تەقینەوەی کێشەی لوبنان لەسویسرا؛ ئێران گەروی هورمزی داخستەوەو دانوستانەکەی لەگەڵ ئەمریکا خستە مەترسییەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا وه‌فده‌ باڵاکانی ئەمریکاو ئێران بۆ دەستپێکردنی دانوستانێکی 60 ڕۆژیی گەیشتونەتە سویسرا، ناکۆکییەکی توند لەسەر پرسی لوبنان تەواوی پڕۆسەی لێکگەیشتنەکەی خستوەتە بەردەم مەترسیی داڕمان، لەنوێترین پێشهاتیشدا، تاران وەک کاردانەوەیەک، گەروی هورمزی بەڕوی هاتوچۆی دەریاییدا داخستەوە.


باره‌گاى خاتەمولئەنبیای سەر بەهێزە چەکدارەکانی ئێران بەفەرمی داخستنی دوبارەی گەروی هورمزی ڕاگەیاند، ده‌شڵێت، "ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکە بۆ پابەندنەبونی واشنتۆن بەو بەڵێنانەی کە پێشتر ڕایگه‌یاندبوو، له‌وانه‌ش ڕانەگرتنی شەڕ لەلوبنان، ئەمریکا نەیتوانیوە ئیسرائیل ناچاربکات شەڕ لەلوبنان ڕابگرێت".

ده‌شڵێت، "واشنتۆن هیچ خشتەیەکی کاتیی دیارینەکردوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو خاکانەی لوبنان کە چونەتە ناوی، بۆیه‌ جەختده‌كه‌ینه‌وه‌، داخستنی گەروەکە تەنها هەنگاوی یەکەمەو ئەگەر ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێنەکات، هەنگاوی توندتری بەدوادادێت".

لاى خۆیه‌وه‌ ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، یاداشتی لێکگەیشتنەکە بەڕونی ئاماژە بەجێبەجێکردنی دەستبەجێی پێنج بەند دەکات پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان،ئه‌وانیش، لادانی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران‌و کردنەوەی گەروی هورمز (کە ئێستا بەهۆی سەرپێچی ئەمریکاوە داخرایەوە)، ئەمریکا پابەندی یەکەم‌و گرنگترین بەند نەبوە کە پرسی کشانەوەی ئیسرائیلە لەلوبنان، ئێمە ڕێککەوتنێکمان واژۆنەکردوە کە جێبەجێنەکرێت، پابەندبون بەم بڕیارانەش تەنها هەنگاو بەهەنگاو دەبێت، یاداشتەکە دەقێکی گشتگیرەو پێشێلکردنی هەر بەندێک، تەواوی ڕێککەوتنەکە دەخاتە ناو بنبەستەوە".

ئەم دۆخە شڵەژاوە لەکاتێکدادێت کە موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا ئەنجامداوە، لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوه‌، وه‌فدى باڵاى دانوستانکاری وڵاتەکەیان بەسەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان‌و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە گەیشتونەتە سویسرا بۆ یەکەم کۆبونەوە لەگەڵ وه‌فدى ئەمریکی، وتەبێژی دەرەوەی ئێرانیش وتویه‌تى، "کۆبونەوەی یەکەم تەنها بۆ گوێگرتن دەبێت لەوەی کە لایەنی بەرامبەر دەیەوێت چۆن پابەندی بەڵێنەکانی ببێتەوە".

بەپەلە