چەکوشی ئەخلاق و شکاندنی پەیکەرە پیرۆزەکان

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 فوئاد سدیق

   لە نێوان ئەو چڕە دووکەڵەی گوتارە ئایینییەکان و ئەو تاریکییە قووڵەی ئەمڕۆماندا،كە ئاسمانی ئێمەی  بەتەواوی  پیس كردووە، مرۆڤایەتی و كوردایەتیشمان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی بوونگەرایی و ئەخلاقی بۆتەوە. ئایین لە مانیفێستێکی ڕوحییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی ترسناکی سەرکوتکردن و ڕووتاندنەوەی بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان. کاتێک بە وردی لە واقیعی ئێستای کۆمەڵگای کوردی دەڕوانین، دەبینین چۆن گوتاری ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزمی توندڕەو وەک ژەهرێکی بێدەنگ بەناو کایە جیاوازەکانی ژیاندا بڵاو بوونەتەوە. لێرەدایە مرۆڤی خاوەن مۆڕاڵ و ویژدانی زیندوو، پێویستییەکی حەتمی بە چەکوشەکەی نیچە دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو هەموو بتە وەهمییانە بشكێنێت کە بە ناوی پیرۆزییەوە لە هەناوی شارەکاندا ڕوواون و گەشەیان كردووەو کۆمەڵگایان بەرەو پووکانەوە بردووە. نیچە فێری کردین زۆربەی ئەوانەی بانگەشەی زوهد و پاکی و خوداترسی دەکەن، لە ڕاستیدا تەنیا دەیانەوێت ئەو غەریزە کێوی و سەرکوتکراوانەی خۆیان لەژێر پەردەی ئەستووری ئاییندا بشارنەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان بە ناوی بانگخواز و زانای ئایینییەوە دەبینرێت، نموونەی زیندووی ئەو ئەخلاقی کۆیلایەتییەن کە مرۆڤ بەرەو دواوە دەگێڕنەوەو، ژیان لە مانا ڕاستەقینە و جوانەکەی دادەماڵن، تا تەنیا مانا سێبەرەکان و ماناكانی ترس و زەندیق بمێننەوە.
  ئەم بانگخوازانەی گۆڕەپانی فیکری و کۆمەڵایەتییان داگیر کردووە، جەستەی کۆمەڵگایان پڕی بەکتریای فیکریی کردووە کە ڕاستەوخۆ دەمارە هەستیارەکانی ئەقڵ پەک دەخات. ئەوان گوتارێکیان بەرهەم هێناوە مرۆڤی خاوەن شکۆ و ئازاد لێی بێزار دەبێت و ناتوانێت لەگەڵیدا هەڵبکات. کاتێک نموونەیەکی سەلەفی دەست بۆ تێکدانی خێزانێک دەبات و تەنیا بۆ تێرکردنی ئارەزووە غەریزییەکانی خۆی ژنێک لە مێردەکەی جیا دەکاتەوە، ئەمە قەت کێشەیەکی شەخسی یان لادانێکی کاتی نییە، بەڵکو گەورەترین شکستی ئەو سیستەمە فیکرییە ئایدیۆلۆژییە داخراوەیە کە بەردەوام بانگەشەی ڕەوشتبەرزی و پاراستنی خێزان دەکات. لێرەدا فیکری فەرەج فۆدەمان بیر دەکەوێتەوە کە چۆن بە جەستەی خۆی باجی ڕاستگۆیی دا و هۆشداری دەدا لەوەی دەوڵەتی ئایینی و گوتاری ئایینگەرایی تەنیا دەمامکێکی ڕازاوەن بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی ڕەها و تێرکردنی ئارەزووە شاردراوەکان. فۆدە پێی وابوو کاتێک ئایین تێکەڵی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکرێت، یەکەم قوربانی كە لەسەر مێزی بەرژەوەندییەکان سەر دەبڕدرێت، ئەخلاق و ڕاستگۆییە. ئەم سەلەفییانەی ئەمڕۆ، نوێنەرایەتی ئەو جەهلە پیرۆزە دەکەن کە ناسر حامد ئەبو زەید و ئۆلیفەروا Olivier Roy هەمیشە وەک مەترسییەکی گەورە باسیان كردووە؛ ئەوان دەقەکان بە ئارەزووی خۆیان و بۆ بەرژەوەندییە غەریزی و سیاسییەکانیان دەچەمێننەوە و دەیکەنە قامچییەک بۆ سزادانی نەیارەکانیان.
  ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی لەتیف سەلەفی و کچانی ناو كۆلیژی شەریعە پێکهێنراوە، گەورەترین ئەرکی مێژوویی و ئەخلاقییان لەسەر شانە. ئەوەی لە پەراوێزی ئەم ڕووداوانەدا دەگوزەرێت، تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی ئەخلاق و ویژدانی نیشتمانییە. بڵاوکردنەوەی فشار و ترس لە ناو سۆشیال میدیادا بۆ ئەوەی کچە قوربانییەکان نهێنییەکان بشارنەوە، جۆرێکە لە تیرۆری دەروونی کە دەیانەوێت پاشماوەی ڕوحی ئەو کچانە داغان بکەن کە پێشتر لەلایەن سەلەفییەکانەوە ئیستغلال کراون. دافید هیوم لە ڕوانگەیەکی گومانگەراییەوە فێری کردین هیچ شتێک وەک ڕاستیی ڕەها لە دەستی مرۆڤدا نییە، بەڵام ئەم تاقمە وەک ئەوەی کلیلی بەهەشت و دۆزەخیان لە گیرفاندا بێت، دەیانەوێت مرۆڤەکان بکەنە کۆیلەی گوتارە بێمانا و پڕ لە پارادۆکسەکانیان.
   ئەرکی وەزیری خوێندنی باڵا لێرەدا وەک نوێنەری ئەقڵ و زانست دەست پێ دەکات؛ ئەو نابێت تەنیا تەماشاکارێکی بێدەنگ بێت. وەزیرێک کە نوێنەرایەتی فیکر و مەعریفە دەکات، دەبێت وەک قەڵغانێکی پۆڵاین بێت بۆ ئەو کچانەی  لە پەنای ئایینەوە سووکایەتییان پێ کراوە و شکۆیان هەتک کراوە. بێدەنگیی لە بەرانبەر ئەم تاوانانە، بە مانای شەرعیەتدان و هاوبەشییە لەو تراژیدیایەدا. ئەو پۆستە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە کە بۆ ئازادی و کەرامەت گیانیان بەخشی، نەک بۆ ئەوەی زانکۆکان بببنە شوێنی تاقیکردنەوەی غەریزە کێوییەکانی مشتێک مرۆڤی بەکتریایی.
   سەیید قەمنی دەڵێت مێژووی ئایینگەرایی پڕە لەو مرۆڤانەی خوێنی خەڵکیان ڕشتووە و شەرەفیان هەتک کردووە تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەوان سێبەری خودان لەسەر زەوی. ئەمڕۆ بانگخوازەکانمان هەمان سیناریۆی مێژوویی دووبارە دەکەنەوە؛ ئەوان بە ژمارە زۆرن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچ بەهایەکی مرۆیی یان مەعریفییان بۆ کۆمەڵگا زیاد نەکردووە. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە: کۆمەڵگایەکی وەک کوردستان کە 14 سەدەیە لەسەر دەستی مەلا دڵسۆز و سادەکانی گوندەکانەوە فێری بەها مرۆییەکان و ئاشتی بووە، چ پێویستی بەم هەموو کۆلیژی شەریعەتە هەیە کە زۆربەیان تەنیا توندڕەوی و دواکەوتوویی و مێشکی چەقبەستوو بەرهەم دەهێنن؟ مەلاکانی جاران خەریکی چاکە و ئاشتەوایی بوون، نەک وەک ئەم بانگخوازە مۆدێرنانەی کە چاویان لەسەر ژنی خەڵکەو بە ناوی ئایینەوە بازرگانی بە جەستەی مرۆڤ و شکۆی ژنەوە دەکەن. جۆرج تەرابیشی کاتێک باسی ئەقڵی دەستلەکارکێشاوە دەکات، مەبەستی ڕێک ئەو ئەقڵەیە کە تەسلیمی ئەم جۆرە گوتارانە بووە؛ ئەقڵێک ناپرسێت، رەخنەش ناگرێت و تەنیا گوێڕایەڵە، ڕێگە دەدات بانگخوازێک بە ئارەزووی خۆی بڕیار لەسەر ژیانی تایبەتی و چارەنووسی بدات.
