تورکیا چۆن سوودی لە جەنگی ئێران وەرگرت؟

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  
شارپرێس:

لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە شوباتی ڕابردوودا، تورکیا لە سەرەتای قەیرانەکەدا خۆی لە دەرەوەی بازنەی کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕەوتی پێشهاتەکان بینییەوە، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان.
 
بەپێی شیکارییەکی ماڵپەڕی "میدڵ ئیستی ئای"، هەڵسەنگاندنی باو لە ئەنقەرە ئەوە بوو کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە قۆناغە سەرەتاییەکانی شەڕەکەدا لایەنگری تێڕوانینەکانی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی ئێراندا.

 دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە وەرچەرخانێکی بەرچاو دەکات لە پێگەی ئەنقەرە لەناو دیمەنی ناوچەکەدا، بەو پێیەی تورکیا جارێکی دیکە لە نێوان ئەو لایەنانەدا ناوی هێنرایەوە کە شانبەشانی پاکستان و قەتەر، بەشداربوون لە ئاسانکاریی بۆ گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا. 

ڕاپۆرتەکە لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە بڵاویکردۆتەوە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە تەنها وەک "هەنگاوی یەکەم" لە ڕێڕەوە درێژەکەی چارەسەرکردنی ناكۆكییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران هەژمار دەکرێت، هەروەها هۆشدارییان داوە لەوەی قۆناغی داهاتوو ئاڵۆزتر دەبێت، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دۆسیەی ئەتۆمیی و پرسە ناوچەییە هاوپێچەکانەوە هەیە.

سەبارەت بە ئاسایشی هەرێمیی، ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردۆتەوە کە ئەنقەرە لە سەرەتای شەڕەکەدا لە لێکەوتە گریمانکراوەکان دەترسا، لەوانە شەپۆلی کۆچبەران لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ ئێران، لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی دۆسیەی کوردانی ئێران بۆ هەڵگیرساندنی ئاژاوەیەک کە درێژبێتەوە بۆ ناوخۆی تورکیا و کاریگەری لەسەر دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان دروست بکات.
 
سەرەڕای ئەم مەترسییانە، بەپێی "میدڵ ئیستی ئای"، تورکیا توانی سەقامگیریی سنوورەکانی بپارێزێت و کاریگەریی لەسەر گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە پاڵپشتیکردنی هەر ڕاپەڕینێکی بەرفراوانی کوردی لەناو ئێراندا.

لەلایەکی دیکەوە، لە هەمان ماوەدا گرژییەکی سنووردار دروستبوو دوای هاویشتنی موشەکی بالیستی بەرەو ئامانجگەلێک لە ناو خاکی تورکیادا، لەوانەش ئەو بنکانەی کە پێدەچێت هێزەکانی ئەمریکای تێدا بێت، ئەمەش کاردانەوەی فەرمی تووڕەی لە ئەنقەرە لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەلایەن هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیاوە.

 لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پێشهاتانە بەشداربوون لە بەهێزکردنی پێگەی تورکیا لەناو پەیمانی ناتۆدا، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و ئیتالیا پاڵپشتی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی تورکیایان کرد.

هەروەها پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا سوودیان لە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بینی، ئەویش لە ڕێگەی واژۆکردنی گرێبەستی سەدان ملیۆن دۆلاری لەگەڵ قەتەر، کوێت و سعودیە، بەتایبەتی لە بوارەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا.

 شیکارییەکەی "میدڵ ئیستی ئای" بەوە کۆتایی دێت کە تورکیا هەوڵدەدات گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی و ئابووریی خۆی بەکاربهێنێت، سەرەڕای بەردەوامیی ئالەنگارییە ناوخۆییەکانی پەیوەندیدار بە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و تێچووی وزە بەهۆی تێکچوونی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.

 لە کۆتاییدا، چاودێران پێیان وایە ئەنقەرە بە تێکەڵەیەک لە دەستکەوتی دیپلۆماسیی و ئابووریی لە قۆناغی شەڕەکە هاتووەتە دەرەوە، بەڵام هێشتا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکانی لە نێوان هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.