ڕاوێژکارێکی زەیدیی گرنگیی گێڕانەوەی پارەو سامانی گشتیی دزراو لەسەر ئابوریی عێراق ئاشکرادەکات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە گێڕانەوەی پارە و سامانی گشتیی دزراو، متمانە بە دامەزراوە نیشتمانییەکان بەهێز دەکات و دەبێتە پاڵپشتێک بۆ گەشەپێدانی ئابووریی.


ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ئاماژەی بەوە کرد کە گێڕانەوەی ئەو پارانەی بەهۆی گەندەڵییەوە لە خولی ئابووریی دەرچوون، نەک تەنها لە ڕووی داراییەوە گرنگن، بەڵکو گوزارشت لە ئیرادەی حکومەت دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و بەدەستهێنانەوەی مافەکانی دەوڵەت، ئەمەش متمانەی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران زیاد دەکات.

هەروەک ڕونیکردوه‌تەوە کە ئەم سامانە گێڕدراوانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی فشارە داراییەکانی سەر بودجەی گشتیی‌و کەمکردنەوەی پێویستی بەقەرزکردن، هەروەک سەرچاوەی زیادە دابیندەکەن کە دەکرێت ئاڕاستەی پەرەپێدانی ژێرخان‌و کەرتەکانی تەندرووستیی، پەروەردە، نیشتەجێبوون‌و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بکرێن.

ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیران جەختیکردۆتەوە کە گەڕاندنەوەی ئەم پارانە بۆ ناو خولی فەرمیی ئابووریی، جووڵەی بازاڕ و وەبەرهێنانی حکومی چالاک دەکات، بەتایبەت ئەگەر لە پڕۆژەی بەرهەمهێناندا بەکاربهێنرێن و ئەم سەرکەوتنەش پەیامێکی دڵنیاکەرەوە بۆ کەرتی کار و بازرگانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەنێرێت و ژینگەیەکی شەفاف درووست دەکات.