دارایی عێراق لیستی موچەی مانگی شه‌شى هه‌رێمى پەسەندکردو ئه‌گه‌رى دواكه‌وتنى موچه‌ هه‌یه‌

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4056 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی عێراق بەفەرمی لیستی موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد، دوای ئەوەی لە 17ی ئەم مانگەدا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەکەو ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی ئایاری ڕادەستی بەغدا کردبوو، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌به‌غداوه‌ ده‌ڵێت، "وه‌زیرى دارایی سوره‌ له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ى، به‌ڵام به‌گوێره‌ى بیانوه‌كانى به‌رپرسانى هه‌رێم، ئه‌گه‌رى دواكه‌وتنى موچه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ كورتهێنانێكى زۆر دروستده‌بێت".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى شارپرێس له‌به‌غداوه‌ ده‌ستیكه‌وتوه‌، سەرەڕای پەسەندکردنی لیستى موچه‌ى مانگى حوزه‌یران، جێبەجێکردنی بڕگەی (مەقاسە) مەترسییەکی جیددی لەسەر کاتی دابەشکردنی موچە دروستده‌كات.

زانیارییه‌كانى شارپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى فه‌رمیه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "فالح ساری وەزیری دارایی عێراق سورە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغداو داوای بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی مانگانە دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێم باسیان له‌وه‌كردوه‌، کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆی مانگی حوزەیران هێشتا تەواونەبوەو هەفتەیەکی ماوە".

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ شارپرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "ئەم پێشهاتە ترسی کورتھێنانی دارایی لای بەرپرسانی هەرێم دروستکردوە؛ چونکە ئەگەر بەغدا ئەو 120 ملیار دینارە لەتەمویلی موچە ببڕێت، دارایی بیانوى هه‌یه‌و وتویه‌تى، ناتوانێت موچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکات".

لەئێستادا حکومەتی هەرێم لەداهاتی ناوخۆ موچەی 51 هەزار موچەخۆر (کە پێویستیان بە 43 ملیار دینارە) لەگەڵ 100 ملیار دینار خەرجی بەردەوامی فەرمانگەکان دابیندەکات، بۆیە هەر بڕینێکی زیاتر دۆخەکە قورستر دەکات، لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی فیدراڵ کردوەو بڕیارە دوای تەواوبونی ئەوان، تەمویلی هەرێم ڕەوانە بکرێت.