ئێران هێزی چەکداری نوێ لە عێراق درووستدەکات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 731 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  
شارپرێس:

ئاژانسی "رۆیتەرز" لەسەر زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشکرای کردووە کە سوپای پاسدارانی ئێران ستراتیژییەکی نوێی لە عێراق گرتووەتەبەر، کە خۆی لە پێکهێنانی شانەی بچووکی نهێنیدا دەبینێتەوە و لە دەرەوەی پێکهاتەی باوی گرووپە چەکدارەکان کار دەکەن. 

ئەم شانانە کە هەر یەکێکیان لە نزیکەی 10 شەڕکەر پێکدێن، لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین هێرشی درۆنیان کردۆتە سەر بنکەکانی ئەمریکا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هەژموونی ئێران دوای ئەو گورزانەی بەر بەرەی  ناسراو بە بەرەی مقاوەمە کەوتوون.

ئەوەش هاتووە: بۆ یەکەمجار، سوپای پاسداران تۆڕە چەکدارییە کلاسیکییەکانی پشتگوێ خستووە و ڕاستەوخۆ پشت بەم کۆمەڵە بچووکە ئایدۆلۆژییانە دەبەستێت کە بەهۆی کەمبوونی ژمارەیانەوە، چاودێریکردن یان دزەکردنە نێویان زۆر قورسە. 

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە گرووپە چەکدارە گەورەکان ڕووبەڕووی گوشاری توندی ئەمریکا و کەمبوونەوەی سەرچاوە دارایی و سەربازییەکان بوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ ئامادەیی هەندێک لەو گرووپانە بۆ ڕادەستکردنی چەک و قووڵبوونەوە لە کایەی سیاسیدا دوای هۆشدارییەکانی ئەمریکا بۆ بەغدا.

رۆیتەرز دەڵێت: ئەم واقیعە نوێیە وای لە تاران کردووە پەنا بۆ بەدیلگەلێکی دڵسۆزتر ببات کە بێبەش بن لە حساباتی سیاسی ناوخۆیی. زانیارییەکانی "رۆیتەرز" دەیسەلمێنن کە ئێران بە نیاز نییە لە عێراق بکشێتەوە، بەڵکو دەیەوێت شێوازی دەستێوەردانەکەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بگونجێنێت.

لەکۆتاییدا دەڵێت:  لە کاتێکدا کاریگەریی میلیشیا کۆنەکان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، تاران گرەو لەسەر ئەم شانە نهێنییە بچووکانە دەکات بۆ پاراستنی توانای هێرشبەری و بازداربوونی خۆی لە یەکێک لە گرنگترین گۆڕەپانە هەرێمییەکاندا بەبێ ئەوەی سەرنجی زۆر ڕابکێشێت.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی