بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
ئەم نوسینە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران وەک یەکێک لە گرنگترین شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەکەمدا لێکدەداتەوە. بنەمای سەرەکی ئەم نوسینە ئەوەیە کە ئەم شەڕە سەرکەوتوویەکی ستراتیژی ئاشکرا نەبوو، بەڵکوو گۆڕانکارییە قووڵەکانی سروشتی هێز و ڕێکخستنەوەی ناوچەکە و جیهانی ئاشکرا کرد.
هەرچەندە ئەمریکا و ئیسرائیل توانییان لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆژییەوە سەرکەوتنی گرنگ بەدەست بهێنن، بەڵام نەیانتوانی ئامانجە سیاسییە سەرەکییەکانیان بپێکن. لە بەرامبەردا، ئێران توانی لە ڕووخانی ڕژێم ڕزگاری بێت، بەڵام بەهایەکی زۆر قورسی دا لە ڕووی ئابووری، سەربازی و سیاسییەوە.
شەڕەکە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ژیوپۆلیتیکی بوو؛ قۆناغێک کە تێیدا توانای هێزە گەورەکان بۆ سەپاندنی ڕێکخستنێکی نوێ کەم بووەتەوە، بەڵام توانای کاراکتەرە ناوچەییەکان بۆ سەپاندنی زیان و تێچوون بەسەر یەکتریدا زیادیکرد. هەروەها شەڕەکە سنووری هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، لاوازی ڕاگرتنی هاوسەنگی، و ناسەقامگیری سیستمی ئابووری جیهانی بەرامبەر گرتنی ڕێگا ستراتیژییەکان نیشان دا.
ئەنجامی سەرەکی نوسینەکە ئەوەیە کە گرنگترین دەرئەنجامی شەڕەکە نە گۆڕینی هاوسەنگی هێز بوو، بەڵکوو چەسپاندنی دۆخی بێسەرەوبەریی ڕێکخراو بوو؛ دۆخێک کە تێیدا هەموو لایەنەکان دەتوانن زیان بە یەکتر بگەیەنن، بەڵام هیچ لایەنێک ناتوانێت هەژمونی خۆی بسەپێنێت.
پێشەکی
ساڵی ٢٠٢٦ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە مەیدانی یەکێک لە ئاڵۆزترین شەڕەکانی دوای شەڕی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣. شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تەنها ململانێیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی پراکتیکی بوو بۆ چەمکەکانی هێز، هاوسەنگی هێز و ڕێکخستنی ناوچەکە لە سەدەی بیست و یەکەمدا.
هەرچەندە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بواری هەواڵگری، هێرشی ورد، شەڕی ئاسمانی و تەکنەلۆژی سەربازیدا سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێنا، بەڵام ئەنجامە سیاسی و ستراتیژییەکانی شەڕەکە وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، بەدەست نەهاتن.
ئێران نەڕووخا، پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی چارەسەر نەکرا، و سیستمێکی نوێی ئاسایشی ناوچەیی دانەمەزرا. لە هەمان کاتدا، ئێران زیانی ئابووری و سەربازییەکی گەورەی بینی، و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ڕوسیا و چینیش تووشی لێکەوتەی نەخوازراوی ستراتیژی بوون. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم نوسینە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییە بداتەوە:
ئایا دەتوانرێت شەڕی ئەمریکا–ئیسرائیل دژی ئێران وەک شەڕێک پۆلێن بکرێت کە هەموو لایەنەکان، جیاواز لە ئاستی زیانەکانیان، تێیدا دۆڕاو بوون؟
یەکەم: چوارچێوەی تیۆری – سەپاندنی تێچوون بە جێگەی سەپاندنی ڕێکخستن
تیۆرییە کلاسیکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وا دەبینن کە هێزی سەربازی دەتوانێت دوای شەڕ، سیستمێکی نوێی سیاسی و ئاسایشی بسەپێنێت. بەڵام ئەزموونەکانی ئەفغانستان، عێراق، سووریا و ئۆکرانیا نیشانیان داوە کە ئەم گریمانەیە بەردەوام لاوازتر دەبێت.
