تەقاندنەوەی هێڵەکانی نۆرد سترێم

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لێدانێکی گەورە کە ئاسایشی وزەی ئەوروپای گۆڕی
بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
کتێبی پیلانگێڕی نۆرد سترێم (The Nord Stream Conspiracy)، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٦دا لەلایەن ڕۆژنامەنووسی لێکۆڵەر بۆیان پانسۆسکی بڵاوکرایەوە، پەردەى لەسەر یەکێک لە گەورەترین و ناڕوونترین ئۆپەراسیۆنەکانى شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینای هەڵدایەوە؛ ئەویش تەقاندنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی گازی نۆرد سترێم بوو لە دەریای بالتیک لە ئەیلوولی ٢٠٢٢.
بەپێی زانیارییە نوێکان، ئەم هێرشە نەک کاری هێزێکی گەورەی جیهانی بوو، وەک سەرەتا دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەکان پێیان وابوو، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیی ئۆکراینی بوو کە ژمارەیەکی سنوورداری ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازی ئۆکراین پلانیان بۆ داڕشتبوو و تیمێکی بچووک لە مەلەوانە مەدەنی و سەربازییەکان جێبەجێیان کرد.
ڕووداوەکە وردەکارییەکی بێوێنە لەسەر پلاندانان، نهێنی پارێزی، و شێوازەکانی جێبەجێکردن ئاشکرا دەکات و دەریدەخات کە چۆن ئۆکرانیا توانی ئۆپەراسیۆنێکی ستراتیژی جێبەجێ بکات کە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار زیانی ئابووری لێکەوتەوە و داهاتووی ئاسایشی وزەی ئەورووپای گۆڕی.
پاشخانى ستراتیژی
پڕۆژەی نۆرد سترێم یەکێک بوو لە گرنگترین پڕۆژە جیۆسیاسییەکانی ڕووسیا دوای کۆتایی شەڕی سارد. ئەم پڕۆژەیە لە دوو هێڵی Nord Stream 1 و Nord Stream 2پێکهاتبوو و بۆ زیاتر لە ١٢٠٠ کیلۆمەتر لە ژێر دەریای بالتیک درێژ دەبوەوە. تێچووی دروستکردنی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار بوو. ئامانجی سەرەکیی ڕووسیا ئەوە بوو کە ڕاستەوخۆ گازی ڕووسی بگاتە ئەڵمانیا، بەبێ تێپەڕبوون بە ئۆکراین و پۆڵەندا، و بەو شێوەیە ئەورووپا زیاتر پشتى بە گازى ڕووسیا دەبەستێت. لە دیدی ئۆکرانیاوە، ئەم پڕۆژەیە واتای لەدەستدانی پارەی گواستنەوەی گاز، کەمبوونەوەی گرنگی جیۆسیاسیی خۆی، و بەهێزبوونی هەژموونى ڕووسیا لە ئەورووپا بوو.
پاڵنەرەکانى ئۆکرانیا
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین لە شوباتی ٢٠٢٢، بوونی نۆرد سترێم بۆ کییف بووە مەترسییەکی ستراتیژی. لەبەر ئەوە، هەندێک نێوەندى هەواڵگریی ئۆکرانیاپێیان وابوو تێکدانی ئەم هێڵانە چەند ئامانجێکی گرنگ دەپێکێت لەوانە:
1. ڕێگری لە هەر نزیکبوونەوەیەکی داهاتووی ئەڵمانیا و ڕووسیا.
2. لابردنی کارتی فشاری ڕووسیا لە بواری وزە.
3. ناچارکردنی ئەورووپا بۆ پشتبەستن بە سەرچاوەی جێگرەوەی وزە.
4. بەرزکردنەوەی نرخی شەڕ بۆ ڕووسیا.
