له‌به‌غداوه‌ ڕێكه‌وتنى هه‌رێم‌و عێراق له‌سه‌ر پرسێكى گرنگ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشھاتێکی گرنگدا بۆ پاڵپشتیکردنی چاکسازیی ئابوریی، حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان بەرەو یەکخستنی تەواوی سیستەمی گومرگی‌و دەروازە سنورییەکان هەنگاودەنێن، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەم هەنگاوەی وەک نەخشەڕێگه‌یەکی بنەڕەتی بۆ بەهێزکردنی داهاتی نانەوتی‌و پاراستنی سەقامگیری دارایی وڵات وەسفکرد.


وه‌كو ڕاوێژكاره‌كه‌ى زه‌یدیى ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، ئەم بڕیارە تەنها ڕێککەوتنێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیییە لەبەڕێوەبردنی سنورەکاندا، چونكه‌ یەکخستنی ڕسومات‌و  پێناسەی گومرگی، ڕێگه‌ لەفرەسیاسەتی‌و قاچاخچێتی دەگرێت کە ساڵانێکە زیانی گەورەی لەدارایی گشتیی داوە، هه‌روه‌ها سەرجەم خاڵە سنورییەکان بەتۆڕێکی ئەلیکترۆنی ناوەندییەوە دەبەسرێنەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات جوڵەی کاڵاکان لەساتەوەختی خۆیدا تێبینى بکرێت‌و ڕێگریی لەگەندەڵی بکرێت، بەهۆی نەهێشتنی باجی دوبارەشه‌وه‌، متمانەی وەبەرهێنەران دەگەڕێتەوە‌و بنەمای یەکێتیی بازاڕی عێراقی بەهێزتر دەبێت.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانى عێراق جەختیکردوه‌ته‌وه‌، "سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە، خەزێنەی دەوڵەت لەژێر ڕەحمەتی بەرزبونەوەو دابەزینی نرخی نەوت ڕزگاردەکات، بەفراوانکردنی بنکەی گومرگی‌و داخستنی کەلەبەرە داراییەکان، عێراق دەتوانێت پەرە بەسەرچاوە ناوخۆییەکانی بدات‌و ژینگەیەکی سەقامگیرو گونجاو بۆ گەشەپێدانی بازرگانی دروستبکات".