شەڕی ئێران نموونەیەکی ڕوونە بۆ ئەم گۆڕانکارییە. ئەمریکا و ئیسرائیل توانای وێرانکردنی ئامانجە سەربازی و ستراتیژییەکانیان هەبوو، بەڵام توانای گۆڕینی ژینگەی سیاسیی ئێران و ناوچەکەیان نەبوو، بۆیە دەتوانرێت چەمکێکی نوێ بناسێنرێت: سەپاندنی تێچوون بێ توانای سەپاندنی دووبارە ڕێکخستنەوە. ئەم چەمکە بە باشترین شێوە سروشتی شەڕی ئێران ڕوون دەکاتەوە.
دووەم: ئەمریکا و ئیسرائیل – سەرکەوتنی سەربازی، شکستی ستراتیژی
لە دیدی سەربازییەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین سەرکەوتنی گرنگیان بەدەست هێنا. هێرشە ئاسمانییەکان توانییان بەشێکی گرنگ لە دامەزراوە سەربازی و مووشەکییەکانی ئێران لەناو بەرن. هەروەها هەواڵگریی پێشکەوتوو و بەکارهێنانی سیستمەکانی زیرەکی دەستکرد ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە دیاریکردنی ئامانجەکان و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان.
بەڵام، شەڕەکە نیشانی دا کە سەرکەوتنی سەربازی بە تەنها ناتوانێت سەرکەوتنی ستراتیژی دروست بکات. گرنگترین ئامانجی سیاسی کە بۆ پاساوهێنانەوە شەڕەکە باس دەکرا، واتە گۆڕینی ڕەفتاری ئێران یان لاوازکردنی بنەمای دەسەڵاتی ڕژێم، نەهاتە دی.
دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران مایەوە و بگرە ئەکرێت بوترێت کە بەهێزتریش بوو. هەروەها بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە شێوەیەکی یەکجارەکی کۆتایی پێ نەهات.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا ناچار بوو ژمارەیەکی زۆر لە مووشەک و چەکی پێشکەوتوو بەکاربهێنێت، ئەمەش کاریگەریی خستە سەر ئامادەباشی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوقیانوسی ئارامدا.
هەروەها، شەڕەکە هەندێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکای نیگەران کرد لە ناوچەکە، چونکە ئەو وڵاتانە وا تێگەیشتبوون کە واشنتۆن دەتوانێت ئێران سزا بدات، بەڵام دەرکەوت کە ناتوانێت تەنانەت هاوپەیمانەکانی بپارێزێت لە لێکەوتە ئابووری و سەربازییەکانی شەڕەکە.
سێیەم: ئێران – مانەوە بە بەهایەکی قورس
هەندێک شیکەرەوە وای دەبینن کە ئێران سەرکەوتوو بوو، چونکە ڕژێم نەڕووخا و توانی بەردەوام بێت. بەڵام لێکۆڵینەوەی قووڵتر نیشانی دەدات کە ئەم مانەوەیە بە بەهایەکی زۆر گران تەواو بوو. ئابووری ئێران زیانێکی گەورەی بینی. نرخی ڕیاڵ دابەزی، ئاستی هەڵکشانی نرخەکان بەرز بووەوە و ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوە پیشەسازییەکان زیانیان بینی. هەروەها وێرانبوونی بەشێک لە ژێرخانەکانی وزە و گواستنەوە کاریگەریی درێژخایەنی هەیە لەسەر گەشەی ئابووری.
لە ڕووی سەربازییەوە، ئێران بەشێکی گرنگ لە توانای مووشەکی و بەرگریی ئاسمانی خۆی لەدەست دا. ئەگەرچی توانی وەڵام بداتەوە، بەڵام ئاستی ئەو تێچوونانە زۆر بوو.
لە ڕووی سیاسییەوە، ڕژێم زیاتر پشتی بە دامەزراوە ئەمنییەکان بەست. ئەمە دەتوانێت لە کورتخایەندا ئاسایشی دەسەڵات بپارێزێت، بەڵام لە درێژخایەندا مەترسییەکەی ئەوەیە کە سیستمکە کەمتر توانای گونجان و چاکسازی دەبێت.
چوارەم: وڵاتانی کەنداوی عەرەبی – قوربانییەکانی جوگرافیای سیاسی
وڵاتانی کەنداو لە سەرەتاوە دژی ڕوودانی ئەم شەڕە بوون، چونکە باش دەیانزانی کە هەر شەڕێکی گەورە لەگەڵ ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری و ئاسایشیان دەبێت. داخستنی تەنگەی هورمز نیشانی دا کە هێشتا جوگرافیا یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی هێز و لاوازی. زۆربەی ئابووری وڵاتانی کەنداو پشت بە ئازادی گواستنەوەی نەوت و بازرگانی دەبەستێت.
