ئەمریکا پشتیوانی هەڵمەتی دژەگەندەڵی زەیدی دەکات

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 259 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

موختار موسەوی، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی بەدر ڕۆژی دووشەممە دووپاتی کردەوە کە هەڵمەتی دژە گەندەڵی حکومەتی عێراق "هەموو کەس دەگرێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "پشتیوانی ئەمریکا ڕۆڵی هەبووە لە سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە و ئاشکراکردنی کەسانی گەندەڵ.

موسەوی ڕایگەیاند، "لەگەڵ سەرۆک وەزیران وەستاوین لە وەرگرتنەوەی سامانی گشتی و پشتیوانی لێدەکەین لەم پرۆسەیەدا".

 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی تۆمەتبارن لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا خاوەنی گروپێک بوون کە دەیانتوانی خەڵک بەو پارەیەی لەبەردەستیاندایە کۆبکەنەوە، هەروەها پشتیوانی ئەمریکا بەشداری لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە و ئاشکراکردنی کەسە گەندەڵەکان کردووە.

موسەوی کە ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانە، ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتانی دیکە بە وڵاتانی دراوسێشەوە سوودمەندن لەو پارانەی عێراق کە لە بانکەکانیاندا هەڵگیراون، هەروەها دووپاتیکردەوە کە هاوکاری هەیە بۆ ڕادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو کە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن.

هەر ئەمڕۆ حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە کە حکومەت پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی، ئاماژەی بە دەستگیرکردنی 21 کەس کرد.

بەگوێرەی سەرچاوەکان دەسەڵاتداران دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن لە دۆسیەکانی پەیوەست بە سامانی گشتی، هاوکات کاردەکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، لەوانەش داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی چەند کەسی تر.

  چاوەڕوانی ئەوە هەیە کە لێکۆڵینەوەکان درێژببنەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن لە ڕێگەی هاوکاری نێودەوڵەتی و وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی کە گومان دەکرێت بە قاچاخ ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرابێت.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە لە میانی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی عێراقدا پشتڕاستی کردەوە کە هەڵمەتەکە نوێنەرایەتی قۆناغی یەکەم دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا. بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنەوەی سامانی گشتی و دەستەکانی چاودێری بۆ  وەرگرتنی هەر ڕاپۆرتێک بۆ ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی گەندەڵی یان کەمتەرخەمی ڕاسپارد.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی شیعە ستایشی هەڵمەتەکەی کرد و بە "هەڵمەتێکی قارەمانانەی چاکسازی" وەسفی کرد. داوای کرد دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندانێکی هێمنانە ئەنجام بدرێت بۆ پشتیوانیکردن لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت و بە گەڕانەوەی هیوا بۆ عێراقییەکانی وەسفکرد دوای چەندین ساڵ لە گەندەڵی بەربڵاو.