​ فراكسیۆنی دەم پارتی: كۆمەڵگە چاوەڕێی هەنگاوی یاساییە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 96 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا گوڵستان كلچ كۆچیگیت رایگەیاند، لەمەودوا پێویستە هەنگاوی یاسایی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی بنرێت و كۆمەڵگە چاوەڕێی ئەوەیە كە ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەكی یاسایی مسۆگەر بكرێت. 

گوڵستان كلچ كۆچیگیت لەلێدوانێكدا دەڵێت "چوارچێوەی یاسایی دەتوانێت پرۆسەكە لە ڕووی یاساییەوە مسۆگەر بكات و متمانە بەرامبەر بە پرۆسەكە بەهێز بكات. پرۆسەكە پێویستی بە یاسایە. بۆ ئەوەی پرۆسەكە هەمیشەیی و كۆمەڵایەتی بێت، هەمواركردنەوەی یاساكان ناچارییە. كۆمیسیۆنێك لە پەرلەمان دامەزرا و ڕاپۆرتێكی هاوبەشی بڵاوكردەوە. ئەم ڕاپۆرتە نەخشەڕێیەكە. هەڵبەتە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتە. بەڵام ئەو پارتانەشی كە لە پەرلەماندان بەرپرسیارێتییان هەیە".

دەشڵێت "كاتێك ئێمە باسی چوارچێوەی یاسایی دەكەین، لە هەمان كاتدا باسی دیموكراتیك بوونی توركیا دەكەین."

گوڵستان كلیچ كۆچیگیت دەشڵێت "شێواندنی چوارچێوەی یاسایی ڕاست نییە و ئێمە بانگهێشتی هەموو پارتەكان دەكەین كە بەپێی ڕاپۆرتی هاوبەشی كۆمیسیۆنەكە بجوڵێنەوە، كە واژۆی هەموومانی لەسەرە. "