێڕانەوەی فەرمی یان پڕوپاگەندەی دەسەڵات. بە واتایەکی تر، تا دڵەڕاوکێ زیاتر بێت، مەیلی خەڵک بۆ قبوڵکردنی وەڵامی سادە و یەکلاکەرەوە زیاتر دەبێت.

مەرجدارکردن و داڕشتنەوەى ڕەفتار
یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی میرێلۆ بریتییە لە تیۆری مەرجدارکردن کە بۆ یەکەمجار لەلایەن فیزیۆلۆژیستێکی ڕووسی ئیڤان پاڤلۆڤەوە خراوەتە ڕوو. تاقیکردنەوە بەناوبانگەکەی پاڤلۆڤ دەریخست کە دەتوانرێت پەیوەندییەکی جێگیر لە نێوان هاندەر و وەڵامدانەوەیەکى دیاریکراودا دروست بکرێت.
میرلۆ باس لەوە دەکات کە دەتوانرێت سوود لەهەمان میکانیزم وەربگیرێت لە کۆمەڵگا مرۆییەکاندا. ئەگەر پەیامێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، یان کولتووری بەردەوام هەستی ترس، توڕەیی، یان هیوای لەگەڵدا بێت، بە تێپەڕبوونی کات خەڵک بەبێ شیکردنەوەی عەقڵانی کاردانەوەیان دەبێت بۆى. لەم حاڵەتەدا ڕەفتارەکان زیاتر دەرئەنجامی مەرجدارکردنن نەک بڕیاردانی هۆشیارانە.
ترس؛ کاریگەرترین ئامرازی زاڵبوون
لە ڕوانگەی میرلۆوە، ترس یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی. کاتێک کۆمەڵگایەک بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشە، شەڕ، قەیرانی ئابووری، یان نائەمنی دەبێتەوە، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە تاکەکاندا کەم دەبێتەوە.
ترسی درێژخایەن دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان زیاتر بەدوای ئاسایشدا بگەڕێن وەک لەوەی بیر لە ئازادی و مافەکانیان بکەنەوە. لە ژینگەیەکی وادا دەسەڵاتە سیاسییەکان یان میدیاییەکان دەتوانن بە پێشکەشکردنی چارەسەری سادە پشتیوانی گشتی بۆ خۆیان ڕابکێشن؛ تەنانەت ئەگەر ئەم چارەسەرانە ئازادییەکانی تاکەکەس سنووردار بکەن.
ماندوێتی دەروونی و نەهێشتنى ویست
میرێلۆ پێی وایە کەسێکی ماندوو کەمتر تواناى بەرەنگاربوونەوەى هەیە. لە توێژینەوە کلاسیکییەکاندا، بێخەوی و فشاری بەردەوام بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی بەرگری تاک. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش کەڵەکەبوونی کێشەی ڕۆژانە و نیگەرانی ئابووری و فشارە بەردەوامەکان دەتوانێت توانای شیکردنەوە و بەشداری چالاکانەی هاوڵاتیان کەم بکاتەوە.
کۆمەڵگایەک کە هەموو وزەی خۆی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان تەرخان بکات، دەرفەت و دەسەڵاتی کەمتری دەبێت بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتى گشتی، ڕەخنەگرتن لە پێکهاتەکانی دەسەڵات یان بەدواداچوون بۆ داواکارییە مەدەنییەکان.


ئەندازیاری زمان و گۆڕانی ماناکان
یەکێک لە مەترسیدارترین ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی دەروون گۆڕینی مانای وشەکانە. کاتێک چەمکەکانی وەک ئازادی، ئاسایش، دادپەروەری یان ڕاستی بە شێوەیەکی جیاواز پێناسە دەکرێن، چوارچێوەی دەروونی تاکەکانیش دەگۆڕێت.
