شارپرێس:
تولسی گابارد، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، لە کۆتا ڕۆژی کارکردنیدا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی توند و لابردنی نھێنیی لەسەر بەڵگەنامە فەرمییەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەنگدانەوەیەکی گەورەی نایەوە.
ئەم بەڵگەنامانە دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پێشووی پەیمانگای نیشتمانیی بۆ هەستەوەریی و نەخۆشییە گوازراوەکان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەخەنە بەردەم تۆمەتی تێوەگلان لە دارایی ئەو توێژینەوانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی پەتاکە، هەروەها سەرکردایەتیکردنی پیلانێکی گەورە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان لە جیهان.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە فاوچی ملیۆنان دۆلار لە پارەی باجدەرانی ئەمریکی بۆ پارەدارکردنی توێژینەوەی مەترسیداری گۆڕینی جیناتی ڤایرۆسەکان لە پەیمانگای وهانی چینی بەکارهێناوە، کە بەپێی بەڵگەنامەکان هەر ئەم توێژینەوانە بوونەتە هۆی دزەکردنی کارەساتباری ڤایرۆسەکە لە تاقیگەوە.
جگە لەمەش، فاوچی تۆمەتبار کراوە بە درۆکردن لەژێر سوێنددا لەبەردەم کۆنگرێس و هاوکاریی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی ناو دەزگا ئەمنییەکان بۆ داڕشتنی ڕاپۆرتی چەواشەکارانە بە مەبەستی ڕەتکردنەوەی گریمانەی تاقیگە و بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی پەیوەندیی نێوان ڤایرۆسەکە و پارەدارکردنی ئەمریکایان ئاشکرا دەکرد.
بەڵگەنامەکان پەردە لەسەر شەڕێکی توند لادەدەن کە تێیدا ڕاوێژکار و زانایانی ناو کۆمەڵگەی هەواڵگریی بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، ڕووبەڕووی هەڕەشە و دوورخستنەوە بوونەتەوە.
گابارد لە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاندووە کە سەردەمی شاردنەوەی راستییەکان کۆتایی هاتووە و ئەم هەنگاوە سەرکەوتنێکە بۆ شەفافییەت و ڕیسواکردنی تۆڕەکانی بەرژەوەندیی کۆمپانیا گەورەکانی دەرمان.
جێی ئاماژەیە، جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، پێش جێهێشتنی پۆستەکەی لە کانوونی دووەمی ساڵی 2025، لێبوردنێکی سەرۆکایەتیی پێشوەختەی بۆ فاوچی دەرکردبوو بۆ پاراستنی لە هەر لێپێچینەوە و دادگاییکردنێکی یاسایی لە داهاتوودا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
