وتەبێژی پارتی وەڵامێكی توندی وتەبێژی یەكێتی دەداتەوە

کوردستان

56 خولەک پێش ئێستا‌ 616 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

لەراگەیەندراوێكدا وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی، هاوكات بۆ ڕێگری لە چەواشەكاری و ئاشكراكردنی ڕاستییەكان بۆ مێژوو، بە باشمانزانی وەڵامی بەشێك لە قسە و چەواشەكارییەكانی وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بدەینەوە، كە دوابەدوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی حزبەكەی لە ڕێكەوتی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن قسەیكرد، مەبەستمانە ڕاستییەكان بە خەڵكی خۆڕاگر و تێكۆشەری كوردستان ڕابگەیەنین".

لەراگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتیدا هاتووە "دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتێكدا كە پارتیمان سەردان و دانوستانەكانی چڕكردبۆوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێ، یەكێتی دەستیكرد بە كات كوشتن بۆ هەڵنەبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێكنەهێنانی كابینەی دەیەم. چونكە لە ناخی خۆیاندا باوەڕیان بە پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن نیە بۆیە كەوتنە بیانو هێنانەوە و، بە ئاشكراش هەستدەكرا كە پشتگیری دەكرێن بۆ ئەم ڕەفتار و مەرامەیان، سەرۆكی یەكێتی نەیشاردەوە و بە بەرچاوی خەڵكەوە ڕایگەیاند كە لەگەڵ پێكهێنانی دامەزراوە شەرعیەكان نیە".

وتەبێژی پارتی دەڵێت "وتەبێژەكەی یەكێتی دەبوایە ئاماژەی بە ژمارەی دەنگ و كورسیەكانی خۆیان و پارتی بكردبایە لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوكات دەردەكەوت ئێمەی پارتی نوێنەرایەتی چەندی خەڵكی كوردستان دەكەین و ئەوانیش نوێنەرایەتی چەند دەكەن، شایستەی هەڵبژاردن لەسەر ئەو شەرعیەتەی خەڵك پێوانە دەكرێت نەك لەسەر دروشم و ناڕاستی، خەڵكی كوردستان متمانەیان دایەوە بە پارتی چونكە لێی دڵنیابوون دەستكەوتەكانیان دەپارێزێت".

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتەبێژی پارتی رونیكردەوە "یەكێتی بە هەموو تێبینیەكانیشەوە خاوەنی (٢٣) كورسی پەرلەمانییە، لای خەڵكی كوردستان ڕوونە رووداوە كارەساتبارەكەی لالەزار و زیندانیكردنی كەسی یەكەمی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەپێناو چی بوون، ئەم ڕووداوانە و كۆمەڵێك ڕووداوی دیكەی لەو شێوەیەیە كە وتەبێژەكەی یەكێتی شانازیان پێوەدەكات و وادەزانێ خەڵكی كوردستان ئەم ڕووداوە شەرمئامێزانەی لەبیركردووە! كوردستانییان زۆر لەوە زیرەكتر و داناترن بە ڕیزكردنی چەند وشە و ڕستەیەكی ئاخنراو بە چەواشەكاری باوەڕ بكەن".

هەروەها دەڵێت "پارتی بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێباز و خەباتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكەی خۆی و لە ڕوانگەی خەمخۆری بۆ بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و پاراستنی ماف و دەستكەوتەكان، كە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست هاتوون چاوپۆشی لە زۆر هەڵوێستی ڕابردوو و ئێستای یەكێتی كردووە، بەڵام پێویستە ئەوەشیان بۆ ڕاست بكەینەوە كاتێك دەڵێن یەكێتی سازش لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان ناكات، ڕاستییەكەی ئەوەیە كە تەنیا یەكێتییە مافی خەڵك و دەنگدەرانی كوردستانی پیشێل كردووە و بۆتە كۆسپ لەبەردەم پڕۆسەی دیموكراسی و كاراكردنەوەی پەرلەمان. یەكێتی تەنیا نوێنەرایەتی دەنگدەرانی خۆی دەكات، ئەو لایەنەی كە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەكات ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمەش متمانە و بڕیاری خەڵكە، بۆیە پارتی هەرگیز سازش لەسەر ماف و ویستی كوردستانییان ناكات و مافەكانیان دەپارێزێت". 

لەدرێژەی وەڵامی وتەبێژی یەكێتیدا، وتەبێژی پارتی ئاماژە بەوە دەكات "یەكێتی لەسەر زاری وتەبێژەكەی باسی باڵ باڵێن دەكات! باشە یەكێتی لەبەكارهێنانی هەندێك چەمكی نابەجێ بەخۆیاندا بچنەوە، چونكە وەڵامنەدانەوەی پارتی سنووری خۆی هەیە، سروشتی پارتی وایە كە یەك ڕێبەر و یەك بڕیار و یەكگرتووە، هەر واش دەمێنێتەوە بەرامبەر ئاڵنگارییەكان و پیلانەكانی ئەوان و ئەوانەشی لە پشت ئەوان بوون، هەر بۆیەش پارتی سەركەوتوو بووە و یەكێتیش بەو دۆخەی ئێستای گەیشتووە، مێژووش شاهیدە لەسەر ئەم بابەتە".

دەشڵێت "قسەی ڕاستی وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەبوو كە دەڵێ” سیاسەتی خۆسەپێنی زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت” دەی ئەوە یەكێتییە دەیەوێت بە زۆرداری و بەبێ گوێدانە دەنگ و ڕای خەڵكی كوردستان خۆی بەسەر ئاكام و ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا بسەپێنێت و هیچ حیسابێك بۆ دەنگ و ژمارەی كورسی لایەنەكان نەكرێت".

وتەبێژی پارتی باسی لەوەشكرد "ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەموو كوردستان و كوردستانیان لەلامان ئازیزن و پێمانخۆشە خزمەتیان بكەین، ئەوە یەكێتییە جیاكاریی دروستكردووە و ناهێڵێت یاسا و ڕێنماییە ئیداری و مالیەكان و پڕۆژەكانی حكومەتی هەرێم لە هەموو سنووری كوردستان جێبەجێ بكرێن.
هیوادارین ئەو ڕەفتارانەیان بگۆڕن و چیتر بەشێكی گرنگ و ئازیزی هەرێمەكەمان نەكەنە بارمتەی جێبەجێكردنی مەرامەكانیان، چیتر نەبنە هۆی نیگەرانی و، یەك پارچەیی هەرێم و قەوارەكە و ماف و دەستكەوت و سەقامگیریی خەڵكی كوردستان لە بەرچاوبگرن و، چیتر نەیار و دوژمنانی گەلەكەمان دڵخۆش نەكەن".