شارپرێس:
ئاماژەکان بۆ خێراکردنی کارەکان بەمەبەستی داڕشتنی "یاسایەکی چوارچێوەیی" بۆ «پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی» لە تورکیا زیاد بوون، کە حکومەتی وڵاتەکە بە پڕۆسەی «تورکیایەکی بێ تیرۆر» ناوی دەبات و ئامانجی سەرەکیی تورکیا لێی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و داماڵینی چەکەکانیەتی.
لەهەفتەکانی ڕابردودا، داواکارییەکان لەمبارەیەوە چڕتر بوونەتەوە، چ لەلایەن پەکەکەوە کە ڕەخنە لە خاوبوونەوەی هەنگاوەکانی حکومەت دەگرێت، چ لەلایەن پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە داوای دەستپێکردنی خێرای داڕشتنی ئەم یاسایە دەکەن بەگوێرەی پێشنیازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە.
له لێدوانی بەرپرسانی تورکیاوە دیارە کە جووڵەیەکی بەهێز هەیە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەک لەسەر بنەمای پێشنیازەکانی لێژنەی پەرلەمانیی "هاوپشتیی نیشتمانیی و برایەتیی و دیموکراسیی" کە چوارچێوەی پڕۆسەکەی دیاری کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بڕیار درا پشووی هاوینی پەرلەمان دوابخرێت و گفتوگۆکان لەسەر دەستوورێکی نوێ بۆ وڵات گەرمتر ببن، هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆسەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" بە باشی بەڕێوە دەچێت و پەرلەمان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.
لای خۆیەوە، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند کە ئامانجیان بنیاتنانی تورکیایەکە کە تێیدا جیاکاریی دژی هیچ کەسێک لەسەر بنەمای ڕەگەزیی نەکرێت، و هیوای خواست پەرلەمان بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان دوای ئەوەی پەکەکە چەک دادەنێت.
ئەم لێدوانانەی کورتوڵموش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار، ئەندامانی «شاندی ئیمراڵی» هات، کە تێیدا بوڵدان جەختی لە گرنگی یاسای چوارچێوە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە یاساکە لە 7 یان 8 ماددە پێکدێت و دەکرێت لە ماوەی 5 ڕۆژدا تەواو بکرێت، هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی دواکەوتنی ئەم هەنگاوە لەبەر دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بوونی لایەنی تێکدەر.
بوڵدان پێشتر ئاشکرای کردبوو کە ئەم پڕۆژەیاسایە ڕێگا خۆش دەکات بۆ گۆڕانکاری دیموکراتیی و چاکسازیی تایبەت بە زیندانیانی سیاسیی و نەخۆشەکان، هەروەها کۆتاییهێنان بە سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکاندا.
ئەم یاسایە تەنیا بۆ یەکجار جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەک دادەنێن، بتوانن بە تەواوی بگەڕێنەوە و تێکەڵی کۆمەڵگە ببن.
لە لایەکی ترەوە، ئاکین گورلێک، وەزیری داد، پشتڕاستی کردۆتەوە کە هەنگاوی گرنگ دەنرێن و هیوای خواست پڕۆژەیاساکە بەمزووانە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
هاوكات عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی ئیسلامیی دیموکراتی لە ئامەد، جەختی لەسەر پڕۆسەی ئاشتیی کردەوە کە تێیدا داوای لە پەکەکە کردبوو چەک دانێت و ڕوو لە کاری سیاسیی یاسایی بکات بۆ بنیاتنانی "نەتەوەیەکی دیموکراتی" لە ناوچەکەدا.