ژنێکی کورد لە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە باس لە رەوشی مافی مرۆڤ و ژنانی عێراق دەکات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ژنێکی کورد بەنوێنەرایەتی تەواوی ژنانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە هاواری نادادی و هەڕەشە و سانسۆرەکانی بەردەم مافی مرۆڤ بە گشتی و ژنان بە تایبەتی بە گوێی دونیادا دەدات و داوا دەکات نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پاراستنی ژنان لە هەڕەشە و تۆقاندن و کوشتن.


خانم رەحیم، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسودە بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە کە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانێتی "الحرة"یە، لە 62هەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لە جنێف بەشداریکرد و وتارێکی بەناوی ژنان و کچانی عێراقەوە پێشکەشکرد و باسی لە دۆخی مافی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ژنان بە تایبەتی کرد لە عێراق.

لە وتارەکەیدا خانم رەحیم باسی لەوەکرد کە " لە ئێستادا عێراق بە قۆناغێکی گرنگی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی دیموکراسی و سەقامگیریدا تێدەپەڕێت. یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسی دڵنیابوونە لە بەشداریکردنی ژنان و پشتگیریکردنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان وەک هاوبەشی سەرەکی لە بنیاتنانی ئاشتی و گەشەپێدان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا، ئێمە شاهیدی پەرەسەندنی کاردانەوە بووین لە دژی ڕێکخراوەکانی سەرکردایەتی ژنان و چالاکوانانی ژنان. ئەمەش هەڵمەتی چەواشەکاری و قسەی ڕقاوی و هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی فەزای مەدەنی دەگرێتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا ژنانی چالاکوان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ تووشی هەڕەشە و تۆقاندن و هێرشی جەستەیی و تەنانەت کوشتنیش بوونەتەوە".

سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسودە لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە نەتەوە مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد بۆ پاراستنی ژنانی عێراق لە هەڕەشە و تۆقاندن و کوشتن هاوکار و پشتیوان بن و ببنە بەشێک لە سەقامگریی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق  لە ڕێگەی زیادکردنی پاڵشپتی دارایی و مەعنەوی و تەکنیکی بۆ رێکخراوەکانی ژنان و بەهێزکردنی میکانیزمی پاراستن و پاڵپشتی بۆ ژنانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و چاودێریکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێن. هەروەها پشتیوانی لە بەشداریکردنی مانادارانەی ژنان لە پرۆسەکانی بڕیاردان و بنیاتنانی ئاشتی.

لە کۆتایی وتارەکەیدا خانم رەحیم ڕویکردە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان و وتی " ئەگەر باوەڕتان بەو کارە هەیە کە ئێمە دەیکەین، بە تەنیا جێمان مەهێڵن، لەگەڵمان بوەستن تا بتوانین درێژە بە گەشتەکەمان بدەین و ئەرکەکەمان تەواو بکەین بۆ خزمەتی زیاتری ژنانی عێراق و پاراستنیان لە هەر مەترسییەک و پەرەدان بە مافەکانی مرۆڤ ".