شارپرێس:
بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریكا بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان ڕاگەیاندووە، دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا هۆشدارییان بە ئیدارەی ترەمپ داوە كە پێدەچێت بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەنگاو بنێت كە دەتوانێت هەوڵەكانی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی ئاشتی بەردەوام لەگەڵ ئێران تێكبدات.
ڕۆژنامەكە بڵاویكردەوە، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكەن كە پێدەچێت ئیسرائیل بڕیاری درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دژ بە حیزبوڵا لە لوبنان بدات، ئەمەش ڕەنگە بڕگەیەكی سەرەكی ڕێككەوتنەكە پێشێل بكات كە داوای كۆتاییهێنان بە شەڕ و پێكدادانەكانی ئەو وڵاتە دەكات.
ئەم هەڵسەنگاندنە لەكاتێكدایە كە گرژییەكانی نێوان حكومەتەكەی ناتانیاهۆ و بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ زياد دەبێت، كە بە ئاشكرا هۆشدارییان داوەتە ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرش دژی حیزبوڵا كە ڕەنگە ئەو ڕێككەوتنە تێكبدات كە واشنتۆن كار بۆ كۆتاییهێنانى دەكات.
ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە ڕایگەیاندووە كە ڕاپۆرتێكی نوێی هەواڵگری گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە داهاتووی سیاسی ناتانیاهۆ كە بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پەیوەستە بە قەناعەتپێكردنی لایەنگرانی كە هێزەكانی ئیسرائیل لە لوبنان ناكشێنێتەوە و ئامادەیە شەڕی دژی حیزبوڵا پەرەپێبدات.
