بۆچی ناتانیاهۆ زەرەرمەندی سەرەکیی جەنگی ئێران و ئەمریکایە؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیکەرەوەکان، بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا و سەرچاوە دیپلۆماسییەکان پێیان وایە گەورەترین زیانمەندی ڕێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران، تەنیا ستراتیژیەتی ئیسرائیل نییە بەرامبەر بە ئێران، بەڵکو ئەو خەرمانە سیاسییەیە کە بنیامین نەتانیاهۆ بە درێژایی دەیان ساڵ بۆ خۆی دروستی کردبوو؛ وەک تاقە سەرکردەی ئیسرائیلی کە دەتوانێت واشنتۆن بۆ مەرامەکانی خۆی و دژایەتیکردنی ئێران ڕامبکات و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. 

 
ناتانیاهۆ پێگەی سیاسیی خۆی لەناو ئیسرائیلدا لەسەر ئەو بانگەشە بوێرانەیە بنیات نابوو کە تەنیا ئەو و کەسی تر نا، دەتوانێت هاوئاهەنگیی ستراتیژیی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بپارێزێت. 

ئەو بەڕاکێشانی سەرنجی کۆمارییەکان و بەدەستهێنانی پشتگیرییان، خۆی وەک تاقە سەرکردەیەک نیشان دەدا کە توانای کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا هەیە و هەمیشە جەختی دەکردەوە کە تەنیا گوشاری سەربازیی بەردەوام دەتوانێت تاران کۆنترۆڵ بکات. 

لەلوتکەی دەسەڵاتیدا، نەتانیاهۆ وەک کەسێک دەبینرا کە خاوەنی وشەی بیستراوە لە ئەمریکا و دەتوانێت بە تەلەفۆنێک هاوکێشە ستراتیژییەکانی واشنتۆن بگۆڕێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەتەواوی سەرەوژێر بۆتەوە.
ڕێککەوتی کاتیی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لە مانگی شوباتدا دەستی پێکرد، دەریخست کە چۆن چیڕۆکەکە گۆڕاوە. نەتانیاهۆ ئێستا لەجیاتی ئەوەی داڕێژەری سیاسەتی واشنتۆن بێت بەرامبەر ئێران، ناچارە خۆی لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیەدا بگونجێنێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێستا دەیەوێت بە دیدگایەک بگاتە ڕێککەوتن و سات و سەودا لەگەڵ ئێران کە تێیدا ناڕەزایەتیی و تێبینییەکانی ئیسرائیل تەنیا وەک سنووردارکردنێک یان کۆسپێکی لاوەکیی دەبینێت نەک بڕیاردەر. 

ناتانیاهۆ ئێستا لە نێوان سەرۆکێکی ئەمریکی سوور لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و بنکەیەکی جەماوەری ناوخۆیی کە دژی پێشکەشکردنی هەر سازشێکە، گیری خواردووە؛ بەتایبەت لە بەرەی لوبنان، کشانەوە مەترسیی پەرچەکرداری توندی سیاسیی ناوخۆیی هەیە، و بەردەوامبوونی پەرەسەندنەکانیش مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆنی لێدەکەوێتەوە.

نەتانیاهۆ هیوای دەخواست ئەم شەڕە میراتی ئەو وەک سەرکردەیەکی مێژوویی دژە ئێران بچەسپێنێت، بەڵام ڕەنگە یادەوەریی ئەم شەڕە تەنیا وەک ململانێیەک بۆ کۆتاییهێنان بە سەرەکیترین سەرچاوەی هێزی ئەو بمێنترێتەوە.

ناتانیاهۆ لە دەرەوە گۆشەگیرە، لە ناوخۆشدا بارقورسە بە کۆتوبەندەکان و لە دۆخێکی خراپدایە پێش هەڵبژاردنەکانی پایز، بەتایبەت کە لەسەرەتای شەڕەکەدا بەڵێنی سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی دابوو، بەڵام نە ڕژێمی ئێران ڕووخا، نە حیزبوڵڵا لە ناوچوو و نە دانیشتوانی باکووری ئیسرائیلیش گەڕانەوە ماڵەکانیان.

ئەڤیف بوشینسکی، ڕاوێژکاری پێشووی نەتانیاهۆ، دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە گورزێکی کوشندەیە بۆ ئەو، چونکە نەک هەر شەڕی ئێرانی دۆڕاند، بەڵکو ترەمپشی وەک دۆست لەدەستدا و کەوتە ناو ناکۆکی قووڵەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا.

هەرچەندە نەتانیاهۆ دەڵێت پەیوەندییان باشە و تەنیا کەمپینێک هەیە بۆ بچووککردنەوەی دەستکەوتەکانی، بەڵام ڕاستییەکان پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. بەرپرسانی ئەمریکاش هێشتا دەڵێن پابەندن بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە، بەڵام ترەمپ ڕاشکاوانە ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل گرتووە لە لوبنان و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکیش، هۆشداری داوە لەوەی کە پەیوەندییەکە مەرجدارە.

لایەنی ئێرانیش، بە گوتەی عەلی واعیز، زیرەکانە هەوڵ دەدات ئەم درزەی نێوان واشنتۆن و تەلئەڤیڤ گەورەتر بکات و واشنتۆن بخاتە دۆخی هەڵبژاردن لە نێوان پاراستنی ڕێککەوتنەکە یان پشتگیری هاوپەیمانەکەی.

نەتانیاهۆ ئێستا تۆڕی پاراستنی کۆمارییەکانیشی لەدەستداوە، چونکە هیچ کۆمارییەک ئامادە نییە لەبەر نەتانیاهۆ پشتی ترەمپ بەربدات، بەمەش ئەو ڕەسیدە سیاسییەی پێشتر هێزی پێدەدا، ئێستا بۆتە گەورەترین ڕێگر لەبەردەمیدا.