مرۆڤی کورد، لە نێوان شاری کۆنکرێتی و خەونی دیجیتاڵیدا

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 40 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  
   لە مێژوی شارستانیەتەکاندا، شار هەمیشە، وەک منداڵدانی شیاو لەبار ئەژماردەکرێ، بۆ لەدایکبونی پرۆسەی بیرکردنەوەی عەقڵانی، ڕزگاربونی تاک، لە کۆتوبەندە نەریتی و خێڵەکییەکان و بەرپاکردنی فەزای گشتی، بۆ گفتوگۆو دایالۆگ. بەڵام شاری هاوچەرخ، بە تایبەت لە قۆناغی تێکەڵبونی، لەگەڵ تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی سیبرنێتیکی و دونیای گریمانەیی ( ئیفتراضی)، چیتر ئەو فەزایە نییە، مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ بێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ "تاراوگەیەکی ئیجباری". ئەم گۆڕانکارییە، نامۆبونی مرۆڤی گەیاندۆتە قۆناغێکی ترسناک، تیایدا تاک لە ڕەهەندە ڕوحی و کۆمەڵایەتیەکانی، بە یەکجاری داماڵراوە. لەم ناوەندەدا، مرۆڤی کورد هاوشێوەی تاکی جیهانی، بەڵام لەگەڵ قەیرانگەلێکی لۆکاڵیی قووڵتردا، لە نێوان واقیعێکی سارد وسڕ و شاشەیەکی ڕەنگاو ڕەنگی فریودەردا بێ ناونیشان و سەرگەردانە.

   ئەگەر نامۆبونی کلاسیک لای کارڵ مارکس، بریتی بێت: لە دابڕانی کرێکاران لە بەرهەمی کارەکەیان، لای هێربرت مارکوزە بگۆڕێ، بۆ تەنها ئامێرێکی مەسرەفگەرا، ئەوا نامۆبونی هاوچەرخ، لای بیرمەندانی وەک ژان بۆدریار و بیونگ چول هان، دابڕانی مرۆڤە لە خودی خۆی، واتا لە (بوون و واقیع). مرۆڤی ئەم سەردەمە، ئەوەندەی لە ناو دونیای گریمانەییدا دەژی، ئەوەندە لە ناو دونیای ڕاستیدا ئامادەی نیە. ئەم دۆخە بۆتە هۆی ( نا ئامادەگی گشتی و ڕاستەقینە) . ڕاستە ئێمە لە ڕوی فیزیکییەوە لە نێو جەستەیەک و شوێنێکداین، بەڵام ئاگامەندیمان لە ناو ئەلگۆریتمەکاندایە. ڕەهەندی ڕوحی، کە لەسەر بنەمای ڕامانی قووڵی زهنی و ئەخلاقی، بۆ دروستکردنی مانای بونیادی دامەزراوە، جێگەی خۆی چۆڵکردوە بۆ فەراغێکی بەردەوام، شەپۆلێکی چڕی بێ دوایەکی، لە زانیاری و تێپەڕینی خێرای وێنەکان، لە مۆدیلی ( ڕیلز) دا، تەنها هەڵچونێکی کاتی بەرهەم دەهێنن، نەک مانا و تێگەیشتنی قوڵ. ئەوەتا هەست و سۆزەکانی وەک (عەشق، خەم، هاوسۆزی،هاوسەرگیری، دابڕان.. تا دەگاتە مردن و لەدەستدانی ئازیزان) تەنها ئەزمونی ڕوحی و خودی نین، بەڵکو گۆڕاون بۆ داتاو ئاماری (لایک و شەیر) لە بازاڕی سەرمایەگوزاری سۆسیال میدیادا.

   کۆنتێکست و بارودۆخی کوردستان، لەم هاوکێشەیەدا پڕە لە پارادۆکس. شارەکانی کوردستان بە شێوازێکی سروشتی و قۆناغ بە قۆناغ، نە گوازراونەتەوە بۆ شاری مۆدێرن، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی نیمچە تەقلیدی و خێڵەکییەوە، بەبێ تێپەڕین بە قۆناغی پیشەسازی و جێگیربونی فیلتەری بیرکردنەوەی عەقڵانی، ڕاستەوخۆ فڕێدراوینەتە ناو جەنجاڵی شاری چیمەنتۆیی و شاشە دیجیتاڵییەکان.
    شارە سەرەکیەکانی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک) لە ڕوی فیزیکییەوە بە خێرایی گەورە دەبن، تاوەرە بەرزەکان، مۆڵەکان و شەقامە پانەکان دروست دەکرێن، بەڵام ئەم گەشە فیزیکییە، نەبۆتە هۆی دروستبونی فەزایەکی گشتیی ڕەخنەیی، یان دامو دەزگای مەعریفی وعەقڵانی. چونکە شاری کۆنکرێتی، تاڕادەیەکی زۆر بەبێ‌ ئەندازە سازی فیکر، مرۆڤی کوردی لە گوند یان گەڕەکە تەقلیدیەکەی هەڵکەند، بەڵام لە ناو شاری نوێدا نەیکرد بە (تاکێکی ئازادو سەربەخۆ و جێگیر)، بەڵکو تەنها بوبە کڕیارێکی ناچاری و نامۆ، لە ناو لێشاوی قەرەباڵغی و مۆدیلی کاڵای جۆراوجۆردا.
    لەبەر ئەوەی واقیعی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان، لەسایەی دەسەڵاتێکی خۆپەرستەوە، سیخناخە لە نائومێدی، بنبەستی سیاسی و قەیرانی ناسنامە، تاکی کورد زۆر بە توندی پەنای بردۆتە بەر(تاراوگەی گریمانەیی). شاشەی مۆبایلەکان وەک پەناگەیەک بۆ خۆدزینەوە، لە واقعی ئاڵۆزو شێواو،  چونکە ئەم شاشانە تەنها ئامراز نین، بەڵکو هێورکەرەوەیەکن، بۆ ڕاکردن لە واقیعێکی تاڵ. مرۆڤی کورد لە ناو شاشەکەیدا پادشایە، دەتوانێت ڕەخنە بگرێت، هاوار بکات، جنێو بدات، یان خۆی لە پشت فلتەرەکانەوە جوانتر پێشان بدات، بەڵام کاتێک شاشەکە دەکوژێنێتەوە، خۆی لە ناو شارێکی کۆنکرێتیدا دەبینێتەوە، کە بە داخەوە هیچ ئاسۆیەکی ڕونی پێ نابەخشێت.

