بەغدا له‌باره‌ى گۆڕینی نرخی دینار هاته‌ده‌نگ‌و زه‌یدییش له‌باره‌ى پڕۆژه‌ى بودجه‌وه‌ بڕیاریدا

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2875 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی عێراق بەفەرمی هاتەدەنگ لەسەر دەنگۆی گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار لەبازاڕەکانداو ڕایگەیاند، سیاسەتی نەختینەیی وڵات جێگیرە، هاوکات ڕەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی بەشێوازی ئێستای ڕاگرت‌و داوای گۆڕینی بنەڕەتی لەداڕشتەکەیدا کرد.


حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق لەلێدوانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، حکومەت‌و بانکی ناوەندیی عێراق پەیڕەوی لەدیدگایەکی ئابوریی نەرم دەکەن لەپرسی نرخی ئاڵوگۆڕی دراودا کە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی‌و بەهێزکردنی سەقامگیری دارایی داڕێژراوە.

عەبوودی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پلانە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگییەکی وردە لەنێوان نرخی دینارو کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، بەشێوازێک کە ڕەنگدانەوەی هێزی ڕاستەقینەی ئابوریی نیشتمانیی بێت.

لەسەر ئاستی دارایی وتەبێژی حکومەت ئاشکرایکرد، سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە پڕۆژەیاسای بودجە بەشێوازی ئێستای ڕەتبکاتەوە کە تەنها پشت بەخشتە تەقلیدییەکان‌و ژمارە وشکەکان دەبەستێت، عێراق لەئێستادا پێویستییەکی بەپەلەی بەگۆڕانکاریی هەیە بەرەو سیستەمی بودجەی بەرنامەو کارامەیی کە تێیدا تەرخانکردنی پارە بەستراوەتەوە بەئامانج‌و بەرهەمی ڕاستەقینەی پڕۆژەکان، نەک تەنها خەرجکردنی ژمارەیی.

عەبودی جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، کە سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی بەتەواوی لەگەڵ ئاراستە گشتییەکانی حکومەتدا یەکدەگرێتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گەشەپێدان‌و پرۆسەیەکی فراوان دەستیپێکردوە بۆ پێداچونەوە بەسەرجەم گرێبەستە حکومییەکان‌و ڕاگرتنی هەر پڕۆژەیەک کە مەرجە وردبینییەکانی تێدانەبێت، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگریکردن لەبەفیڕۆدانی سامانی گشتیی‌و بەرزکردنەوەی شەفافییەت.

ته‌ئكیدى له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، عێراق هیچ بڕیارێکی نوێی بۆ گۆڕین یان دەستکاریکردنی نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بەدۆلار دەرنەکردوەو نرخی فەرمی وەک خۆی بەجێگیریی هێڵدراوەتەوە.

حکومەتی عێراق‌و بانکی ناوەندیش لەڕێگەی لێدوانە فەرمییەکانی وتەبێژی حکومەت حەیدەر عەبودی، سەرجەم ئەو "دەنگۆو بەڵگەنامە ساختانە"ی کە باسیان لەئەگەری بەرزکردنەوەی نرخی فەرمی دۆلار بۆ 1600 دینار (واته‌ 100 دۆلار به‌رامبه‌ر 160 هه‌زار دینار) یان لابردنی سێ سفر لەدراوی نیشتمانی دەکرد، بەتوندی ڕەتکرانەوە.

هاوكات بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاندوە، بەردەوامدەبێت لەجێبەجێکردنی هاوسەنگیی دارایی نێوان نرخی ئاڵوگۆڕو کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆیی بەئامانجی پاراستنی بەهای دینارو جێگیریی بازاڕ، ئێستاش نرخی فەرمی فرۆشتنی دۆلار لەبانکی ناوەندیی بە 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک (واته‌ 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به‌130 هه‌زار دینار) بەجێگیریی دەمێنێتەوەو دەستکاریی ناکرێت.