جیهان دەبێت لێی بترسێت؛ زلهێزە نوێیە ئەتۆمییەکە خەریکە لەژێرزەمینەکانەوە دێتە دەرەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگۆڕانکارییەکی بێپێشینەدا کە هێڵە سورە سیاسییەکانی ژاپۆنی بەزاندوە، لێدوانی بەرپرسانی باڵای تۆکیۆ لەکانونی یەکەمی 2025 لەبارەی پڕۆگرامی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی، دەنگدانەوەی بەربڵاوی لەمیدیا جیهانییەکاندا دروستکردوە.


بەرپرسێکی باڵای ژاپۆن ڕایگەیاندوە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لەڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ژاپۆن پێویستییەکی مێژویی بەچەکی ئەتۆمی هەیە بۆ بەرگریی لەخۆیی‌و ڕاگرتنی نەیارەکانی؛ هەرچەندە حکومەت بەفەرمی گۆڕانکاریی لەسیاسەتەکانیدا ڕەتدەکاتەوە.

ئەم  وەرچەرخانە دوای ئاماژەکانی سانای تاکایچی سەرۆک وەزیران دێت لەتشرینی دوەمی هەمان ساڵ، کە بنەما ئەتۆمییە سێینەکانی ژاپۆنی تەنها بە"ڕێنمایی قۆناغەکە" وەسفکرد، ئەمەش دەرگا بۆ پێداچونەوەیان لەداهاتودا دەکاتەوە.

دیپلۆماتکاری دێرین "بیلاهاری کاوسیکان" لەگۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"دا ئاماژەی بەلۆژیکی حەتمی چەکی ئەتۆمی ژاپۆنی کردوە، بەوپێیەی گۆڕانکارییە جیهانییەکان‌و فراوانبونی جبەخانەی ئەتۆمی چین‌و هەڕەشەکانی کۆریای باکور، ژاپۆن‌و کۆریای باشور پاڵدەنێن بەرەو خاوەندارێتیی سەربەخۆی چەکی ئەتۆمیی.

ئەم گۆڕانکارییە لەعەقیدەی بەرگریی ژاپۆندا لەبەرگریی پەسندەوە بۆ هێرشی پێچەوانە لەساڵی 2022، دوای سەرهەڵدانی گومانەکان لەسەر متمانەی چەتری پاراستنی ئەمریکا، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ‌و وانەکانی جەنگی ئۆکرانیا لەساڵی 2022 چڕتربوەوە.

ژاپۆن تاکە وڵاتە لەجیهاندا کە توشی بۆردومانی ئەتۆمی بوبێت لەهیرۆشیماو ناگازاکی لەساڵی 1945، ئەمەش بوە هۆی دروستبونی هەستیارییەکی ئەتۆمی توندو ڕەتکردنەوەی جەنگ لەدەستوردا به‌گوێره‌ى مادەی 9 کە بەکارەساتی فوکۆشیما لەساڵی 2011 زیاتربوو.

ڕاپرسییەکان نیشانیدەدەن کە 70%ی گەل هێشتا دژی چەکی ئەتۆمین، بەڵام شیکەرەوە "باری گوین" پێیوایە، ئەم ئاستەنگە کۆمەڵایەتییە لەگەڵ کۆچی دوایی نەوەی ڕزگاربوانی بۆمبەکە کاڵ دەبێتەوە؛ بەجۆرێک لەساڵی 2025دا، سێیەکی مێرمنداڵانی ژاپۆن پاڵپشتی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوە.

لەڕوی تەکنیکییەوە، وەک جۆ بایدن لەساڵی 2016دا ئاماژەی پێدا، ژاپۆن وڵاتێکی سەکۆی ئەتۆمییەو دەتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا ببێتە هێزێکی ئەتۆمیی.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە چینییەکان، ژاپۆن خاوەنی خولێکی تەواوی سوتەمەنی ئەتۆمیی‌و زیاتر لە 47 تۆنی مەتری پلوتۆنیۆمە، کە بەسە بۆ دروستکردنی 5000 بۆمبی ئەتۆمی، ئەمەش وایکردوە پەکین بڕوای تەواوی هەبێت کە تۆکیۆ خاوەنی چەکێکی ئامادەیە لەژێرزەمینەکەیدا.