شارپرێس:
لەپێشهاتێکی سەربازیی کتوپڕدا کە گۆڕانکاریی
بەسەر هاوسەنگییەکانی هێز لەکیشوەری ئەوروپادا دەهێنێت، حکومەتی ئەڵمانیا بەفەرمی
دەروازەکانی هاوکاریی موشەکیی لەگەڵ ئیسرائیل واڵاکرد، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوەدێت،
واشنتۆن بەشێک لەپابەندبونە سەربازییەکانی بەرامبەر بەهاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کەمکردەوە،
لێرەوە بەرلین کەوتوەتە گەڕان بەدوای جێگرەوەی خێرا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە ئەمنییەکانی.
پاشەکشەی ترەمپو پەککەوتنی "تۆماهۆک"
ئیدارەی پێشوی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن
بەڵێنیدابوو، موشەکی دورمەودا بۆ بەرگریی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دابین بکات، بەڵام لەگەڵ
هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ، واشنتۆن بەشێک لەو بەڵێنانەی سڕكرد یان هەڵوەشاندەوە.
هاوکات، بەرهەمهێنانی موشەکی "تۆماهۆک"
لەئەمریکا بەتەواوی پەکیکەوتوه، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی چڕی ئەو موشەکانە لەهێرشە
سەربازییەکانی ئەمدواییەی سەر ئێران کە وایکردوە واشنتۆن پێداویستی ناوخۆیی بخاتە
پێش داواکارییەکانی دەرەوە.
گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی سێبەری نهێنیی
ئەڵمانیا بۆ ڕزگاربون لەم تەنگژەیە، ئێستا لەگەڵ
کۆمپانیایەکی نوێو زۆر نهێنیی ئیسرائیلی بەناوی "Covenant
Technologies"
لەدانوستاندایە، ئەم کۆمپانیایە تەنها دوساڵە دامەزراوەو لەژێر پڕۆتۆکۆلی "دۆخی
شاردنەوە" کاردەکات.
کۆمپانیاکە سەرەڕای بێدەنگییەکەی، توانیویەتی
زیاتر لە200 ملیۆن دۆلار لەوەبەرهێنەرانی ئەمریکی کۆبکاتەوە، ئامانجی سەرەکیشی بەرهەمهێنانی
موشەکی کروزی پێشکەوتوە بەتێچویەکی زۆر کەم.
موشەکی کروزی هەرزان؛ هاوشانی تۆماهۆک
موشەکه نوێیەکەی ئەو کۆمپانیا ئیسرائیلیه،
خاوەنی تایبەتمەندیی هاوشێوەی "تۆماهۆک"ی ئەمریکییە، بەڵام جیاوازییەکە
لەنرخەکەیدایە، تێچوی دروستکردنی هەر موشەکێک تەنها چەند سەد هەزار دۆلارێکە، لەکاتێکدا
موشەکە ئەمریکییەکە چەند ملیۆنێك دۆلاری تێدەچێت، ئەڵمانیا دەیەوێت تاساڵی 2027 ببێتە
خاوەنی ئەم توانستە موشەکییە.
گواستنەوەی کارگەکان بۆ ناوجەرگەی ئەوروپا
بەرلین تەنها نایەوێت چەک بکڕێت، بەڵکو پلانی
هەیە کارگەی بەرهەمهێنانەکە بگوازێتەوە بۆ ناو خاکەکەی، پڕۆژەکە پێشنیازی هاوبەشیی
پیشەسازیی دەکات لەنێوان ئەو کۆمپانیا ئیسرائیلییەو کۆمپانیا بەرگرییەکانی ناوخۆی
ئەڵمانیا، تا موشەکەکە لەناو ئەوروپادا بەرهەمبهێنرێت.
هاوپەیمانییەکی کۆن بەبەرگێکی نوێوە
ئەم مامەڵە نوێیە تەواوکەری زنجیرەیەک گرێبەستی
گەورەی پێشوە، ئەڵمانیا لەمساڵانەی دواییدا بوەتە گەورەترین کڕیاری چەکی ئیسرائیلی،
لەوانە سیستمی بەرگریی "ئاڕۆ"، سیستمی تڕۆفی بۆ زرێپۆشەکانو موشەکی گۆڕاو،
ئەم کڕینە نوێیەش، پشتبەستنی تەواوی سەربازیی بەرلین بەواشنتۆن کەمدەکاتەوە.
