شارپرێس:
لەدەوحەی پایتەختی قەتەر، دانوستانی تەکنیکیی
ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێرانو ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بەناوبژیوانی قەتەرو
پاکستان دەستیپێکرد، هاوکات لەگەڵ کۆبونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ئێران، قەتەرو
پاکستان بۆ پێداچونەوە بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنە کاتییەکەی کە لە 17ی حوزەیراندا
واژۆکراوە، ئەم دانوستانانە لەکاتێکدادێن کە لێدوانەکانی ئەمریکا باس لەپێشکەوتن لەڕێڕەوی
ئەتۆمی ئێراندا دەکەنو داواکارییەکانی ئێرانیش بۆ ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانیان
هەیە، ئەمەش دۆسیەی پارەکان دەکاتە تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ ڕادەی خۆڕاگریی
لێکتێگەیشتنەکە.
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەتۆنێکی گەشبینانەوە
کۆمێنتی لەسەر دانوستانەکانی دەوحە داو وتی، "کۆبونەوەیەکی نایابمان لەگەڵ لایەنی
ئێرانی ئەنجامدا، بەردەوامە لەڕێڕەوی داماڵینی چەکی ئەتۆمی ئێران".
سەرەڕای ئەوەش، ترهمپ ئاماژە بەکاریگەریی
فشاری سەربازیی دەکاتو دەڵێت، "هەفتەی ڕابردوو گورزی بەهێزمان ئاڕاستەی ئێران
کرد"، بەڵام لەهەمانکاتدا ئاماژەی بەوەدا کە "ئێران بڕبڕەیەکی گەورەی بڕیوە
(هەنگاوێکی گەورەی ناوە) سەبارەت بەڕێککەوتنەکە".
لەلایەکی دیکەوە، تۆنی ئێرانی، سەرەڕای ڕێڕەوی
دانوستاندنەکە، خاڵی نەبوو لەپەرەسەندنو هەڕەشە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەى ئێران
جەختیکردەوە، "یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ڕونەو لەبەردەستی هەمواندایەو سەرۆکی ئەمریکا
پابەند دەکات بەوەی هاوپەیمانەکانی لەتەلئەبیب لێبخوڕێت (کۆنترۆڵیان بکات)"،
هۆشداریشیدا کە هەر "هەڕەشەیەک گەلو سەرکردایەتیمان بکاتە ئامانج، بەوەڵامێکی
دەستبەجێو یەکلاکەرەوە بەرپەرچی دەدەینەوە".
لەو ناوەندەشدا، کۆبونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان
ئێران، قەتەرو پاکستان لەدەوحە بەڕێوەچوو بۆ پێداچونەوە بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنە
کاتییەکە، لەکاتێکدا سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندوە کە "بەرپرسانی ئەمریکیو
ئێرانی ڕۆژی چوارشەممە لەدەوحە، لەڕێگەی ناوبژیوانانی قەتەریو پاکستانییەوە،
دانوستانی تەکنیکیی ناڕاستەوخۆ ئەنجامدەدەن".
ئەم دانوستانانە پشت بەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە
دەبەستن کە لە17ى حوزەیراندا واژۆکراوە، کە بریتیبوو لەڕاگرتنی شەڕ لەسەر بەرە جیاوازەکان،
سەرلەنوێ کردنەوەی گەروی هورمز، لادانی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێرانو
ئازادکردنی بەشێک لەداراییە بلۆککراوەکانی تاران، وەک زەمینەسازییەک بۆ ڕێککەوتنی
کۆتایی لەماوەی 60 ڕۆژدا کە شیاوی جێبەجێکردن بێت.
لای خۆیەوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی
ئێران ڕایگەیاند، تاران دەست بەدانوستانەکانی ڕێککەوتنی کۆتایی ناکات پێش جێبەجێکردنی
بەندەکانی (1، 4، 5، 10و 11)ی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتوەکانی
ئەمریکا.
سەرەڕای قسەکردن لەسەر پێشکەوتنی دیپلۆماسی،
پاره بلۆککراوەکانی ئێران وەک هەستیارترین گرێکوێرە دەردەکەون، لهو ڕوهشهوه وەزارەتی
دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوە، کۆبونەوەکەی دەوحە تیشکدەخاتەسەر ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی
ئێران، لەکاتێکدا ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختیکردەوە، وهفدى ئێرانی
"هیچ کۆبونەوەیەکی دانوستاندن لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەر هیچ
ئاستێک" لەمڕوەوە ئەنجامنادات.
بهگوێرهى زانیارییە بەردەستەکان، ئێران
داوای ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار دەکات لەدوو قۆناغدا لەماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا، کە بەشهش
ملیار دۆلاری سپێردراو لەبانکەکانی قەتەردا دەستپێدەکات، لەبەرامبەردا، ماجد ئەنساری
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، گواستنەوەی ئەم پارانەی بەستەوە بەگەشەسەندنی
دانوستانەکانی نێوان هەردولایەنی ئەمریکیو ئێرانی.
