گەنم‌و جۆی ناوچه‌یه‌كى كوردستان بوو بەخۆڵەمێش؛ 75 هەزار دۆنم زەوی ئاگرى تێبه‌ربوو

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کارەساتێکی ژینگەیی‌و کشتوکاڵی گەورە باکوری پارێزگای حەسەکەی گرتوەتەوە؛ شەپۆلێکی سامناکی ئاگرکەوتنەوە لەناوچه‌ سنوریه‌كانى نێوان ڕۆژئاواو باكورى كوردستان لەگەڵ تورکیا، بوەتە هۆی سوتانی زیاتر لە 75 هەزار دۆنم زەوی چێنراو بەگەنم‌و جۆو گەمارۆدانی چەندین گوندی ناوچەکە، ئەم کارەساتە ڕێک لەوەرزی دروێنەدا هاتوە کە کاتی چنینی بەرهەمی ماندوبونی ساڵێکی جوتیارانە.


ئاگرەکە بەهۆی کڵپەسەندنی خێراو بونی باوە بەخێراییەکی ترسناک بڵاوبوەتەوەو ئەم زیانە سەرەکییانەی لێکەوتوەتەوە، سوتانی 75 هەزار دۆنم زەوی، واتە بڕینی نانی هەزاران خێزانی گوندنشین کە تەنها پشتیان بەداهاتی گەنم‌و جۆی ئەم وەرزە بەستبوو، ئاگرەکە تەواوی تۆڕەکانی ئاودێری، بۆرییە پلاستیکییەکان، گۆڕەپانی کۆکردنەوەی (کا)و ئامێرە کشتوکاڵییەکانی ناو کێڵگەکانی کردوەتە خۆڵەمێش، چەندین گوند بەهۆی نزیکبونەوەی دوکەڵ‌و کڵپەی ئاگرەکەو کەمی ئامێری فریاکەوتن، ناچاربون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

دانیشتووانی ناوچەکەو تیمەکانی بەرگریی شارستانی ڕوبەڕوی قورسترین دۆخ بونەتەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە لەسەر سنوره‌كانى نێوان ڕۆژئاواو باكورى كوردستان له‌توركیا کەوتوەتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناتوانن بەئازادی بچنە ناوچە قووڵەکان بەهۆی مەترسیی تۆپباران یان تەقەکردنەوە، هه‌روه‌ها هاوڵاتیان بەدەستی بەتاڵ‌و بەبەکارهێنانی تراکتۆرە سادەکانی خۆیان هەوڵی دروستکردنی هێڵی دابڕانی خۆڵ دەدەن تا ڕێگریی لەگەیشتنی ئاگرەکە بەماڵەکانیان بکەن، بەڵام تواناکان زۆر سنوردارن بەرامبەر گەورەیی کارەساتەکە.

جوتیارانی لێقه‌وماوى باکوری حەسەکە داوای بەپەلە لەڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان‌و لایەنە بەرپرسە ناوخۆییەکان دەکەن کە خێرا فریای ناوچەکە بکەون، ئەوان جەختدەکەنەوە کە ئەگەر هاوکاری بەپەلەو قەرەبوی دارایی پێشکەش بەم خێزانانە نەکرێت، ناوچەکە ڕوبەڕوی کۆچێکی بەکۆمەڵ‌و قەیرانێکی کوشندەی ئاسایشی خۆراک دەبێتەوە.


بەپەلە