شارپرێس:
بهگوێرهى چهند زانیارییهك، بهرپرسانى باڵاى ههرێم لهئامادەکاریدان بۆ گەشتکردن بەرەو تارانى پایتەختی ئێران، بەمەبەستی بەشداریکردن لەمەراسیمی پرسەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشوی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بڕیارە سەرەتای مانگی تەمموزی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتون، وهفدى پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بەرزترین ئاستی فەرمی نوێنەرایەتی دەکرێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانو ژمارهیهك بهرپرسى دیكهى باڵاى پارتى یاوهریى بارزانى دهكهن بۆ ئهو مەراسیمەو گەیاندنی هاوخەمیی فەرمیو تاووتوێکردنی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە.
هاوکات، شارپرێس زانیویەتی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بڕیاریداوە لەسەر ئاستی باڵای سەرکردایەتی خۆی، بەشداریی لەهەمان مەراسیمدا بکات، بەڵام تائێستا بەتەواوی ڕون نەبوەتەوە کە ئایا وهفدى یەکێتیی لەچوارچێوەی یەک وهفدى هاوبەشدا لەگەڵ پارتی بەرەو تاران دهڕۆن، یان بەجیا سەردانەکە ئەنجامدەدەن.
چاودێران پێیانوایه، ئەم سەردانە فەرمییە لەکاتێکدادێت، لیژنەی باڵای ڕێکخستنی مەراسیمەکان لەئێران ڕایگەیاندوە، ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لەتەمموزی داهاتودا لەشارەکانی تارانو قوم بەڕێوەدەچێت، دواتریش تەرمەکە بۆ بەغدا، نەجەفو کەربەلا دەگوازرێتەوە پێشئەوەی لەشاری مەشهەد بەخاکبسپێردرێت، ئامادەبونی هێزە سەرەکییەکانی هەرێم لەمکاتەدا، دەرفەتێک دەبێت بۆ دوبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانو سەرکردایەتی نوێی ئێران.
