لەخلیسکانی سەر بەفرەوە بۆ سەنگەری شەڕ؛ بۆچى دانوستانى سوریاو ئیسرائیل ڕاگیرا؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2357 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆشکی سپی ئاشکرایده‌كات، سەرەڕای بەڕێوەچونی دانوستانە نهێنییەکان‌و گەیشتن بەلێکتێگەیشتنی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ئابوریی‌و گەشتیاریی هاوبەش لەسەر چیای شێخ (جبل شیخ)، بەڵام پێشكه‌وتن له‌په‌یوەندیی نێوان دیمەشق‌و تەلئەبیب بەر لەهەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەم بەتەواوی پەکیانکەوتوە؛ چاودێرانبش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەم بنبەستە سیاسییەش ڕاستەوخۆ بەهۆی پێداگریی حکومەتی نوێی سوریایە بۆ پاشەکشەکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچە بێلایەنەی کە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د چونەتە ناوی‌و پێشێلی ڕێککەوتننامەی سەربازیی ساڵی 1974یان کردوە.



حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندوە، هیوای پێشکەوتن لەڕێڕەوی ئاساییبونەوەی په‌یوەندییەکانی نێوان سوریاو ئیسرائیل بەر لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئیسرائیل لەمانگی تشرینی یەکەمدا زۆر کەمە، هۆکاری سەرەکیی ئەم بەربەستەشى بۆ ناکۆکیی قورسی نێوان هەردولا لەسەر پاشەکشەی سوپای ئیسرائیل لەناوچەكانى سوریا گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌.

ئەم کێشەیەی نێوان حکومەتی سوریاو ئیسرائیل لەکۆتاییەکانی ساڵی 2024و دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌شار ئەسەد دەستیپێکرد، لەوکاتەدا سوپای ئیسرائیل چوە ناو قوڵایی خاکی سوریاو بنکەی سەربازیی لێ جێگیرکرد، دیمەشقیش ئەو هەنگاوەی بەپێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ساڵی 1974ی نێوانیان دانا.

ناکۆکی لەسەر پاشەکشە لەناوچەی دابڕاو
ڕۆژنامەی "جێروزالەم پۆست"ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردوە، داواکاری سەرەکیی حکومەتی سوریا لەدانوستانەکاندا، پاشەکشەکردنی ئیسرائیلە لەو ناوچە دابڕاوەی دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو چونەتە ناوی، بەرپرسانی ئەمریکا-ش پێیانوایە، ئەم مەرجە گەیشتن بەڕێککەوتن بەر لەمانگی تشرینی یەکەم ئەستەم دەکات؛ چونکە پێشبینیدەکەن، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەر لەهەڵبژاردنەکان لەگەڵ هیچ جۆرە پاشەکشەیەکدا نەبێت.

ئەم ناوچە بێلایەنە لەساڵی 1974و دوای شەڕی تشرینی 1973 به‌گوێره‌ى ڕێککەوتننامەی نێوان سوریاو ئیسرائیل دروستکرا، کە هێزەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان سەرپەرشتیدەکەن، دوای نەمانی ڕژێمی ئەسەد، ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێناکرێت، چونکە سوریا توانای پاراستنی بەڵێنەکانی نەماوە، سوپای ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لەدروستبونی بۆشایی ئەمنیی، چونە ناو چەند بەشێکی ستراتیژیی ناوچەکەو ڕایانگەیاند، هێزەکانیان بەکاتیی لەوێ دەمێننەوە، لەبەرامبەریشدا، حکومەته‌كه‌ى شه‌رع‌و لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش جەختیانكرده‌وه‌، ڕێککەوتنی ساڵى 1974 لەڕوی یاساییەوە هێشتا کاری پێدەکرێت‌و دەبێت ئیسرائیل بکشێتەوە.

ئەم ڕێککەوتنە لە 31ی ئایاری 1974 واژۆکرا کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی تشرینی یەکەمی 1973 (شەڕی ئۆکتۆبەر) بوو، بەسەرپەرشتی‌و ناوبژیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا (بەتایبەت هێنری کیسنجەر، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا) ئەنجامدرا، به‌گوێره‌ى ئەو بەڵگەنامەیە، هێزەکانی هەردوو وڵات لەهێڵەکانی پێشەوەی شەڕ کشانەوەو هێڵێکی سنوریی نوێ دیاریکرا، لەنێوان هێزی هەردوو وڵاتدا، ناوچەیەکی دابڕاو دروستکرا کە هیچکام لەسوپای سوریاو ئیسرائیل مافی چونە ناوى ئه‌و شوێنه‌یان نه‌بوو، به‌ڵكو هێزێکی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان (کە بەهێزەکانی ئۆندۆف ناسراون) لەوکاتەوە تائێستا لەناو ئەو هێڵە بێلایەنەدا جێگیرکراون بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە، به‌ڵام لەدوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لەکۆتایی ساڵی 2024، ئیسرائیل دەڵێت، ئەو ڕێککەوتنە کۆتاییهاتوەو سوپاکەی ناردوەتە ناو کێڵگەو بەشەکانی ئەو ناوچەیه‌وه‌، بەڵام حکومەتی سوریا پێداگریی دەکات کە دەبێت ئیسرائیل پابەندی ڕێککەوتنه‌كه‌ بێت‌و بکشێتەوە.

گفتوگۆکان بەناوبژیوانیی ئەمریکا
لەماوەی ساڵی ڕابردودا، چەندین کۆبونەوە لەنێوان ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریاو ڕۆن دێرمەر وەزیری پێشوی کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل لەگەڵ یەحیێل لیتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لەئەمریکا بەڕێوەچوە، به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، دواین کۆبونەوەی نێوان شەیبانی‌و باڵیۆزی ئیسرائیل پێشکەوتنی باشی بەخۆوە بینیوە، تەنانەت باسی پڕۆژەی ئابوریی وەک دروستکردنی ناوچەیەکی گەشتیاریی هاوبەشی خلیسکانی سەر بەفر لەسەر چیای شێخ بەبەشداریی پێکهاتەی دروزەکان لەهەردولایەنی سوریاو ئیسرائیل کراوە.

هاوکات ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل لەسەردانێکیدا بۆ ڕۆمانیا ڕایگەیاندبوو، ئەوان دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سوریا هەڵبدەنەوەو ئاشتیی پێکبهێنن، لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەهەفتەکانی ڕابردودا بیرۆکەی ئەوەیخستوەتەڕوو، سوریا ده‌بێت ڕۆڵی هەبێت لەداماڵینی چەکی حزبوڵڵا لەلوبنان، بەڵام ئەو پێشنیازە لەلایەن سوریا، ئیسرائیل‌و لوبنانەوە ڕەتکراوەتەوە.