پشکنینی توندی ئۆتۆمبێلە حکومییەکان ده‌ستیپێكردو ڕێگریی لەقاچاخچێتی پارەو بەڵگەنامە فەرمییەکان دەکرێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، دەزگا تایبەتەکان فەرمانی توندیان پێگەیشتوە بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلە حکومییەکان‌و پشکنینی زۆر وردیان، بەتایبەتی لەسەر ڕێگه‌ سەرەکییەکان‌و هێڵە بەستەرەوەکانی نێوان پارێزگاکانی ناوەڕاست، هه‌رێمى كوردستان‌و باشور.


ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندوه‌، ئەم ڕێکارانە بەکرداری چونەتە بواری جێبەجێکردنەوەو ئۆتۆمبێلە فەرمییەکانی نێوان پارێزگاکان دەگرێتەوە، بەئامانجی سەرەوژورکردن‌و شکستپێهێنانی هەر هەوڵێک بۆ قاچاخکردنی پارە، بەڵگەنامە، یان هەر دارایی‌و مۆڵکێکی دیكه‌ کە په‌یوەندیی بەو دۆسیانەوە هەبێت کە ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدادەکرێت.

ئەم هەنگاوە مەیدانییە هاوکاتە لەگەڵ کەمپینێکی بەرفراوان‌و ڕوو لەزیادبونی دژە گەندەڵی کە حکومەت بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دەستیپێکردو بەرپرسان، ئەندامانی پەرلەمان‌و بازرگانانی گرتوەتەوە.

عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران ئەم هەنگاوەی بە"قۆناغی یەکەم" لەڕێڕەوێکی بەرفراوانتر بۆ گەڕاندنەوەی پارەی گشتی داناو فەرمانی بەدەزگا چاودێرییەکان کردوە کە لەئامادەباشیی تەواودابن بۆ وەرگرتنی هەر زانیاریی‌و نیشانەیەک کە په‌یوەندیی بەدۆسیەکانی گەندەڵی یان کەمتەرخەمیی دامەزراوەییەوە هەبێت.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، ناوەندی ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ هۆشداریدا لەکەمپینە چەواشەکارییەکان کە دەیانەوێت بێهیوایی بڵاوبکەنەوە لەڕێگەی ئەو بانگەشەیەی کە گوایە هەوڵەکانی دژە گەندەڵی دەوەستن یان ناگەنە "سەرکردە گەورەکان"و ئەم هەوڵانەی بەکۆششێک دانا بۆ لەرزاندنی متمانەی گشتیی بەڕێکارە حکومی‌و دادوەرییە بەردەوامەکان.

بەپەلە