شارپرێس:
ئهگهرچى سبهینێ بهفهرمىو لهڕوى ڕۆژژمێرهوه دهبێته یهكهم ڕۆژى وهرزى هاوین لهسهرتاسهرى عێراق، بهڵام لهمڕۆوه عێراق لەناو ئاگری گۆڕانی کەشوهەواداو خول دهخواتو پێنج شاریش چونە ڕیزبەندی گەرمترین ناوچەکانی جیهانهوه.
لەکاتێکدا جیهان بەدەست گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەواوە دەناڵێنێت، داتاکانی چاودێری کەشوهەوای جیهانی ئاماژەیەکی مەترسیدارو نوێیان لەسەر عێراق ئاشکراکرد، لەدوایین ڕیزبەندیدا بۆ 15 گەرمترین ناوچەی سەر گۆى زەوی لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا، پێنج شاری عێراق هاتونەتە پێشەنگی لیستەکە، ئەمەش قەبارەی ئەو شەپۆلە گەرمایە توندە نیشاندەدات کە ناوچەکەی گرتوەتەوە.
بهگوێرهى زانیارییە جیهانییەکان، ئێران بەتۆمارکردنی بەرزترین پلە لەشاری عەبادان (47.8 پلەی سەدی) لەپلەی یەکەمی لیستەکەدایە، بەڵام شارەکانی عێراق بەجیاوازییەکی زۆر کەم لەدوای ئەوەوە دێنو دۆخێکی سەختیان بۆ هاوڵاتیان دروستکردوە، دابەشبونی شارە عێراقییەکان لەنێو 15 گەرمترین شوێنی جیهاندا بەمشێوەیەیە:
سەماوە: لەپلەی شەشەمی جیهاندایە بەتۆمارکردنی 46.8 پلەی سەدی.
نەجەف: لەپلەی نۆیەمدایە بەتۆمارکردنی 46.6 پلەی سەدی.
کوت: لەپلەی 11مدایە بەتۆمارکردنی 46.6 پلەی سەدی.
دیوانییە: لەپلەی 14مدایە بەتۆمارکردنی 46.4 پلەی سەدی.
خانەقین: لەپلەی پازدەهەمدایە بەتۆمارکردنی 46.3 پلەی سەدی.
ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات کە ناوچەکە ڕوبەڕوی گۆڕانکارییەکی ژینگەیی سهرسوڕهێنهر بوەتەوە، لەکۆی 15 وێستگەی پێوانەکردنی کەشوهەوا کە بەرزترین پلەی گەرمایان لەسەر ئاستی گۆی زەوی تۆمارکردوە، پشکی شێر بەر وڵاتانی ناوچەکە کەوتوە؛ بەجۆرێک ئێران بەشهش وێستگە لەپلەی یەکەمو عێراقیش بەپێنج وێستگە لەپلەی دوەمدا دێت، پاشان جەزائیر بەدوو وێستگەو کوهیتو ئیماراتیش بەیەک وێستگە ناویان تۆماركراوه.
شارەزایانی کەشوهەوا هۆشداریدەدەن کە بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئەم ئاستە مەترسیدارانە، پێویستی بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە هەیە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پاراستنی تەندروستی گشتییو دابینکردنی وزەی کارەبا، چونکە ئەم شەپۆلانە ساڵ لەدوای ساڵ درێژخایەنترو توندتر دەبن.