  ئەم بانگخوازانە کۆمەڵگا بەرەو دواوە دەبەنەوە، بۆ سەدەکانی تاریکی و سەردەمی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤەکان. زانکۆکانمان، کە دەبێت ناوەندی داهێنان و تەقینەوەی مەعریفە بن، ئەوان دەیانەوێت بیکەنە مۆڵگەیەک بۆ پەروەردەکردنی ئەو مرۆڤانەی هەموو گیانیان بەکتریای فیکرییە. پێویستە حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا پێداچوونەوەیەکی قووڵ و بێبەزەییانە بە بوونی ئەم کۆلیژی شەریعەتانەدا بکەن؛ ئایا ئەم کۆلیژانە جگە لە توندڕەوی و دروستکردنی کەلێن لە نێوان مرۆڤەکاندا، چییان بۆ مەعریفەی کوردی زیاد کردووە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە چیتر ڕێگە نەدرێت بە ناوی پیرۆزییەوە مرۆڤی توندڕەو و داوێنپیس بەرهەم بهێنرێت؟ نیچە دەیگوت کاتێک بتەکان دەشکێنیت، دەنگی خاڵییبوونیان دەبیستیت. ئەمڕۆ ئەگەر بە چەکوشی ڕەخنەی فەلسەفی لەم بانگخوازانە بدەین، دەبینین لە ناوەوە تەنیا بۆشایی و غەریزە و نەزانییەکی ترسناک هەیە؛ ئەوان هیچیان نییە بۆ پێشکەشکردن جگە لە ترساندن و تۆقاندن و بەرهەمهێنانەوەی کۆیلایەتی.
   ئەرکی وەزیر لێرەدا دەبێتە ئەرکێکی باوکانە و مرۆیی بۆ هەموو ئەو کچانەی لە ژێر گوشاری سەلەفییەکاندا ئیستغلال کراون. ئەوان پێویستییان بە دەسەڵاتێکی سیاسی و یاسایی هەیە پشتیان بگرێت و ڕێگە نەدات هیچ سەلەفییەک خۆی بکاتە خودا بەسەر خەڵکەوە. وەزیری خوێندنی باڵا ئەگەر ئەمڕۆ بێدەنگ بێت، ئەوا وەک هاوکاری تاوانباران دەمینێتەوە. ئەوەی سەلەفییەکان ئەنجامی دەدەن، تەنیا لادانێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی ڕوحی و جەستەیی مرۆڤەكانە لە پەنای پیرۆزیدا. کۆمەڵگایەک بانگخوازەکەی دەستدرێژی بکاتە سەر شەرەفی خەڵک و دواتر بە ئایەت و فەرموودە پاساوی بۆ بهێنێتەوە، کۆمەڵگایەکی تەنیا نەخۆش نییە، بەڵکو لە لێواری مەرگی ئەخلاقیدایە. چارەسەری ئەمەش تەنیا بە نەشتەرگەرییەکی گەورەی فیکریی دەبێت، بەوەی ئەو کایە ئایینییانەی بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، دابخرێن یان بە تەواوی ڕێک بخرێنەوە. ئێمە پێویستمان بە مرۆڤی ئازاد هەیە، نەک کۆیلەیەک کە لە ترسی دۆزەخی بانگخوازەکان نەوێرێت بەرگری لە مافی خۆی بکات. نیچە کاتێک دەیگوت خودا مردووە، مەبەستی ئەوە بوو ئەو مانا کۆن و توندوتیژانەی مرۆڤیان کۆت کردبوو چیتر کار ناکەن؛ لێرەدا دەبێت ئەو مانا توندڕەوانەی ئایین کە سەلەفییەکان دەیانەوێت بیسەپێنن، بمرێندرێن تا مرۆڤی کورد بتوانێت بە ئازادی بژی.
