نامەیەکی بەپەلە بۆ بافڵ تاڵەبانی: عەبدوللەتیف ئەحمەد پەڵەیەکی ڕەشەو دەبێت لەزانکۆ‌و مزگەوت دوربخرێتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6293 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆسیەی زانکۆی سلێمانی‌و کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان چوە قۆناغێکی نوێ‌و هەستیارەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێک لەمامۆستایان، وتاربێژان‌و خوێندکارانی زانکۆکە، لەڕێگەی دوو نامەو ڕاگەیەندراوی جیاوازەوە، تێوەگلانی دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد ڕابەری بەشێک لەسەلەفییەکان، لەکێشەی "بێڕەوشتی‌و بێزارکردنی کچە خوێندکاران" ئاشکرادەکەن‌و داوای سزادانی بەپەلە دەکەن.


نامەی مامۆستایان بۆ بافڵ تاڵەبانی: دەستێکی دەرەکی مزگەوت‌و زانکۆکانی قۆرخکردوە
لەنامەیەکدا کە ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراوە، بەشێک لەمامۆستایانی زانکۆی سلێمانی‌و وتاربێژانی شارەکە ڕایانگەیاندوە، شاری سلێمانی هەمیشە هێمای بەها باڵاو ڕەوشتبەرزی بوە، بەڵام لەمساڵانەی ڕابردودا دەستێکی نەگریسی دەرەکی نامۆ بەخاک‌و ئایین، هاوردەی کوردستان کراوەو بەشێک لەمزگەوت‌و ناوەندەکانی خوێندنی بنەڕەتی‌و باڵای قۆرخکردوە.

مامۆستایان لەنامەکەیاندا، دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد بە"پەڵەیەکی ڕەش" لەمێژوی شارەکەدا ناوزەد دەکەن‌و بەدروستکردنی کەلێنی قووڵی کۆمەڵایەتی تۆمەتباری دەکەن‌و هه‌ر له‌نامه‌كه‌شدا، دوو داواکاری سەرەکییان ئاراستەی سەرۆکی یەکێتیی کردوە یه‌كه‌میان، دورخستنەوەی هەمیشەیی عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا لەمامۆستایەتی زانکۆو وتاربێژی، لەگەڵ داخستنی تەواوی ڕێکخراوو ئەکادیمیاکانی، دوه‌میش، لابردنی دکتۆر خالید ئەحمەد مستەفا (برای عەبدوللەتیف) لەپۆستی ڕاگرایەتی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان‌و لێسەندنەوەی مافی وانەبێژی لێی".

خوێندکاران هەڕەشەی بایکۆتی گشتیی دەکەن: بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەسەر بێزارکردنی کچانی کۆلێژ هەیە
هاوکات لەگەڵ نامەی مامۆستایان، خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانیش ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەیان بۆ ڕای گشتیی، وەزارەتی خوێندنی باڵاو لایەنە پەیوەندیدارەکان بڵاوکردەوە.

خوێندکاران جەختدەکەنەوە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا کۆمەڵێک بەڵگە بڵاوبونەتەوە کە سەلمێنەری بێزارکردنی کچە خوێندکارەکانن لەلایەن دکتۆر عەبدوللەتیفەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، "ئێمەی خوێندکاران ئەم شتانەمان کەم یا زۆر بەچاوی خۆمان بینیوە، جیاوازی زەق لەنێوان خوێندکارانی کوڕو کچدا دەکرێت‌و چیرۆکی زۆر قێزەون لەم کۆلێژەدا ڕویانداوە کە دژ بەزانست‌و پەیامی پیرۆزی ئایینن".

خوێندکاران بەتوندی ڕایانگەیاندوە، "بەهیچ جۆرێک قبوڵی ناکەن ناوبراو وەک مامۆستا لەزانکۆکەیان بەردەوامبێت، هۆشداریشدەدەنە لایەنە بەرپرسەکان کە ئەگەر لێپرسینەوەی یاسایی‌و خێرا نەکرێت، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، بایکۆتی گشتیی‌و سەرتاسەری ڕادەگەیەنین‌و بەتەواوی واز لەخوێندن دەهێنن، تاوەکو شکۆ بۆ ئایین، زانکۆو شاری سلێمانی بگەڕێتەوە".

ئەم کەیسە ئێستا لەناوەندە میدیایی‌و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکردوەو چاوەکان لەسەر بڕیاری فەرمی سەرۆکایەتی زانکۆو لایەنە ئەمنییەکانن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە، شه‌وى ڕابردوش سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى سلێمانى ئاشكرایكرد، لیژنه‌یه‌كیان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌ پێكهێناوه‌و ئه‌نجامه‌كه‌شى بۆ ڕاى گشتیى ئاشكراده‌كرێت.