شارپرێس:
سەرۆکی دەستەی باڵای ڕاگەیاندنو پهیوەندییەکانی عێراق بەفەرمی ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارە یاساییو كارگێڕییهكان بۆ کۆتاییهێنان بەمەلەفی کۆمپانیای پهیوەندییەکانی "کۆڕەک تیلیکۆم" تەواوبونو لەئێستادا دەستەکەیان کاردەکات بۆ ئامادەکردنی زەمینەی گونجاو تا کۆمپانیایەکی نوێی نیشتمانی بهێنێتە ناو بازاڕی پهیوەندییەکانی وڵاتەوە بەمەبەستی بەهێزکردنی کێبڕکێو پاراستنی مافەکانی دەوڵەت.
بەلیغ ئەبو کلەل سەرۆکی دەستەی باڵای ڕاگەیاندنو پهیوەندییەکانی عێراق لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لەکردنەوەی لوتکەی پهیوەندییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری کۆتاییهێنان بەمەلەفی کۆڕەک بهگوێرهى یاساو بڕیارە بەرکارەکان جێبەجێکراوە، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی گشتییو مافەکانی دەوڵەت بپارێزێتو متمانە بۆ کەرتی پهیوەندییەکانو بازاڕی عێراقی بگەڕێنێتەوە.
زانیاری زیاتری خستەڕوو کە دەستەکەیان لەگۆشەنیگایەکی فراوانترەوە دەڕوانێتە داهاتوی ئەم کەرتە، وهكو وتى، کاردەکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی پێدانی مۆڵەت بەکۆمپانیای "ئەسەلام" تا وەک هێڵێکی نوێی پهیوەندیی کاربکات.
جەختیشیکردەوە، کەرتی پهیوەندییەکان تەنها گواستنەوەی دەنگو زانیاری نییە، بەڵکو بوەتە بەشێک لەژێرخانی سەروەریی وڵاتانو کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ گەشەپێدانی ئابوریی ژمارەییو حکومەتی ئەلیکترۆنی، چونکە ڕاستەوخۆ بەکەرتەکانی فێرکاری، تەندروستی، بازرگانی، ئاسایشو وزەوە بەستراوەتەوە.
ڕونیکردەوە، پێوەرە ڕاستەقینەکەی سەرکەوتن بریتییە لەگەیاندنی خزمەتگوزاریی باش بەهاوڵاتیانو قۆناغی ئێستا پێویستی بەچڕکردنەوەی هەوڵەکان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی جۆری خزمەتگوزارییەکانو فراوانکردنی هێڵەکانی پهیوەندیی لەسەرجەم پارێزگاکاندا.
ئهوهشى وت، "دەستەی ڕاگەیاندنو پهیوەندییەکان لایەنگریی هیچ کۆمپانیایەک ناکات لەسەر حیسابی کۆمپانیایەکی دیكه، بەڵکو تەنها کار بۆ پاراستنی یاساکانی کێبڕکێی دادپەروەرانە دەکات، عێراق بەردەوامە لەتەواوکردنی ڕێکارەکان بۆ هێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای پهیوەندیی جیهانی بۆ ناو بازاڕی ناوخۆییو لەئێستادا لەگەڵ لایەنە پهیوەندیدارەکاندا کاردەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕاگەیاندنی نەوەی پێنجەم (5G) کە کلیلێکی سەرەکییە بۆ بونیادنانی شارە پێشکەوتوەکانی پشتبەستوو بەئینتەرنێتو بەرنامە دیجیتاڵییەکان.
دەستەی ڕاگەیاندنو پهیوەندییەکان لەسەرەتای ساڵی 2025وە ڕێکارەکانی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم توندتر کردبوەوە؛ بەجۆرێک کە بەهۆی کێشە یاساییو گرێبەستییەکانەوە، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی لەسەر ئەو کۆمپانیایە بڕی، ئەم هەنگاوەش لەوکاتەدا ناڕەزایی توندی بەشداربوانی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا چونکە زیانی زۆری بەبەکارهێنەرانی ئەو هێڵە گەیاند.
