شارپرێس:
لەپەیامێکی زۆر تونددا کە شۆکێکی گەورەی لەناوەندە سیاسییو سەربازییەکانی ناوچەکەو جیهاندا دروستکردوه، ڕێبەری باڵاى ئێران هێڵە سورەکانی بەزاندو ڕاستەوخۆ فەرمانی بەدەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەی کرد کە بچنە ناو جەنگێکی یاساییو ئەمنی بێبەزانیانە دژی "تاوانبارانی نێودەوڵەتی"، چاودێرانیش دهڵێن، "ئەم پەیامە کە لەساڵیادی دامەزراندنی دەسەڵاتی دادوەریدا بڵاوکرایەوە، وەک نەخشەڕێگهیەکی توند بۆ قۆناغی داهاتوو سەیر دەکرێت".
بۆ یەکەمجار، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران چەمکی "جەنگی سێیەمی سەپێنراو"ی لەدژی وڵاتەکەی بەفەرمی بەکارهێنا، بەتایبەت بۆ ڕوداوەکانی ساڵانی 2025و 2026و بەتوندی هێرشیکردەسەر سەرکردەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، وتى، "دانپێدانانو شانازیی لوتبهرزانهى سەرکردەکانی ئەمریکاو تەلئەبیب بەم تاوانانە، بەڵگەیەکی فەرمیو یاسایی حاشاهەڵنهگرە بۆ دادگاییکردنیان".
لەپەیامەکەیدا، خامنەیی ئاماژەی بەزنجیرەیەک تاوانی گەورە کرد کە بەرامبەر گەلی ئێران کراون؛ لەوانە کۆمەڵکوژی ژنو منداڵان لەناوچەکانی (مینابو لامەرد)، هێرشکردنەسەر نەخۆشخانەکانو کوشتنی منداڵانی ساوا.
ئەو جەختیکردەوە، "لەسەروی هەموو ئەمانەشهوە شەهیدکردنی عهلى خامنهیى، ئەمەش مەلەفێکی قورسەو دەبێت تاوانباران دەستگیربکرێنو توندترین سزایان بەسەردا بسەپێنرێت".
ڕێبەری ئێران ڕاشیگەیاند، هیچ دەسەڵاتو نفوزێک ڕێگرنابێت لەبەردەم جێبەجێکردنی دادپەروەریی.
پەیامەکە کۆتایی بەهەموو جۆرە نەرمییەک هێناو جەختیکردەوە، "ئەوەی مسۆگەرو حەتمییە، ڕاوکردنی تاوانباران، لێپرسینەوەو سزادانیانە لەسەر کارە تیرۆریستییەکانیان"، چاودێرانیش پێیانوایە ئەم پەیامە ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆو توند لەناوچەکەدا.
ئهم پهیامهش لهكاتێكدایه، پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ى ئهمریكى لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردوهتەوە، واشنتۆنو تاران لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکانی نێوانیان ڕێککەوتون، هەربۆیە چاوەڕواندەکرێت سبهینێ سێشەممە لەدەوحە کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لەسەر گەروی هورمز.