پلاندانانی ئۆپەراسیۆن
پلاندانەران ناوی نهێنی ئۆپەراسیۆنی دڵۆپ(Operation Drop) یان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە هەڵبژارد. دوو ئەفسەری پلە بەرزی هەواڵگریی سەربازی ئۆکرانیا، کە لە کتێبەکەدا بە ناوی خوازراوى جەنەراڵ و عەقید ناسێنراون، سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکەیان کرد. ژمارەی ئەو کەسانەی ئاگاداری پلانەکە بوون زۆر سنووردار بوو، و هەموو کارەکان لەسەربە بنەمای Need to Know ئەنجام دران؛ واتە هەر ئەندامێک تەنها ئەو بەشەی دەزانی کە پێویست بوو بۆ ئەرکەکەی.
چیرۆکی پۆششی هەواڵگری
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ئەوە بوو کە تیمەکە چیرۆکێکی ئامادەی هەبوو ئەگەر لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیا یان سویدە ئاشکرا بوونایە. چیرۆکەکە بریتی بوو لە دەرهێناناى فیلمێکی پۆرنۆگرافی لە ژێر ئاو. هەرچەندە ئەم وەڵامە سەیر دەردەکەوێت، بەڵام فەرماندەی ئۆپەراسیۆن پێی وابوو کە ئەم چیرۆکە کەمتر گومان دروست دەکات لەوەی کە کەسێک بەبێ هیچ هۆکارێک ئامێری پیشەیی مەلەوانی هەڵبگرێت. ئەمە گرنگی تاکتیکی فێڵ و گومڕاکردن(Deception) لە کارە هەواڵگرییەکان دەردەخات. تیمەکەش لەچوار پیاو و یەک ژن پێکهاتبوو. هەموویان لە سەر مەلەوانی تەکنیکی، و کارکردن لە قووڵایی زۆر ڕاهێنرابوون.
ئالنگاری تەکنیکی
هێڵەکانی نۆرد سترێم نزیکەی ٨٠ مەتر لە ژێر ئاودان؛ ئەم قووڵاییەش زۆر لە سنووری مەلەوانی ئاسایی تێدەپەڕێتوئەوەش چەندین ئالنگارییەک دروست دەکات، لەوانە فشاری بەرزی ئاو، کاتی سنوورداری کارکردن، پێویستی بە هەڵکشانی هێواش بۆ کەمکردنەوەی فشا، مەترسی کەمکردنەوەی فشار وسەختی دانانی تەقەمەنییەکان بە وردی. لەبەر ئەوە، پێدەچێت تیمەکە لە ئامێری مەلەوانی تایبەت و سیستەمی Closed-Circuit Rebreather سوودی بینیبێت بۆ کەمکردنەوەی دەنگ و ڕێگریکردن لە دروستبوونی بڵقی ئاو.
جێبەجێکردنی تەقاندنەوە
لە شەوی ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، تەقەمەنییەکان لە شوێنی خۆیان دانران. پاشان تیمەکە شوێنی ڕووداوەکەی جێهێشت و تەقاندنەوەکە دواتر لە دوورەوە چالاک کرا و بووە هۆى لەکارخستنى سێ هێڵى گواستنەوە لەکۆى چوار هێڵ، لە کار خستنى تەواوی پڕۆژەکە.
 
کاریگەریی ژینگەیی
تەقاندنەوەکە بووە هۆی بڵاوبوونەوەى نزیکەی ٣٥٠ هەزار تۆن گازی میتان. ئەمە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوەکانی بڵاوبوونەوەی میتان لە مێژووی نوێدا دادەنرێت و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا هەبوو.
لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان
دوای تەقاندنەوەکە چەندین گومان دروستبوو لەسەر ئەنجامدەرەکى لەوانە ڕووسیا خۆی هێڵەکانی تەقاندبێتەوە، ئەمریکا لە پشت ئۆپەراسیۆنەکەوە بووبێت، بەریتانیا بەشداری تێدا کردبێت، یان لەلایەن گرووپێکی تایبەت بە پشتگیریی دەوڵەتێک ئەنجامدرابێت. بە تێپەڕبوونی کات، بەڵگەکان زیاتر تێوەگلانى ئۆکرانیایان دەرخست.
