هاوپەیمانی هێزەكانی رۆژهەڵات هەڵوێستی بەرامبەر لێكتێگەیشتنی ئەمریكا و ئێران راگەیاند

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
هاوپەیمانی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا لەبارەی لێكتێگەیشتنی ئەمریكا و ئێران دەڵێت "ئەوە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئێرانن، كە بە بەردەوامییان لە خەبات و مافخوازییان كۆتایی بە ڕژێمی كۆماری ئیسلامی دێنن و لە ڕاستیدا ڕژێم ترسی هەرە گەورەی هەر خەباتی مافخوازانەی كۆمەڵانی خەڵكە لە نێوخۆی ئێران، كە هەتا ئێستا لەو پێناوەدا ڕووبارێك خوێنیان داوە".

لە راگەیەدراوەكەی هاوپەیمانی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا هاتووە "لەسەر دۆزی ڕەوای كورد و خەباتی ڕزگاریخوازیی ئەم نەتەوەیە، پاشخانێكی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی هەیە و سەر بە هیچ جۆرە شەڕ و هاوكێشەیەكی هەرێمی نییە، لە ڕوانگەی ئێمەوە پێچەوانەی تێگەیشتنێك لە ئاستی لە نێودەوڵەتیدا هەیە، كۆماری ئیسلامی سیستەمێكی داخراوی ئەزموون كراوە و ئەم جۆرە لێك‌تێگەیشتن و تەنانەت ڕێككەوتنانەش، جەوهەر و ناوەڕۆكی ڕژێم ناگۆڕن، بۆیە گۆڕانكاریی ڕاستەقینە تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستن بە هێزی نێوخۆیی خەڵك، یەكگرتوویی هێزە كوردستانی و دیموكراسیخوازەكانی ئێران و بەردەوامیی بزووتنەوە مەدەنییەكانەوە بەدی دێت و هەر گۆڕانكارییەك لە داهاتوودا، پێش هەر شتێك پشت بە ئیرادە، خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەی كورد و باقی نەتەوەكانی ئێران دەبەستێت".

دەشڵێت "لاوازبوونی كۆماری ئیسلامی لە ئاكامی ئەو شەڕەدا دەتوانێ یارمەتیدەری بزووتنەوەی مافخوازیی نەتەوەكانی ئێران بێت، بەڵام ئێمە پشت بە ئیرادە و وزەی خەباتگێڕیی خۆمان دەبەستین و چارەنووسی خەباتی خۆمان بە ڕێككەوتن و شەڕی وڵاتان و لایەنە دەرەكییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامییەوە نەبەستۆتەوە. ئەگەرچی كۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەم شەڕە بە زیادكردنی شاڵاوی گرتن و لەسێدارەدانی چالاكانی سیاسی و مەدەنی، گوشارەكان بۆ كۆمەڵگە و هێرشە تێرۆریستییە بەردەوامەكانی بۆ سەر حزبە كوردستانییەكان لە باشوری كوردستان، هەوڵی لاوازكردنی ئەم بزووتنەوەیە دەدات، بەڵام جووڵانەوەی كورد بەم سەركوت و گوشارانە بەچۆك دا نایەن".