حیزبی دیموكرات لەبارەی گوشارەكانی تاران لەگەڵ هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران  رایگەیاند، لێكتێگەیشتنی تاران و واشنتۆن ڕێككەوتنێكی سەرەتاییە تەنیا بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەكانە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا. ئاشكراشیكرد لەبارەی گوشارانەكانی تارانەوە لەگەڵ بەغدا و هەولێر لەگفتوگۆدان.

خالید عەزیزی بۆ میدیای حیزبەكەی دەڵێت، ئەم دۆخە دەرەنجامی ماندووبوونی هەردوو لایەن بووە لە شەڕ، بەڵام لەم هاوكێشەیەدا خەڵكی ئێران و ئۆپۆزسیۆن بە تەواوی غایب بوون.

دەشڵێت، دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ سەرنجی سەرەكیی لەسەر پرسی ئەتۆمی و دابینكردنی ئەمنییەتی ئیسرائیل بووە، نەك ڕووخاندنی رژێم. هەروەها نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێكی دیار لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لە گەرمەی شەڕدا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەستەوەستان كردووە و وای كردووە تەنیا داوای گۆڕینی ڕەفتار لە تاران بكەن.

وتەبێژی حیزبی دیموكرات ئاماژە بەوە  دەكات، "ئێمە بەشێك لەم شەڕ و ڕێككەوتنانە نەبووین، بەڵام خەباتی نێوخۆ بەهۆی هۆشیاریی نەتەوەیی و ئەزمونی مەدەنیی خەڵكەكەی بەردەوام دەبێت."

خالید عەزیزی لەبارەی ئەو گوشارانەی دەكرێتەسەریان لەلایەن بەغدا و تارانەوە باسی لەوەكرد، هێرشەكانی ڕژێم بۆ سەر كەمپەكان تەنیا بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتیی ئێرانە، بەڵام لە چوارچێوەی یاسا و سەروەریی عێراقدا لەگەڵ بەغدا و هەولێر لە گفتوگۆداین و خاكی عێراق بۆ هێرشكردن بەكار ناهێنین.