شارپرێس:
لەکاتێکدا شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید دەرگاکانی واڵا دەکات، بەڵگەفیلمی تاقانەی (گەڕان بەدوای ناسنامەدا)، کە شانازیی ناوەندی توێژینەوەی شارە لەدەزگای میدیایی شارپرێس، وەک شاھیدێکی زیندوی مێژوو دەردەکەوێتو کاندیدێکی سەرەکییە بۆ بهدهستهێنانى خەڵاتی باشترین فیلم، ئەم بەرهەمە ناوازەیە کە لەدەرهێنانی میدیاکار نامۆ سەربەستـە، تەنها نمایشێکی سینەمایی نییە، بەڵکو هاوارى مێژویەکی فەرامۆشکراوە.
فەرشی سورو تێکەڵبونی فرمێسکو شانازیی
چرکەساتی ڕۆیشتنی تیمی فیلمەکە بەسەر فەرشی سوری فێستیڤاڵەکەدا، تەنها ڕێوڕەسمێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو لوتکەی وەفادارییو پەیامێکی مرۆیی قووڵ بوو، تیمی کارەکە لەکاتی درەوشانەوەیاندا، ڕۆحی هاوکارە کۆچکردوەکەیان لەیادنەکرد؛ ئەوان وێنەی کامێرامانی بەئەمەکو دڵسۆزی دەزگاکەیان، (مەبەست سەردار)یان لەسەر لێدانی دڵو سنگیان دابوو، مەبەست، کە تەنها دوو مانگ لەمەوبەر لەڕوداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆدا ماڵئاوایی لێکردین، دەستو چاوەکانی لەپشت کامێراوە ڕۆحیان بەم بەڵگەفیلمە بەخشیبوو، تیمی شارپرێس-یش بەم هەنگاوە سەلماندیان کە داهێنان نامرێتو ماندوبونی هاوڕێکەیان لەئامێزی مێژودا بەزیندویی دەهێڵنەوە.
گەڕان بەدوای ناسنامەدا؛ گێڕانەوەی برینی ساڕێژنەبوی کوردانی فەیلی
ئەم بەڵگەفیلمە گەشتێکی بەژانە بەناو لاپەڕە تاریکەکانی مێژوی چەند دەیەی ڕابردودا؛ کارەکە تیشکدەخاتەسەر ئەو تاوانە گەورانەی ڕژێمی بەعسی فاشیست دژ بەکوردانی فەیلی ئەنجامیدان، فیلمەکە بەوردی باسی جینۆساید، دەربەدەرکردن، زەوتکردنی موڵکو ماڵو داماڵینی ناسنامەی عێراقی لەم پێکهاتە مەزڵومە دەکات.
دەرهێنەر توانیویەتی بەپشتبەستن بەچیرۆکە زارەکییە زیندوەکان، بەڵگەنامە فەرمییەکانو بڕیارە شۆڤێنییەکانی بەعس، کەرەستەیەکی ئەرشیفیو یاسایی بێوێنە بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبهێڵێت تا هەرگیز ئەم تاوانە گەورەیە ون نەبێتو لەبیرنەچێتەوە.
مێژویەک لەسەرکەوتن
ئەم فیلمە پێشتر لەهاوینی ساڵی ڕابردودا لەشارەکانی سلێمانیو بەغدا لەبەردەم ژمارهیهكى زۆر لەپسپۆڕانو شارەزایانی بواری جینۆساید نمایشکرا کە بوە جێی سەرسامیو پێزانینی قوڵی ئامادەبوان. هەر بەهۆی پێداگرییو داواکاری ئەوانیشەوە بوو کە فیلمەکە ئەمڕۆ لەفێستیڤاڵی چەمچەماڵدا کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی باشترینەکان دەکات.