ئامانجی گۆڕانكارییەكانی عەلی زەیدی ئاشكراكران

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 294 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

گۆڕانكارییەكانی حكومەتی عێراق لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانەوە بووەتە جێی پرسیار لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراق بۆ ماڵپەڕی ئیرم نیوزی ئیماراتی ئاشكراكرد "هۆكارەكانی پشت بڕیارەكان وەك یەك نین، بەشێك لە گۆڕانكارییەكان لەسەر داوای لایەنە سیاسییەكان بوون كە سەرپەرشتی هەندێك وەزارەت یان دەزگا، لەچوارچێوەی ڕێكخستنە ناوخۆییەكان و دابەشكردنەوەی بەرپرسیارێتی لە نێوان هێزەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیدا دەكەن".

ئەو سەرچاوەیە كە ناوی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، "بەشێكی دیكەی گۆڕانكارییەكان پەیوەست بووە بە پەیامە ئەمریكییەكانەوە كە ئاماژە بەوە دەكەن ناوی هەندێك بەرپرسی عێراقی هاتووە لە لێكۆڵینەوەكانی پەیوەست بە محەمەد باقر ئەلسەعدی، سەركردە لە كەتیبەكانی حزبوڵا كە دەستگیركراوە".

 سەرچاوەكە هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە، "كەسانێكیش هەن كە سەرۆكوەزیران بڕیاریدا جێگەیان بگرێتەوە، چونكە لە ساڵانی ڕابردوودا مشتومڕێكی بەرفراوانیان دروستكردووە یان بوونەتە بارگرانی لەسەر ئەدای حكومەت".

لەگەڵ بەردەوامی قسەكردن لەسەر دەركردن و دامەزراندنی زیاتر لە ماوەی داهاتوودا، سەرنج دەخرێتە سەر ئەوەی كە ئایا ئەم هەنگاوانە دەستپێكی پرۆسەی چاكسازی درێژخایەن دەبن كە دەسەڵاتی دەوڵەت دادەمەزرێنێتەوە، یان بە هاوسەنگی هێزی سیاسی و ئەو لێكتێگەیشتنە ناوخۆیی و ناوچەییانەی كە تایبەتمەندی دیمەنی عێراقن، بەڕێوەدەبرێن.

شارەزایان پشتڕاستی دەكەنەوە كە ئەو هەنگاوانەی ئێستا لە كاتێكدایە كە فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان زیاتر دەبن بۆ بەهێزكردنی حوكمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشتركردنی كەشوهەوای وەبەرهێنان؛ بەڵام پرسیار دەكرێت بۆچی گۆڕانكارییەكان لەبوارەكانی ئاسایش و ئابوری و دارایی چڕ دەكرێنەوە.