شارپرێس:
ژەنەڕاڵ موهۆزی کاینێرۆگابا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئۆگەندا و کوڕی سەرۆکی وڵاتەکە، لە ڕێگەی بڵاوکراوەیەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێکی گەورەی بە بەهای 3.2 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای "یاپی مەرکەزی"ی تورکی ڕاگەیاند.
ئەم کۆمپانیایە ڕاسپێردرابوو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی ستراتیژی کە کامپالای پایتەخت بە سنوورەکانی کینیاوە دەبەستێتەوە.
کاینێرۆگابا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان کۆمپانیایەکی شایستەتر بۆ وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی گەورەی دیپلۆماسیی لە کاتێکدا هێشتا حکومەتی ئۆگەندا و کۆمپانیا تورکییەکە بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی یاسایی گرێبەستەکەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە.
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنانەکانی ژێرخان لە مێژووی ئۆگەندادا کە لە ساڵی 2024 بەخشرا بەو کۆمپانیا تورکییە، دوای ئەوەی پێشتر گرێبەستێکی هاوشێوە لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی بەهۆی دواکەوتنی چەند ساڵە هەڵوەشێنرابووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، هۆکاری ئەم بڕیارە لەناکاوە پەیوەندی بە ململانێیەکی سیاسیی توندەوە هەیە، چونکە کوڕی سەرۆکی ئۆگەندا پێشتر داوای لە تورکیا کردبوو کە ئۆپۆزسیۆنی ناسراوی وڵاتەکەی "فەرید لومومبا" ڕادەست بکاتەوە و هەڕەشەی بایکۆتکردنی هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا و داواکردنی قەرەبووی 1 ملیار دۆلاری کردبوو.