میرێلۆ هۆشداری دەدات لەوەى کە کۆنتڕۆڵکردنی زمان پێشەکییەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە. ئەگەر وشەکان لە مانای ڕەسەنی خۆیان بەتاڵ بکرێنەوە، مرۆڤەکان بە دژواری لە واقیع تێدەگەن.
دەروونناسی حەشامات
مرۆڤەکان لەناو قەرەباڵغیدا ڕەفتارێکی جیاوازیان هەیە وەک لەوەى بە تەنها بن. میرێلۆ ڕوونی دەکاتەوە کە ڕێوڕەسمی بەکۆمەڵ، سروودی هەماهەنگ، نمایشی سیمبولى و کەشوهەوای سۆزداری دەتوانن هێزی حوکمدانی سەربەخۆ کەم بکەنەوە.
لەم جۆرە بارودۆخانەدا شوناسی تاک بەشێکی لە ناسنامەی بەکۆمەڵدا دەتوێتەوە و تاکەکان لەوانەیە بڕیارێک بدەن کە لە هەلومەرجێکی ئاساییدا هەرگیز لەگەڵیدا نین. مەرج نییە ئەمە تایبەت بێت بە حکومەتەکان، هەروەها دەتوانرێت لە بزووتنەوە سیاسییەکان، قەوارەکان، ڕیکلامی بازرگانی و تەنانەت هەندێک چالاکیی میدیایشدا ببینرێت.
تەکنەلۆژیا و فۆڕمی نوێی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە
هەرچەندە میرێلۆ پێش هاتنی ئینتەرنێت کتێبەکەی نووسیوە، بەڵام زۆرێک لە هۆشدارییەکانی دەکرێت پەیوندیدار بکرێت بە سەردەمی سۆشیال میدیاوە. ئەلگۆریتمەکانی دیجیتاڵی دەتوانن ئارەزووەکانی بەکارهێنەران دەستنیشان بکەن و ناوەڕۆکێک پیشان بدەن کە لەگەڵ حەز و خواستەکانیاندا بگونجێت.
دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە دروستبوونی فەزایەکە کە مرۆڤەکان زیاتر ڕووبەڕووی تێڕوانینگەلێکی هاوشێوەی تێڕوانینەکانی خۆیان دەبنەوە و کەمتر ڕووبەڕووی زانیاری دژ بەیەک دەبنەوە. ئەم دۆخە دەتوانێت جەمسەرگیری کۆمەڵایەتی چڕتر بکاتەوە و هێزی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی سنووردار بکات.
ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوە
میرلۆ پێی وایە یەکەم هەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆنترۆڵی دەروون ئاگایی و ئاگاداربوونە لە میکانیزمەکان، تێگەیشتنە لە شێوازەکانی پڕوپاگەندە و  شیکاری ڕەخنەگرانەی زانیارییەکانە. دواجار تا زانیارى مرۆڤ زیاتر بێت،  توانای بەرەنگاربوونەوەی زیادتر دەبێت.
ئەنجام
کتێبی لاقەکردنى عەقڵ تەنیا باس لە دەسەڵاتە ستمەکارەکان ناکات، بەڵکو لێکۆڵینەوەیەکە لە لاوازیی عەقڵی مرۆڤ بەرامبەر بە فشاری دەروونی و پڕوپاگەندە و دەستکاریکردنی زانیاری. میرێلۆ هۆشداری دەدات لەوەی ئازادی سیاسی بەبێ سەربەخۆیی فیکری بەردەوام نابێت. لە جیهانێکدا کە ڕۆژانە میدیا و تەکنەلۆژیای نوێ و کێبڕکێی سیاسی ئاڵۆزتر دەبێت، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پرسیاری سەربەخۆ لە هەموو کاتێک گرنگتر بووە.
هۆشیاری، تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی کاریگەری و پاراستنی سەربەخۆیی دەروونی، گرنگترین ئامرازەکانن کە دەتوانن مرۆڤ لە شێوازە جیاوازەکانی کۆنترۆڵکردنی بیروڕای گشتی و شۆردنەوەی مێشک بپارێزن.