شارپرێس:
وەزیری دارایی عێراق بەفەرمی بڕیاری بەگهڕخستنەوەی پلەبەرزکردنەوەو سەرموچە شایستەکانی فەرمانبەرانی دەرکرد، بەدەر لەو بەربەستانەی پێشتر لەگشتاندنەکاندا هەبون، ئەم هەنگاوە کۆتایی بەچاوەڕوانی هەزاران فەرمانبەر دەهێنێت کە بەهۆی ڕێکارە یاساییو داراییەکانەوە بەرزکردنەوەی پلەکانیان ڕاگیرابوو.
فالح ساری وەزیری دارایی عێراق فهرمانێكى ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەتەکان، لایەنە نەبەستراوەکان بەوەزارەتو پارێزگاکان کرد کە دەستبەجێ دەست بەبەخشینی سەرموچە (علاوات)و پلەبەرزکردنەوەی (ترفیعات) شایستەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بکەنو ڕێکارە کارگێڕییو داراییەکانی تایبەت بەو پرۆسەیە بهگوێرهى ڕێنماییە کارپێکراوەکان تەواوبکەن.
وەزیری دارایی لەڕاگهیهنراوێكدا جەختیکردەوە، بابەتەکانی تایبەت بەسەرموچە، پلەبەرزکردنەوە، کەیسەکانی دورخستنەوەی سیاسیی (الفصل السیاسی)و ئەژمارکردنی بڕوانامە نوێیەکان لەگشتاندنی پێشوی وەزارەت ژمارە (137137) بەدەرکراون، ئەمەش بەمەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانی فەرمانبەرانو ڕێگریکردن لەدواکەوتنی شایستە داراییەکانیان بەهۆی ڕێکارەكانهوه.
ساری ڕونیکردەوە، دەستپێکردنەوەی خەرجکردنی سەرموچەو پلەبەرزکردنەوەکان لە چوارچێوەی پابەندبونی حکومەتدایە بەپاراستنی مافی فەرمانبەرانو پەرۆشی وەزارەتە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی وەزیفی لەدامودەزگاکانی دەوڵەتدا.
بهگوێرهى زانیارییهكانى شارپرێس، گشتاندنی دارایی ژمارە 137137 کە لەکۆتایی ساڵی 2025دا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەرچوو، بڕیارێکی توندبوو بۆ ڕاگرتنی کاتیی سەرجەم گۆڕانکارییە داراییو کارگێڕییەکان تا پەسەندکردنی یاسای بودجە، ئامانجی سەرەکی ئەو گشتاندنەش بهوتهى پهرلهمانتاران، پاراستنی هاوسەنگی داراییو ڕێگریکردن بوو لەزیادبونی خەرجییە گشتییەکان.
