رۆبیو سەردانی كەنداو دەكات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 85 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
ماركۆ ڕۆبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سێشەممە تا پێنجشەممە گەشتێك بۆ ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، كوێت و بەحرەین ئەنجام دەدات كە دەرفەتێك دەدات بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تا وردەكاری ڕێككەوتنە سەرەتاییەكەی لەگەڵ ئێران ڕاستەوخۆ پێشكەشی هاوپەیمانەكانی لە كەنداو بكات.

تۆمی پیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ڕۆبیو بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لە بەحرەین دەكات كە سعودیە، قەتەر و عومان  و ئیمارات لەخۆدەگرێت.

سەركردەكانی ئەنجومەنەكە بەگشتی پشتگیری لە هەوڵەكان دەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەڵام زۆرێك نیگەرانن لە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن كە هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا  لەگەڵ ئێران واژوی كرد.

بەرپرسانی ناوچەكە له ئەگەری تەرخانكردنی سندوقێكی ٣٠٠ ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئێران نیگەران بوون كە ڕێبەرانی كەنداو پێشبینی دەكەن كۆماری ئیسلامی بۆ ئاوەدانكردنەوەی توانا سەربازییەكانی و دابینكردنی دارایی گرووپە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە سوودی لێ وەربگرێت.

 

ئەو ڕاستییەشی كە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكە باس لە بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێران ناكات، نیگەرانییەكانی هاوپەیمانەكانی كەنداوی لێدەكەوێتەوە، كە بەهۆی هێرشە مووشەكییەكان و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە زیانیان پێگەیشتووە.