شارپرێس:
دوای ڕەخنە ئاشکراکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چەند ئەندامێکی حکومەتی ئیسرائیل، کاردانەوەی توند و توڕەیی لە ئیسرائیل سەریانهەڵداوە.
سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەرپرسانی تەلئەبیب بەهۆی لێدوانەکانی شەوی پێنجشەممەی ڤانس تووشی شۆک بوون، کە وەک هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆ لەسەر هاوکارییە سەربازییەکان لێکدرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە ڤانس پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی وەزیرەکانی، ئەمەش گۆڕانی تێڕوانینی حزبی کۆماریی نیشان دەدات.
ڤانس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی هێرشی کردە سەر ئەو وەزیرانەی ڕەخنەیان لە لێکگەیشتنی ئەمریکا و ئێران گرتبوو و وتی ئەگەر ئەو لە شوێنی ئەوان بوایە هێرشی نەدەکردە سەر تاقە هاوپەیمانە بەهێزەکەی لە جیهاندا.
هەروەها وتی کێشەی ئیسرائیل دۆناڵد ترەمپ نییە و پێویستە لەو خەیاڵە بەئاگا بێنەوە.
ڤانس هاوکارییە سەربازییەکانی بە بیر هێنانەوە و وتی چەکەکانی دەستتان بە باجی هاووڵاتیانی ئەمریکی دروستکراون و دواتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ناتوانێت هەموو کێشەکانی بە شەڕ چارەسەر بکات.
ئەم ناکۆکییە دوای ئەوە هات کە بتسالیل سمۆتریچ و ئیتامار بن غەفیر ڕەخنەی توندیان لەو ڕێککەوتنە گرت کە ترەمپ لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەگەڵ ئێران واژۆی کرد و وتیان پابەندی نابن.
لە بەرامبەردا ناتانیاهۆ بێدەنگی هەڵبژارد و تەنیا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان لە ناوچە ئەمنییەکانی باشووری لوبنان ناکشێنەوە، هەرچەندە ڕێککەوتنە 14 خاڵییەکە داوای ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان دەکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ زیاتر دەرکەوتن، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ ناتانیاهۆیی تۆمەتبار کرد بەهۆی بۆردومانکردنی بەیروت لە کاتی نزیکبوونەوەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