شەڕەکە وێنەی ئەو وڵاتانەی وەک دوورگەی ئارامی تێکدا. سەرمایەگوزاران و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بینییان کە ناوچەکە هێشتا دەتوانێت زۆر بە ئاسانی تێوەبگلێت لە ململانێی گەورە.
لە هەمان کاتدا، دەوڵەتەکانی کەنداو ناچار بوون پارەی زیاتر بۆ بەرگری و سیستمە مووشەکییەکان تەرخان بکەن کە لێکەوتەی پێچەوانەی هەبوو لەسەر لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان و چاکسازی .
پێنجەم: ڕوسیا – قازانجی کاتی و زیانی ستراتیژی
لە سەرەتای شەڕەکەدا، ڕوسیا سودی لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت وەرگرت. بەڵام ئەم قازانجانە کاتی بوون. شەڕەکە نیشانی دا کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی ڕوسی نەیانتوانی بە شێوەیەکی تەواو بەرگری لە دامەزراوەکانی ئێران بکەن. ئەمە کاریگەریی لەسەر ناوبانگ و فرۆشتنی چەکی ڕوسی هەیە. هەروەها موسکۆ نەیتوانی ببێتە ناوەندێکی دیپلۆماسی کاریگەر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ڕوسیا ڕۆڵی سەرەکی ببینێت، بەڵام کاریگەرییەکەی سنووردار بوو. بۆیە، ئەگەرچی ڕوسیا لە کورتخایەندا سودی ئابووری وەرگرت، بەڵام لە درێژخایەندا هێندەی تر لە هەژمونی ستراتیژی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست دا.
شەشەم: چین – هێزی ئابووری لە بەردەم تاقیکردنەوەی ژیوپۆلیتیکی
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، چین هەوڵیداوە ببێتە کاراکتەرێکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لە ڕێگەی سەرمایەگوزاری، بازرگانی و پڕۆژەی یەک پشتێنە یەک ڕێگا، بەڵام شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران سنووری ئەو هێزەی ئاشکرا کرد کە چین لە بواری سیاسی و سەربازیدا هەیەتی.
لە کورتخایەندا، پەکین سودی لەوە وەرگرت کە وەک هێزێکی ئارامتر و کەمتر هێرشبەر دەرکەوێت. هەروەها شەڕەکە سەرنجی ئەمریکای لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کەمکردەوە و هەندێک شیکەرەوە ئەوەیان بە قازانجێک بۆ چین لێکدایەوە. بەڵام لە درێژخایەندا، زیانەکان زۆرتر بوون. بەشێکی گرنگ لە سەرمایەگوزارییەکانی چین لە ئێران و ناوچەکە تووشی مەترسی بوون. هەروەها چین نەیتوانی ئێران ناچار بکات تەنگەی هورمز بکاتەوە، ئەمەش سنووری هەژمونی سیاسی پەکین نیشان دا.
لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە، شەڕەکە بۆ چین ئاگادارکەرەوەیەک بوو. چونکە ئابووری چین زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە پشت بە ئارامی بازاڕی جیهانی، ئازادی گواستنەوەی بازرگانی و ئارامی ڕێگاکانی وزە دەبەستێت. ئەگەر داخستنی تەنگەکان و بەکارهێنانی ئابووری وەک چەک ببێتە دۆخێکی ئاسایی، ئەوا چین یەکێک لە گەورەترین زیانلێکەوتووان دەبێت.