   لە کاتێکدا یۆرگن هابەرماس باسی لەوە دەکرد، شار فەزایەکی گشتی بۆ دیالۆگ دروست دەکات، لە کوردستاندا فەزای گشتی ڕاستەقینە (وەک ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی مەعریفە، یانە ئەدەبیەکان شەقامی زیندوی گفتوگۆ، تەنانەت زانکۆو پەیمانگاکان) لەباربراوە. سۆشیاڵ میدیا وەک (فەزایەکی گشتیی ساختە) جێگەی گرتۆتەوە. لەم فەزا دیجیتاڵییەدا، ململانێی فیکریی قووڵ بۆتە (شەڕی ترێندەکان، ڕەواجی بابەتە پوچ و ڕاگوزەرەکان، دەرکەوتنی جڕوجانەوەری عەنتیکە، وەک فیگوری کۆمەڵایەتی، مینبەری شەڕەجنێوی ساختەچی و دینبازەکان …). هۆشیاریی گشتی لە لایەن ئەلگۆریتمەکان و ئاڕاستەکەرانی سۆشیاڵ میدیاوە (ئنفلوێنسەرەکان)، کۆنترۆڵ دەکرێت. لێرەدا، ڕۆشنبیران یان ڕەخنەگران بەگشتی، پێش ئەوانیتر توشی جۆرێک نامۆیی دووسەرە دەبنەوە، ئەوان نە لە ناو کایەی سیاسی و شاری فیزیکیدا جێگەیان دەبێتەوە، نە لە ناو فەزای دیجیتاڵیدا، کە دەنگی عەقڵ لە ناو ژاوەژاوی دونیای گریمانەیی عەوامدا ون دەبێت.

   مۆدیلی شاری مۆدێرن و جیهانی دیجیتاڵی، مرۆڤی کوردیان ڕوو بەڕوی قەیرانێکی بونیادی( ئیکزیستانساڵ) کردۆتەوە. ئێمە لە ناو واقیعدا ناژین، بەڵکو لە ناو (سیمولاکرا) یان وێنە کۆپیکراوەکانی واقیعدا دەژین، تەنانەت ململانێی نیشتمانی، چینایەتی و فیکرییەکانیشمان بونەتە بابەتێکی دیجیتاڵی ڕاگوزەر. گرەو لەسەر کۆکردنەوەی لایک و شێرو کۆمێنتە، نەک ڕاستی و ڕەوایەتی. تاراوگەی ناچاری شاشەکان، بە دیزاینە سەرنجڕاکێش و خێراکەی، وایکردوە واقیعی ڕاستەقینە لەبەرچاو سارد وسڕو بێزارکەر بێت، بەڵام ئەمە تەڵەیەکی گەورەیە. دەستەبژێری ئۆلیگاریشی دەسەڵاتدار، نەک هەر بێ تاوان نیە لە نانەوەی، بەڵکو هەمو توانای بۆ درێژەپێدانی ئەم نۆرمە تەرخان کردوە، هەر بۆیە مرۆڤی کورد، بۆ ڕزگاربون لەم داماڵینە ڕوحی و کۆمەڵایەتیە، پێویستی بە جۆرێک لە بەئاگا هاتنەوە یان (یاخیبونی بونیادی) هەیە، یاخیبونێک جارێکی تر متمانە و بەها بۆ (ئامادەیی فیزیکی)، پەیوەندیە قوڵ و گەرموگوڕە مرۆییەکان، گەڕانەوە بۆ شەقام و فەزای گشتی ڕاستەقینە بگەڕێنێتەوە، دژ بەو ماشێنە ترسناکە جیهانی و لۆکاڵیەی، دەیەوێت مرۆڤ بکاتە تەنها ژمارەیەکی بێ ڕوح، لە ناو تۆڕەکانی داتا و شارە کۆنکرێتیەکاندا، تا لە ئەنجامدا زۆر بێ ڕوحمانە وردوخاشی بکات .

   د. ئەمیر حسێن