  ئەم گوتارە بانگخوازییە مۆدێرنەیە، بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ بڵاوکردنەوەی جەهل، ئەمەش مەترسیدارترین جۆری جەهلە. ئەمانە  ئەو جۆلانەیەن تەنیا دەزانن بۆ دواوە بگەڕێنەوە. لە کاتێکدا جیهان بەرەو دۆزینەوەی گەردوون و تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی جینات دەڕوات، بانگخوازەکانی ئێمە هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوەن لەوەی چۆن ژنی سێیەم و چوارەم بێنن و چۆن کچان هەڵبخەڵەتێنن. ئەمە ئەو کارەساتە نیشتمانییەیە پێویستە وەزیری خوێندنی باڵا ڕووبەڕووی ببێتەوە. کاتێک جۆرج تەرابیشی باس لە برینداریی نێرگسیی ئەقڵی ئیسلامی دەکات بەرانبەر بە مۆدێرنیتە، مەبەستی ئەو پەرچەکردارە توندوتیژەیە کە ئایینگەراکان بۆ پاراستنی پێگەی لەرزۆکی خۆیان نیشانی دەدەن. لە کوردستان، ئەم پەرچەکردارە لە شێوەی دروستکردنی هەزاران بانگخواز و کردنەوەی ئەم هەموو کۆلیژی شەریعەدا ڕەنگی داوەتەوە، کە لەبری ئەوەی ناوەندی مەعریفە بن، بوونەتە کارگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤە دواکەوتووەکان. 
  بۆچی لە کۆمەڵگایەکدا کە زۆرینەی موسڵمانە، هێشتا پێویستمان بەم هەموو ئامۆژگارییە غەریزەییانە هەیە؟ وەڵامەکەی لای ناسر حامد ئەبو زەیدە؛ کاتێک دەڵێت ئایین لە دەستی دەسەڵاتخواز و بەرژەوەندخوازەکاندا دەگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆژیایەکی داخراو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و ئەقڵی خەڵک. ئەم هەموو بانگخوازە بۆ ئەوە نین خەڵک بەرەو خودا ببەن، بەڵکو بۆ ئەوەن خەڵک لە ڕاستی و ئازادی داببڕن و، هەمیشە لە دۆخی هەستکردن بە تاواندا بیانهێڵنەوە، چونکە مرۆڤ كاتێك هەستی بە تاوانکاری كرد، ئاسانتر کۆنتڕۆڵ دەکرێت. کۆلیژی شەریعە لە ناو زانکۆیەکی مۆدێرندا، وەک پارچەیەکی نامۆ و ژەهراوی وایە دەیەوێت زانست و لۆژیک لەناو ببات. کاتێک سەلەفییەک بە ناوی ئایینەوە دەست بۆ ژنی بە مێرد دەبات و دواتر بە پاساوی ئایینی دەیباتە ناو حەرەمی خۆی، ئەمە داڕمانی کۆتایی ئەو ئەخلاقەیە کە ئایین بانگەشەی بۆ دەکات. لێرەدا دەبێت چەکوشەکەی نیچە ئەو پەیکەرە وەهمییەی پیرۆزیی وردوخاش بکات، چونکە پیرۆزییەک کە شەرەفی مرۆڤ پێشێل بکات، تەنیا داپۆشینی پیسییە.ئەمە رێك ئەو  جەهلی پیرۆزەیە كە ئۆلیفەروا دەڵێت،جەهلی پیرۆز بە واتای نەخوێندەواری نییە، بەڵکو بە واتای دابڕانی ئایینە لە کولتوورو مەعریفەو مێژوو.
