شارپرێس:
دكتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد لەوەڵامی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەكرێت لەراگەیەندراوێكدا دەڵێـت، "ئاگاداری ئەو تۆمەتە مەترسیدار و ناڕەوایانە بووم كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، لەلایەن یەكێك لە بەكرێگیراوانی بیری داعشییەوە، كە گوایە من فێڵم لە چەند قوتابییەكی كچ كردووە لە كۆلێژەكە و گێچەڵم پێكردوون! لەسەر ئەوەش، شەپۆلێكی گەورەی ناوزڕاندن و تانەدان لە ئابڕوو و كەرامەتم دەستی پێكرد، وەك ئەوەی ئابڕووی خەڵك حەڵاڵ كرابێت بۆ هەر درۆزن و پڕوپاگەندەكارێك".
دكتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت "لە بەرامبەر ئەم زوڵمە ئاشكرایەدا، سوێند بە خوای گەورە، ئەو خوایەی بە نهێنی و شاراوەكان دەزانێت، كە ئەم تۆمەتانە درۆن، و بوختانن".
دەشڵێت "ئەوەی ڕوویدا تەنها ڕەفتارێكی كەسی نەبوو، بەڵكو بەپێی خێرایی زۆر لە بڵاوكردنەوە و گەورەكردنی هەڵمەتێكی بەرنامەبۆداڕێژراو و ڕێكخراوە كە چەند تۆڕێكی پیس لە دەرەوە دەیبەن بەڕێوە كە هەڵگری بیری داعشی و ئیلحادییە كە بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ تەكفیرییەكاندا یەكی گرتووەتەوە".
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "لە ناوەوەش كەسانێكی لادەر كە لە ڕووی عەقیدە و ئایینەوە پێچەوانەی منن، كە نهێنی هەندێك لە كچانیان لایە، بۆیە ئەمەیان وەك كارتی فشار لەسەریان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی بوختانم پێ بكەن بۆ شێواندنی ناوم و لەكەداركردنی بانگەوازەكەم. هەروەها هەڕەشەی ئابڕووبردنیان لێكردوون ئەگەر شایەتیم لەسەر نەدەن".
دەشڵێت "ئامانجی سەرەكی لە پشت ئەم هاوپەیمانییە پیسەوە، تیرۆركردنی مەعنەوی كەسایەتیمە، و شێواندنی بانگەوازەكەمە، تۆقاندنی هەر دەنگێكی ئازادە كە پێچەوانەی ڕێبازە توندڕەوەكەیان بێت".