حەوتەم: گۆڕانکاری لە چەمکی بەرپەرچدانەوە
یەکێک لە گرنگترین وانەکانی ئەم شەڕە گۆڕینی تێگەیشتن بوو لە چەمکی بەرپەرچدانەوە. لە تیۆرییە کلاسیکییەکاندا، ئەو دەوڵەتەی هێزی سەربازی زۆرتری هەیە دەتوانێت دوژمنەکەی لە هێرشکردن ڕابگرێت. بەڵام شەڕی ئێران نیشانی دا کە ئەم یاسایە وەک جاران کار ناکات. ئەگەرچی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕووی تەکنەلۆژی و سەربازییەوە زۆر بەهێزتر بوون، بەڵام نەیانتوانی شەڕەکە لە ڕوودان ڕابگرن. لە هەمان کاتدا، ئێرانیش نەیتوانی لە هێرشەکان خۆی بپارێزێت.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بەرپەرچدانەوە لە سەدەی بیست و یەکەمدا تەنها بە مووشەک و فڕۆکە پێناسە ناکرێت، ئێستا هۆکارەکانی دیکەی وەک ئابووری، وزە، تەکنەلۆژی، سایبەر، ڕێگاکانی بازرگانی، و ڕای گشتی، بەشدارن لە دروستکردنی هاوکێشەی بەرپەرچدانەوە. بە واتایەکی دیکە، دەتوانیت شەڕێک ببەیتەوە، بەڵام ناتوانیت ئاشتی بسەپێنیت.
هەشتەم: کۆتایی ئەفسانەی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، زۆر کەس پێیان وابوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێواشی بەرەو سیستمێکی جێگیر هەنگاودەنێت. بەڵام شەڕی ئێران نیشانی دا کە ئەم تێڕوانینە زۆر دوورە لە ڕاستییەوە. شەڕەکە دەریخست کە هیچ هێزێک ناتوانێت بە تەواوی زاڵ بێت بەسەر ناوچەکەدا، ئەمریکا هێزی سەربازی هەیە بەڵام ناتوانێت هەژمونی خۆی بسەپێنێت، ئێران دەتوانێت زیان بگەیەنێت بەڵام ناتوانێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت، ئیسرائیل دەتوانێت هێرش بکات بەڵام ناتوانێت هەڕەشەکان بە شێوەی یەکجارەکی لاببات، ولاتانی کەنداو سامان و سەرمایەیان هەیە بەڵام بەجوگرافیا سنووردارن، ڕوسیا و چینیش هێشتا نەبوونەتە هێزی جیهانی لە ئاستی ئەوەی بتوانن چارەسەری کێشەکە بکەن. بەم شێوەیە، ناوچەکە چووەتە قۆناغێک کە تێیدا هەموو کاراکتەرەکان دەتوانن زیان بگەیەنن، بەڵام هیچ کامیان ناتوانێت سیستمێکی جێگیر بسەپێنێت.
دەرئەنجام
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران یەکێک بوو لە گرنگترین شەڕەکانی سەدەی بیست و یەکەم، نەک تەنها لەبەر قەبارەی وێرانکارییەکەی، بەڵکوو لەبەر ئەو گۆڕانکارییە ستراتیژییانەی ئاشکرای کرد.
ئەمریکا و ئیسرائیل توانییان زیانێکی گەورە بە ئێران بگەیەنن، بەڵام نەیانتوانی ئامانجە سیاسییە سەرەکییەکانیان بپێکنن. ئێرانیش لە ڕووخانی ڕژێمەکە ڕزگاری بوو، بەڵام بە بەهایەکی زۆر گران. وڵاتانی کەنداو زیانی ئابووری زۆریان بەرکەوت و ئاسایشیان کەوتە مەترسییەوە، ڕوسیا و چینیش تێگەیشتن کە هێزیان لە ناوچەکە سنووردارە.
بۆیە دەتوانرێت بگوترێت گرنگترین دەرئەنجامی ئەم شەڕە ئەوە بوو کە هیچ لایەنێک بە شێوەیەکی تەواو سەرکەوتوو نەبوو. بەڵکوو هەموو لایەنەکان، بە جیاوازی لە ئاستی زیانەکان، دوورتر کەوتنەوە لەو دۆخە ستراتیژییەی ئارەزوویان دەکرد.
لە کۆتاییدا، شەڕەکە جیهانێکی نوێی نیشان دا؛ جیهانێک کە تێیدا هەموو دەوڵەتەکان دەتوانن تێچووی شەر بەسەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنن، بەڵام کەم دەوڵەت هەیە بتوانێت ڕێکخستن، ئارامی و سیستەمێکی جێگیر بسەپێنێت. ئەمەش ڕەنگە گرنگترین تایبەتمەندی سیستمی نێودەوڵەتی لە دەیەکانی داهاتوودا دەبێت.
