زەنگی مەترسی لێیدا؛ تەنها سێ مانگ لەبەردەم پارتی‌و یەکێتیدایە ئەگەرنا ئەمریکا بڕیار ده‌دات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2884 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زەنگێکی توندی ئاگاداری بۆ هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی‌و یەکێتیی لێدەدرێت، به‌گوێره‌ى یاداشتی لێکتێگەیشتنی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، تەنها تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ (تەنها 3 مانگ) لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا ماوە بۆ ئەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکبخاتەوە، بەپێچەوانەوە پابەندیی‌و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە کۆتاییان دێت.


فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایده‌كات، پڕۆسەکە گەیشتوەتە قۆناغێکی هەستیارو دەبێت فەرماندەیی‌و کۆنتڕۆڵی هێزەکان بەوەزارەتەوە ببەسترێنەوە، ئەم هۆشدارییەش لەکاتێکدایە کە هاوکاریی‌و پڕچەککردنی پێشمەرگە بەهۆی مەترسییەکانی سەردەم وەک درۆن‌و ئاسایشی سایبەر، بەستراوەتەوە بەم یەکخستنەوەیە خێرایه‌وە.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جه‌ختده‌كاته‌وه‌، به‌گوێره‌ى یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ پنتاگۆن، پێویستە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلول (مانگی 9) سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکبخرێنەوە، ئه‌مه‌ش جەختكردنه‌وه‌یه‌ لەپێویستی خێراکردنی ئەم پڕۆسەیە.

سه‌باره‌ت به‌پرۆسه‌كه‌ش، فه‌ریق ڕوكن به‌ختیار وتى، "کارەکانی یەکخستنەوە گەیشتونەتە قۆناغی دەستبەکاربونی دەڤەری یه‌ك‌و دوو، لەئێستادا کاری لەپێشینە بەستنەوەی فەرماندەیی، کۆنتڕۆڵ‌و هەماهەنگی نێوان ئەم دوو دەڤەرەیە بەوەزارەتی پێشمەرگەوە، تاوەکو دواتر پێداچونەوە بەهەیکەلی گشتی وەزارەت‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەت‌و سەرۆکایەتی هەرێمدا بکرێت".

فەریق ڕوكن بەختیار محه‌مه‌د ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی دوای یەکخستنەوەی هێزەکان، مەشقپێکردن، پڕچەککردن‌و گونجاندنی پێشمەرگەیە لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم‌و ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی وەک درۆن‌و ئاسایشی سایبەریى، هاوکاریی ئێستای هاوپەیمانانیش تاوەکو کۆتایی مانگی نۆ بەردەوامدەبێت، بەڵام ئەوان چاویان لەوەیە لەداهاتودا هاوکارییەکان بەشێوازی دوقۆڵی (پنتاگۆن - وەزارەتی پێشمەرگە) یان لەڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بەردەوامبێت".

له‌باره‌ى دەنگۆی دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ لەعێراق بۆ کۆکردنەوەی هێزە چەکدارەکان (جیا لەوەزارەتی بەرگریی‌و ناوخۆ)، به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "هیچ شتێکی فەرمی لەمبارەیەوە سەبارەت بەهێزەکانی پێشمەرگە بەئێمه‌ ڕانەگەیەندراوە، چونكه‌ پێشمەرگە هێزێکی فەرمی‌و دەستوریی دانپێدانراوە لەعێراقدا".

بەپەلە