  فەرەج فۆدە لە بەرانبەر ئەم جۆرە توندڕەوییەدا ژیانی خۆی بەخت کرد، چونکە دەیزانی ئەگەر ئایینگەراکان جڵەوی کۆمەڵگا بگرنە دەست، یەکەم شت کە دەیکوژن، کەرامەتی ژنە. سەیید قەمنی دەڵێت توندڕەوەکان هەمیشە لە مێژوودا بە دوای کون و کەلەبەری ژیانی خەڵکدا گەڕاون بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن. ئەمڕۆ لە کوردستان، ئەم کارە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە ناو هەناوی ناوەندە ئەکادیمییەکاندا دەکرێت. پێویستە حکومەت بێدەنگی بشکێنێت و پێداچوونەوە بەم دەزگا ئایینییە زەبەلاحانەدا بکات کە تەنیا جەهل و بێڕەوشتی بەرهەم دەهێنن. دافید هیوم پێی وابوو ئایین کاتێک لە دەستی مرۆڤی نەزاندا بێت، دەبێتە هۆی تێکدانی ئەخلاقی سروشتی؛ ئەخلاقی سروشتی دەڵێت نابێت دەست بۆ نامووسی کەس ببرێت، بەڵام سەلەفییەت دەڵێت لەژێر ناوی شەرعدا هەموو شتێک ڕێپێدراوە.زانکۆ دەبێت شوێنی داهێنان بێت، نەک شوێنی ئیستیغلالکردنی کچان. ئێمە لە سەدەی بیست و یەکداین،سەردەمی AI ، ئاخر چۆن  دەکرێت سیستەمێکی خوێندنمان هەبێت هێشتا باس لە کۆیلەکردنی ژن بکات. ئەمەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت، ململانێی نێوان ڕووناکی و تاریکییە؛ نێوان ئەو ئەقڵەی دەیەوێت مرۆڤ ئازاد بێت و ئەو ئەقڵەی دەیەوێت مرۆڤ بکاتە کۆیلەی دەقە مردووەکان. ئەگەر کۆلیژی شەریعە و مزگەوت و بانگخوازەکان خزمەت بە کەرامەتی مرۆڤی کورد ناکەن، بوونیان چییە جگە لە وێرانکاری؟ وەزیری خوێندنی باڵا نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی گوشاری حیزبە ئایینییەکان، چونکە هەر کەمتەرخەمییەک، مێژووی ئەو دەخاتە تەنیشت مێژووی سەلەفییەکان.
  ئەو کچانەی غەدریان لێ کراوە، دەبێت بزانن کە یاسا دەبێت لە پشتیان بێت. بێدەنگی لە بەرانبەر زوڵمی سەلەفییەکان، گەورەترین زوڵمە لە مرۆڤایەتی. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی فیکری هەیە بۆئەوەی ئەقڵ بۆ پێگەی خۆی بگەڕێتەوەو ئایینیش بۆ ناو دڵەکان بگەڕێتەوە، نەک ببێتە ئامرازێک بۆ پشکنینی جەستەی کچان. نیچە دەیگوت دەترسم ڕۆژێک مرۆڤە پیرۆزەکان جیهان وێران بکەن؛ ئەمڕۆ ئەو ترسە خەریکە دەبێتە واقیع. پێویستە هەموو ئەو کۆنترۆڵە بێمانایانەی بە ناوی ئایینەوە لە زانکۆکاندا دەکرێن، هەڵبوەشێنرێنەوە. ئێمە پێویستمان بە پزیشک و ئەندازیار و فەیلەسووف و لێكۆڵەرو هونەرمەندو ئەدیبی گەورە هەیە، نەک بەو کەسانەی مرۆڤ لە ژیان بێزار دەکەن. کوردستان شایەنی ئەوەیە نەوەیەکی ئازاد و خاوەن ئەقڵێکی کراوەی هەبێت. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن؛ ئایا دەتوانن مرۆڤی کورد لە چنگی ئەم جەهلە پیرۆزە ڕزگار بکەن؟ بڕیارەکە لە دەستی ئێمەدایە و مێژووش تەنیا ئازایەتی دەنووسێتەوە.
  تا ئێستا هێزی ڕاستی لە هەموو دەمامکەکان بەهێزتر بووە. ئەو تەمی جەهلەی سەلەفییەکان بڵاویان کردۆتەوە، تەنیا بە تیشکی ئەقڵ و شکاندنی ئەو بتە وەهمییانە دەڕەوێتەوە. وەزیری خوێندنی باڵا و هەموو خاوەن بڕیارەکان دەبێت تێبگەن پاراستنی کەرامەتی تاکێک، پاراستنی کەرامەتی هەموو نیشتمانە. ڕێگەدان بە بەردەوامی ئەم دۆخە، بە مانای خۆبەدەستەوەدانە بۆ ئەو تاریکییەی دەیەوێت هەموو جوانییەک لەم خاکەدا لەناو ببات. کاتی ئەوە هاتووە چەکوشەکانمان هەڵبگرین و ئەو پەیکەرە درۆزنانەی پیرۆزی بشکێنین کە لەسەر بنەمای ترس و ئیستیغلال دروست کراون، تا مرۆڤی کورد بتوانێت لە ژێر تیشکی ڕاستی و ئازادیدا مانا بۆ ژیانی خۆی بدۆزێتەوە.