بۆچی ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو؟
کتێبەکە چەند هۆکارێک باس دەکات:
1. نهێنییەکی پارێزى زۆر توند.
2. بچووکبوونی تیم.
3. پلاندانانی درێژخایەن.
4. بەکارهێنانی کەشتییەکى مەدەنی لەبری کەشتیی سەربازی.
5. هەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو.
6. لاوازی چاودێریی دەریایی لە هەندێک ناوچە.
زیانەکانی ڕووسیا
1. لەڕووى ئابووری: لەدەستدانی وەبەرهێنانێکی گەورە و لەدەستدانی ڕێگایەکی ستراتیژیی هەناردەکردنی گاز.
2. لە ڕووى سیاسی: کەمبوونەوەی هەژمونى ڕووسیا لە ئەورووپا.
3. ستراتیژی: زیادبوونی پشتبەستنی ئەورووپا بە گازی سروشتی  ئەمریکا، قەتەر و نەرویج.
وانە هەواڵگرییەکان
ئەم ئۆپەراسیۆنە چەند وانەیەکی گرنگ دەردەخات:
1. ئۆپەراسیۆنی تایبەتی بچووک دەتوانێت کاریگەریی ستراتیژیی گەورە دروست بکات.
2. ژێرخانی گرنگ وەک هێڵەکانی گاز، کێبڵەکانی پەیوەندی و هێڵەکانی کارەبا ئامانجی ئاسانن بۆ شەڕەکانی داهاتوو.
3. فێڵ و پۆششی هەواڵگری دەتوانێت سەرنج لەسەر ئەرکەڕاستەقینەکە دووربخاتەوە.
4. ئۆپەراسیۆنەکە نموونەیەکی دیاری شەڕی هایبرد/تێکەڵبوو.
کاریگەریی جیۆسیاسی
تەقاندنەوەی نۆرد سترێم هاوسەنگی وزەی ئەورووپای گۆڕی بەهۆی:
1. خێراکردنی پلانی دەرچوون لە پشتبەستن بە گازی ڕووسیا.
2. بەرزبوونەوەی هاوردەی گازی سروشتی شل .
3. زیادبوونی وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە.
4. بەرزکردنەوەی خەرجی پاراستنی ژێرخانی دەریایی.
هەڵسەنگاندنی ستراتیژی
ئەم ئۆپەراسیۆنە یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانىهێرشی دەریایی لە مێژووی هاوچەرخدا، چونکە پلاندانانی هەواڵگری، توانای تەکنیکی و کاری نهێنیی تێکە بەیەکترکرد، و کاریگەرییەکی ستراتیژیی زۆر گەورەتری لە قەبارەی هێزی بەکارهاتوو دروست کرد.
کۆتایی
پرسی نۆرد سترێم دەریدەخات کە شەڕە هاوچەرخەکان تەنها لە بەرەکانی شەڕدا ئەنجامنادرێن، بەڵکو ژێرخانی گرنگ، وزە و ئابووری بوونەتە ئامانجی سەرەکیی ململانێی نێودەوڵەتی.
هەروەها ئەم ڕووداوە دەریدەخات کە گرووپێکی بچووکی باش ڕاهێنراو، ئەگەر بە وردی پلانی بۆ دابڕێژرابێت، دەتوانێت کاریگەرییەکی ستراتیژیی درێژخایەن لەسەر ئاسایشی وزەی ئەورووپا و هاوسەنگی جیۆسیاسیی جیهان جێبهێڵێت.
لەبەر ئەوە، پرسی نۆرد سترێم هێشتا یەکێکە لە دیارترین نموونەکانی شەڕی هایبردی، کە تێیدا ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان، تێکدانی ئابووری و ململانێی جیۆسیاسی بە یەکەوە ئاراستەی پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکەن.