شارپرێس:
میدیاکانی ئەمریکا باس لەوەدەکەن، ململانێو جیاوازیی بۆچون لەنێوان جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکاو مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەدا سەریهەڵداوە سەبارەت بەچۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، ڤانس سەرکردایەتی ڕێڕەوێکی دیپلۆماسی نەرمتر دەکات بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنو سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی نەوت پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس، لەکاتێکدا ڕۆبیۆ لایەنگری هەڵوێستێکی توندترو زیاتر هاوسۆز لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.
دۆسیەی ناکۆکییەکە بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیران دەگەڕێتەوە کە ڤانسو جارید کۆشنەر لەگەڵ ئێراندا سازیانکردوە، بەڵام ڕۆبیۆو بەرپرسانی هەواڵگریی گومانیان لەگرنگییەکەی هەبوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی ئەتۆمی گشتگیر.
دۆخەکە بەهۆی بونی سێ ڕێڕەوی جیاوازی دانوستان ئاڵۆز بوە؛ یەکەمیان یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکاو ئێرانە، دوەمیان ڕێککەوتنی ڤانسە لەگەڵ ئێران لەسویسراو سێیەمیشیان چوارچێوەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیلو لوبنانە کە ڕۆبیۆ سەرپەرشتیی کردوە.
تێکەڵبونی ئەم دۆسیانە بوهتە هۆی سەرلێشێواوی دانوستانکارانی ئیسرائیلیو لوبنانی لەسەر ئەوەی کام ڕێڕەوە نوێنەرایەتیی سیاسەتی فەرمیی واشنتۆن دەکات.
خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە پەیوەستە بەکشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەلوبنان، بەشێوەیەک یاداشتەکەی ڤانس مەرجی کشانەوەی دەستبەجێی تێدایە، بەڵام ڕێککەوتنی ڕۆبیۆ کشانەوەکە بەقۆناغ دەکاتو دەیبەستێتەوە بەچەککردنی حزبوڵڵاوە.
حزبوڵڵا ڕێککەوتنی ڕۆبیۆی ڕەتکردوهتەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکی جەختدەکەنەوە، هیچ دژایەتییەک لەنێوان هەردوو دەقەکەدا نییەو تەنها لەشێوازی لێکدانەوەدایە.
سەرەڕای ئەم جیاوازییانە، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن، ڤانسو ڕۆبیۆ هاوشێوەی ئامرازەکانی چەقۆیەکی سویسرینو پێکەوە کاردەکەن، ترەمپ خۆی بڕیار دەدات کەی کامەیان بەکاربهێنێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتیو دواجار هەڵوێستی ئێران دیاریدەکات کە شەڕ دەبێت یاخود ئاشتیی.
